خهبات: رەمزی میرەكانی
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و ئێستای یۆڤانتس، دڵخۆشی خۆی بەوە دەربڕی، كە جەماوەر داوای لێدەكەن جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ریزەكانی ریال مەدرید، دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا، چووە ریزەكانی بیانكۆنێری. رۆناڵدۆ لە میانی لێدوانی بۆ ماڵپەڕی كالچیۆ میركاتۆی ئیتاڵیدا وتی:” جەماوەری ئیسپانیا مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵدا كردم، منیش ویستم لە پێناویاندا، هەموو هەوڵێكم بخەمە گەڕ، بە چاوپۆشین لەو كێشانەی لەوێ تووشیان بووم، كە هەرگیز لە بیری ناكەم”. هەروەها وتی:”من بە سەربەرزی بەرەو پێشەوە دەڕۆم، ژیانی من كتێبێكی كراوەیە، جەماوەر لە مەدرید منیان خۆش دەوێت، هاندەرانی ریال مەدریدیش دەزانن، من شتی زۆرم پێشكەشی یانەكە كردووە. خەڵكی لەسەر شەقام رامدەگرن و داوام لێدەكەن بگەڕێمەوە ریال مەدرید، پێم دەڵێن ئەوە ماڵی تۆیە، منیش بە بیستنی ئەو قسانە، زۆر دڵخۆش دەبم”. دۆن وتیشی:” لە هەمان كاتیشدا، هەندێ جەماوەر هەن، بەردەوام ئامادەی توانج لێدانن، بۆ نمونە، چاو دەخەنە سەر تەمەن، دەڵێن كۆتایی هاتووە، تەمەنی گەیشتووەتە 33 یان 34 یان 35 ساڵی، پێویستە واز بێنێت، بەڵام دەمەوێت هەمووان سەرسام بكەم”. ئەوەشی وت:”وا دەزانن من لە ژیانمدا هیچ كێشەیەكم نییە، بەهۆی ئەو پارانەی هەمە، هەرگیز نابێت دڵتەنگ بم، چونكە وا دەزانن، پارە هەموو كێشەیەك ناهێلێت، ئەگەر تۆ پارەت هەبێت، ساتی ئەستەم لە ژیانتدا نابینیت”. دۆن لە كۆتاییدا وتی:” چاوەڕێ دەكەن، لێدانێكی سزا لە دەست بدەم، یان لە یارییەكی گرنگدا، بە خراپی یاری بكەم، ئەوە ژیانە و منیش بۆی ئامادەم”.










