خەبات – مەریوان نەقشبەندی
گرێتا ڤان ستێرن یەكێك لە بەناوبانگترین رۆژنامەنووسانی ئەمەریكا و جیهان لەسەر گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی داعش و رۆڵی كورد لە ناوچەكەدا بۆ خەبات دەدوێت و تەئكید دەكاتەوە كە سەردانی بۆ شاری هەولێر و دواتریش خوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە كۆمەڵێك پێشبینی و بڕوای لا دروستكردووە كە كورد فاكتەری بەهێزی ئاشتییە لە ناوچەكەدا و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە خەونەكانی كورد بڕوانێت.
خاتو گرێتا كە یەكێكە لە بەتواناترین و دیارترن رۆژنامەنووسەكان كە چەندین بەرنامەی لە كەناڵە جیهانییەكانی وەك سی ئێن ئێن، فۆكس نیوز، سی بی ئێس، هەبووە و سەرۆكەكانی 25ساڵی رابردووی ئەمەریكای لە بەرنامەكانی دواندووە لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات ئاماژەی بۆ ڕاهاتنی كورد لەگەڵ كێشەكانی ناوچەكە كرد و گوتی: ئەو نەهامەتی و جینۆسایدەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە گەلانی ناوچەكە لەبەردەم تەنگەژە سیاسی و ئابوورییەكاندا خۆڕاگربێت و من لە ساڵی 2014 لە هەولێر بە دیداری سەرۆك بارزانی گەیشتم و قسەكانی ئێجگار ئومێدبەخشبوون بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەی من بۆ قسەكانی سەرۆك بارزانی و ئەو مامەڵە مرۆڤانەی كە حكوومەت و خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئەو هەموو ئاوارە مەسیحی و ئێزیدی و موسڵمانەی عێراق و سووریا و ناوچەكە دەیكەن وادەكات بگەمە ئەو قەناعەتەی كە دەوڵەتی كوردی لە ئایندەدا تەنها خواستی گەلی كورد نەبێت، بەڵكو گەلانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەزەروورەتی بزانن لەپێناو گەڕانەوەی سەقامگیریی و لەناوبردنی توندرۆیی لەناوچەكەدا.
خاتو گرێتا بەشانازییەوە باسی پێشمەرگە و قارەمانێتی پێشمەرگەی لە شەڕی دژ بە داعشدا كرد و گوتی: ئێستا پێشمەرگە هێمای ئازایەتییە و رەنگە هۆڵیود چیڕۆكەكانی سەركەوتنی پێشمەرگە بكەنە چەندین بەرهەمی گرنگ.
سهرهتا چاوپێكهوتن گرێتا ڤان ستێرن بۆ خەبات: دەوڵەتی كوردستان لە ئایندەدا دەبێتە خواستی كۆمەڵگەی...










