بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە كێشەی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پارەی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكە، ڕۆژی دووشەممە 2019/5/20 د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.
خەبات – بڕیار كۆیی
پارەی بەرهەم و بەروبومی كشتوكاڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە ماوەی سێ ساڵە لەلایەن بەغداوە راگیراوەو نەدراوەتەوە بە خاوەنی ئەو دەغڵودانەی لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بەرهەمەكانیان لێ وەرگیراوە، پرسێكی گەرمی نێو میداكانی كوردستانە و جووتیارانیشی نیگەران كردووە.
هاوكات سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نیگەریانییەكی دیكەی لەلایەن جووتیارانەوە درووست كردووە و بەپێی دوایین بڕیاریش حكوومەتی عیراقی بەنیازە بۆ ئەمساڵ تەنها 30%ی بەرهەمی جوتیارانی كوردستان وەربگرێت، لەبەرانبەریشدا 100%ی بەرهەمی جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق لەلایەن سایلۆكانی حكوومەتی عیراقی و وەزارەتی بازرگانیەوە وەردەگیرێت، كە ئەوەیش دیسان بەزەرەر و زیانی جووتیارانی كوردستان تەواو دەبێت.
تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ دەزگاكانی میدیا دەڵێت: ئەو بڕیارەی حكوومەتی عیراقی بە وەرگرتنی تەنها 30%ی بەرهەی جوتیارانی كوردستان دەبێتە هۆی زیانێكی زۆر بۆ جووتیاران و بەپێی ئەم بڕیارە بێت 70%ی بەرهەمی ئەمساڵیان بەفیرۆ دەچێت، چونكە هیچ رێگەیەكی دیكە نییە بۆ ساغكردنەوەی ئەو گەنجم و جۆیەی بەرهەم هاتووە.
كۆی ئەم پرسانەی تایبەتن بە پارەی گەنم و جۆی جووتیاران و وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵیان لەلایەن حكوومەتی عیراقی و سووتاندنی دەغڵودانی ئەو جووتیارە كوردانەی زەویوزارەكەیان دەكەوێتە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پرس و باسی گەرمی نێو جووتیارانە بەتایبەتی و هاووڵاتیان و بەرپرسانی كورد لە بەغدا و لە هەولێر بەگشتی.
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ(خەبات) سەبارەت بە ناوەڕۆك و كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە كۆبوونەوەكە لەمەڕ هەندێ پرسی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و گەیاندنی چەند داوایەك بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، گوتیشی: یەكێك لەو بابەتانە كە لە كۆبوونەوەكەدا باس كرا بریتی بوو لە كێشەكانی كەركووك و دەورووبەری و ناوچەكانی سەرگەڕان و پەلكانە و گوند و دێهاتەكانی سنوورەكە، كە كێشەی زەوی و زار و هاوردەكردنی هاووڵاتی عەرەب و هەوڵدان بۆ دەركردنی هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانەیان هەیە، داوام لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە بەزووترین كات كە حكوومەتی عێراق بێتە ناو بابەتەكە و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی خێزانە كوردەكان بۆ ئەوەی پێشیش لەوە بگیرێ كە ئاژاوەی گەورەی لێبكەوێتەوە”.
حەداد ڕاشیگەیاند كە لەو كۆبوونەوەیەدا بە سەرۆكوەزیرانی عێراقیان ڕاگەیاندووە كەپارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك هەندێك لێپیچینەوەی ئیداریی دەكات، كە پێچەوانەی یاسا و دەستوورن و پێویستە حكوومەت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی ئەو كارانەی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت و سنووری بۆ دابنرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەوە زیاتر توندتر نەبێت.
ڕوونیشیكردەوە كە لەو كۆبوونەوەیەدا بە سەرۆكوەزیرانی عێراقیان ڕاگەیاندووە كە چیدی ناكرێت ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت و دەبێت پارەی شایستە داراییەكانی جووتیاران خەرج بكرێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەڵێنی خەرج كردنی پارەكەی بەمنزیكانە داوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیشیكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بە عادل عەبدولمەهدییان گوتووە كە گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگی هەرێم و بەغدا، تاكە رێگای چارەسەكردنی كێشەكانی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان.
د. بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەشێكی دیكە كۆبوونەوەكە سەبارەت بە دۆخ و گوزەرانی ئەو ئاوارانە بووە كە لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر ماڵەكانیان جێهێشتووە، لەمیانەدا داوا كراوە كە 150 هەزار خێزانی كورد كە لە ئێستادا ماڵەكانیان جێهێشتووە بۆ ناوچەكانیان بگەڕێندرێنەوە.
هەر سەبارەت بەپرسی زەویوزار و نوێنەرانی بەشێك لە جووتیارانی مەخموور بەیاوەری ژمارەیەك لە پارێزەرانی خۆبەخش سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و مەترسیی سووتاندنی بەروبوومی جووتیارانی سنوورەكە دەخەنەڕوو، نوێنەری پارێزەران، گۆران دیبەگەیی رایگەیاند، تەنها لە چەند رۆژی رابردوودا، 5040 دۆنم زەوی دەغڵودان لە لایەن داعش و عەرەبە شۆڤینییەكانەوە سووتێندراوە.
بۆ ئەم مەبەستەو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی جووتیاران و مەترسییە ئەمنییەكان داوای رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ سنووری مەخموور دەكرێت و دوێنێش دووشەممە ژمارەیەك لە نوێنەرانی جووتیاران و پارێزەران بە مەبەستی خستنەڕووی داواكارییەكانییان سەردانی پەرلەمانی كوردستانییان كرد و لەگەڵ لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كۆبوونەوە و یاداشتێكییان لەبارەی مەترسییەكانی داعش و سووتاندنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی ناوچەكە دایە لێژنەكە بۆ ئەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستانی بەرزبكەنەوە.
لەوبارەیەوە پارێزەر گۆران دیبەگەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا بە دەزگاكانی میدیای راگەیاند: لەگەڵ لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم یاداشتێكمان پێشكەشكردن سەبارەت بە مەترسییەكان لە سنووری قەزای مەخموور و دەورووبەری كە بەداخەوە ماوەیەكە رووبەڕووی هەڕەشەی چەكدارانی داعش و عەرەبە شۆڤینییەكانیشی لەسەرە، لەو یاداشتە ئەوەمان روونكردووەتەوە كە پێویستە رێگری بكەن لە روودانی كارەساتی گەورە”.
هەروەها گوتیشی: “تەنها لە چەند رۆژی رابردوو بە هۆی هەڕەشەكانی داعش و عەرەبە شۆڤینییەكان لە سنووری عەلی رەش لە ناحیەی قەراج، گوندی گۆزەبانكەی سەر بە دیبەگە و گوندی سێبیران لە ناحیەی سەرگەڕان 504 دۆنم زەوی كشتوكاڵی ئاگری تێبەربووە و جووتیاران زەرەرمەندبوون، بۆیە بە لێژنەكەمان راگەیاندووە كە پێویستییمان بەهێزی ئەمنی و ئاگرگوژێنەوەی زیاترە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، جوان رۆژبەیانی لەوبارەیەوە دوای وەرگرتنی یاداشتەكە و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو شاندە بە دەزگاكانی راگەیاندنی گوت: ئەو دەغڵودانەی ئێستا لە مەخموور دێتە سووتاندن دەبێت بەزووترین كات رابگیرێت كە لە لایەن داعش و عەرەبە شۆڤێنییەكانەوە دەكرێن، ئێمە دیراسەی یاداشتەكە دەكەین، پارەی سێ ساڵی دەغڵودانی جووتیارانی مەخموور لە لای حكوومەتی عێراقە و پارەكەیان پێ نەدراوە، ئێستاش ئەوە بەو شێوەیە دەغڵودان دەسووتێنرێت و ئەو جووتیارانە زەرەر دەكەن و ئەمەش نابێت بەردەوام بێت”.










