دكتۆر سامان سۆرانی
مرۆڤی ڕۆشنبیر ئەو مرۆڤە سەر ڕاستەیە، كە لە سەر ڕێگایەكی ڕەوا و گونجاو دەڕوات، بۆ ئەوەی هەست بەو ڕێگەیە بكات، پێویستە لەسەری باوەڕی بەو بەها بەرزانە بێت، كە نیشتمان و كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەپارێزن. ڕۆشنبیر خاوەنی ویژدانێكی وریایە، قبوڵ ناكات سووكایەتی و ستەمكاری دژ بە خۆی و بە گەل و نیشتمانەكەی بكرێت. بۆیە هەر كەسێ هەوڵ بدات پەروەردەكراو و سەر ڕاست بێت، ئەوا ئەو كەسە بە دڵنیاییەوە ڕۆشنبیرە.
زۆربەی زانایانی بوارەكانی كۆمەڵناسی و زمان جەخت لەسەر ڕاستییەكی گرینگ دەكەن، كەوا “هەموو خوێندەوارێك ڕۆشنبیر نیە، بەڵام گومانیان لەوە نیە، كەوا هەموو ڕۆشنبیرێك خوێندەوارە”.
ڕێزدار نیچیرڤان بارزانی، كە لە لایەن دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان بە كەسایەتییەكی سەركەوتوو و بە مرۆڤێكی خاوەن ئەتەكێت و بە دیپلۆماتكارێكی پڕ ئەزموون و نەرم ڕەفتار و خاوەن بڕیاری درووست دەبینرێت، زۆر دەمێكە ئەوەی بۆ جیهانی ناوخۆ و دەرەوە سەلماندووە، كەوا ئەو وەكو سیاسەتمەدارێكی سەركەوتوو لە ڕیزی پێشەوەی ڕۆشنبیرانە. بۆیە ڕەخنەی كوێرانەی هەندێ لە خوێندەوارە ناڕۆشنبیرەكان نابنە مایەی لەكەداركردنی پێگە و توانای ئەو كەسایەتییە كوردستانییە.
خوێندەواری ناڕۆشنبیر، كە بێ بنەما و دەماگیرانە پەنجە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی درێژ دەكات، لای شاراوەیە، كەوا دەستەواژەی ڕۆشنبیر لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەیی ناوەڕۆكی جیاجیا لە خۆ دەگرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی دیاریكردنی چەمكی “مرۆڤی ڕۆشنبیر” هەڵگری ناوەڕۆكی جیاواز بێت.
مەرج نیە ڕۆشنبیر هەڵگری بڕوانامەیەكی باڵا بێت، بەڵام گرینگە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە بێت. قۆرخ كردنی چەمكی ڕۆشنبیر لە ناو چینێكی دیاریكراو یان سنوورداركردنی گرێدانی ئەم چەمكە بە بەرهەمێكی زانستی دیاریكراوەوە، یان بە هونەر و كارامەییەكەوە كەوا تەنها دەستەبژێرێكی دیاریكراو ئەنجامی دەدات، جۆرێكە لە پەراوێز خستنی ئەو چەمكە. بۆیە پێویستە سەر لە نوێ و بە شێوەیەكی گشتگیرتر و فراوانتر خوێندنەوە بۆ چەمكی ڕۆشنبیری بكرێت و دووبارە رۆڵی ڕۆشنبیر بە شێوەیەكی وردتر پێناسە بكرێت. كەواتە ڕۆشنبیر ئەو كەسەیە، كە بە ئاستێكی بەرز و پڕ بەرپرسیارێتی دەڕوانێتە فەرهەنگی كۆمەڵگاكەی خۆی و لێی تێ دەگات. لە ڕێگەی ئەو لێتێگەیشتنە دەتوانێت كارایانە پشكدار بێت لە قووڵتركردنی خاڵە ئەرێنییەكان و دەوروبەرەكەی هان بدات بۆ بونیادنانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و درووستكرنی ژینگەیەكی تەندروست، تا ئەوەی ئەو كۆمەڵگایە دەگاتە ئاستێكی بەرزی پێشكەوتن و پڕ دەبێت لە بەهای مرۆیی. لە كۆتاییدا بڵاوكردنەوەی ئەو بەها مرۆییانە پێی دەووترێت شارستانییەت.
