خهبات: رهمزی میرهكانی
جۆرجینیۆ ڤیناڵدۆم، یاریزانی هێڵی ناوەراستی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، هۆكاری درەوشانەوەی خۆی، دوای دابەزینی بە یەدەگی لە گێمی دووەمی یاری تیپەكەی، بەرامبەر یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی، كە بە بردنەوەی سوورپۆشەكانی بە چوار گۆڵی بێ وەڵام كۆتایی هات، ئاشكرا كرد. ئەمەو ڤیناڵدۆم، لە سەرەتای گێمی دووەمی یارییەكە، لە جێگەی ئاندی رۆبرتسۆن، كە تووشی پێكان بوو دابەزی، دوای دابەزینیشی توانی لە ماوەی 122 چركەدا، دوو گۆڵ بۆ تیپەكەی تۆمار بكات، كە گۆڵی دووەم و سێیەمی یارییەكە بوو، بەم ئەنجامەش لیڤەرپوول گەیشتە یاری كۆتایی، بۆ جاری دووەم بەسەر یەكەوە. دوای یارییەكە، ڤیناڵدۆم، لێدوانی بۆ تۆڕی بی تی سپۆرت دا و وتی:”زۆر تووڕە بووم، چونكە راهێنەر منی لەسەر كورسی یەدەگەكان دانابوو، تەنیا ویستم یارمەتی تیپەكەم بدەم، دڵخۆشم بەوەی توانیم دوو گۆڵ تۆمار بكەم”. ئەو یاریزانە هۆڵەندییە وتیشی:”شتێكی باوەڕ پێ نەكراوە، دوای یارییەكەی ئیسپانیا، كە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام بۆ بەرشلۆنە كۆتایی هات، متمانەمان بە خۆمان هەبوو، دەتوانین چوار گۆڵ تۆمار بكەین، خەڵكی لە دەرەوە گومانیان لێمان هەبوو و پێیان وابوو، ناتوانین ئەو كارە بكەین، بەڵام جارێكی دیكە دەرمان خست، هەموو شتێك لە تۆپی پێدا، ئەگەری روودانی هەیە”.










