خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین
لەگەڕی بیست وپێنجەمینی خولی نایابی عێراق رۆژی 3/5/2019 لەیاریگای نەوت میسان لەبەغدا ، یانەی هەولێر بووە میوانی یانەی نەفت میسان ، لەگەڵ دەستپێكی گێمی یەكەمی یارییەكە یانەی نەفت میسان لەنێو یاریگای خۆیدا بەهەموو شێوەیەك لەناوەراستدا كۆنترۆلی تۆپیان كردبوو، لەبەرانبەردا یانەی هەولێریش متمانەی لەسەر هێرشی پێچەوانە دەكرد، لەخولەكی 28دا یاریزانی نەفتی میسان ویسام سەعدون توانی گۆڵی یەكەم لەدژی یانەی هەولێر تۆمار بكات،تا كۆتایی گێمی یەكەم ئەنجامی یارییەكە بەپێشكەوتنی یانەی نەفت میسان بەسەر یانەی هەولێر بەئەنجامی 1-0 گۆڵ مایەوە و هەولێر بەدۆراوی گێمی یەكەمی بەرێكرد.
گیمی دووەم دەستپێكرد، هەردوو یانە هێرشیان دەبردە سەر گۆڵی یەكتر بۆ زووگۆڵ تۆمار كردن، هەولێر هەوڵی هاوسەنگ كردنی ئەنجامی یارییەكەی دەدا، لەبەرانبەردا نەفتی میسانیش بۆ تۆمار كردنی گۆڵی دووەم هاتبوونە نێو یاریگا، ئەگەرچی یاریزانانی یانەی هەولێر لەرێگەی هێڵی هێرشبەرەكانیان بۆ چەندین جار بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرانبەر خۆیان تاقیكردەوە، بەڵام هەموو هێرشەكانیان بێ سوود وبێ ئامانج بوون، لەدواساتەكانی یارییەكەدا واتە لەخولەكی 90دا یاریزانی یانەی نەفتی میسان سامر بەرغش توانی گۆڵی دووەم و متمانە بۆ تیپەكەی خۆی تۆمار بكات و تیپەكەی بەدوو گۆڵ پێشخست ، بەم سەركەوتنە نەفتی میسان 3 خاڵی یارییەكەی بەشایستەیی لەسەر دەستی یانەی هەولێر دەستەبەر كرد و هاتە پلەی پێنجەمی رێزیەندی خولەكە بەكۆكردنەوەی 38 خاڵ، لەبەرانبەردا یانەی هەولێر بەم دۆراندنە دوای كۆكردنەوەی 28 خاڵ لەپلەی سێزدەهەمدا دەبیندرێت.
جێی ئاماژە بۆكردنە یانەی هەولێر لەدوای بردنەوەی لەگەڵ زەورا تائێستا ئەم یانەیە هیچ بردنەوەیەكی لەناو یاریگاو دەرەوەی یاریگای خۆی تۆمار نەكردووە، واتە 540 خولەكە یانەی هەولێر نەیبردۆتەوە.