سەرجەم ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە و ئەو ئاكارە پڕ ئەتەكێتانە لە كەسایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەدی دەكرێن. ئەو بە كەسێك ناسراوە، كە خۆشەویستییەكی زۆری بۆ زانست و مەعریفە هەیە و بێوچان هەوڵ دەدات لە پێناو زیاتركردنی زانیاری خودی و فراوانتركردنی ئاسۆی هزریی و بەردەوام بە هزرێكی تیژ دەڕوانێتە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ژینگەی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی و بە لێكدانەوەی ژیرانە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كار بۆ ئاراستەكردنی كەشتی هەرێم دەكات، تا لە كەنارێكی ئارام لەنگەر بگرێت. هەروەها بێ وچان كار دەكات، تا كۆمەڵگای كوردستانی خاوەنی ئاسایش و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی بێت.
پێوەرەكان چین بۆ ئەوەی ئێمە بڵێین كەسێ خوێندەوار یان ڕۆشنبیرە؟
ئایا ڕۆشنبیری تەنها شیعر و چیرۆك و شانۆ و ڕۆمان و هونەرەكانی تر دەگرێتەوە، وەكو ئەوەی وەزارەتێكمان بە ناوی “وەزارەتی ڕۆشنبیری” بۆ تەرخان كردووە، یان ڕۆشنبیری لەوە فراوانترە؟
ئایا لە ڕاستیدا هەموو نووسەر و هونەرمەندەكان ڕۆشنبیرن؟ ئایا شێوەكار و پەیكەرتاش و ئەكتەرێك نیە ڕۆشنبیر نەبێت؟ یان دەكرێ بپرسین، ئایا ڕۆشنبیری پەیوەندی بە ئاستی خوێندنەوە هەیە؟ ئایا دەرچووانی زانكۆكان هەموو ڕۆشنبیرن؟ ئەگەر وەڵامەكە ئەرێ بێت، ڕۆشنبیری لە چ ئاستێكی خوێندن دەست پێدەكات؟
ئەی چۆن ئەو كەسانەی لە ڕێگەی “ڕۆشنبیری زارەكی” یا تەنها لە ڕێگەی “هەستی بیستن” بوون بە ڕۆشنبیر پۆلێن بكەین؟
ئەگەر هەموو ئەكادیمییەك بە زەروورەت ڕۆشنبیر بێت، ئەی ڕۆشنبیر ئەو كەسانەی كە هەڵگری بڕوانامەی میكانیك و كشتوكاڵی و ئاسنگەرین دەگرێتەوە، یان تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە خاوەنی بڕوانامەی زانستە مرۆییەكانن؟ واقیع پێمان دەڵێت، كەوا زۆربەی ڕۆشنبیر و كەسایەتییە لێهاتووەكان هەڵگری بڕوانامەیەكی زانستی و ئەكادیمی نەبوون، نموونە و ناوەكان زۆرن. لێرەدا ئاماژە بە ناوی هەندێ لەو كەسانە دەكەین، كە كۆمەڵگای كوردستانی پێیان ئاشنایە:
لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا، بۆ نموونە جۆرج واشنتۆن، جەیمس مۆنرۆ ، ئەندرۆ جاكسۆن، مرتن ڤان بیۆرن، هاری ترومان. هەروەها سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا وینستۆن چەرچیڵ و شا عەبدوڵڵا ی عەرەبستانی سعودی. نووسەرە ناودارەكانی وەكو ولیام شكسپیر، لیۆ تۆلستۆی، ئێرنیست هێمنگوای گابریەل گارسیا ماركێز، پاولۆ كۆیلۆ، عباس محمود العقاد (تەنها خوێندنی سەرەتایی تەواو كردووە)، سلامە موسی (تەنها خوێندنی ئامادەیی تەواو كردووە)، ئەمانە هەموو بێ بڕوانامەی زانكۆ بوون.
لە كۆتاییدا دەڵێین ڕۆشنبیری ڕەوشت و ڕەفتارێكی شارستانی و مەعریفی بەرزە، كە تاجەگوڵینەی كرداری مرۆڤایەتی لەسەر نراوە و تەنها شتێكە كە دەمێنێتەوە، پاش ئەوەی وانەكانی قوتابخانە لە بیر دەچنەوە. خوێندەواری ناڕۆشنبیر ئەو كەسانەن، كەوا لە ڕێگەی لەكەداركردنی كەسانی تر بوونی خۆیان بسەلمێنن.










