دەنگۆی هەماهەنگی و هاوبەشیی ئەمەریكا لەگەڵ سعوودیە لەبواری وزەی ئەتۆمدا دوای كوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی جەمال خاشقچی لە كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ، رەخنەی زۆری لێگیرا و ئێستاش دەنگۆیەكی دیكە لەبارەی ئەو هاوبەشییەوە بڵاوبووەتەوە. بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی Daily Beast وەزارەتی وزەی ئەمەریكا مۆڵەتی داوە بە هەندێك لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، بۆ فرۆشتنی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی بە سعوودیە. لەهەواڵەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمەریكا وەڵامی پرسیاری Daily Beastیان نەداوەتەوە.
دەنگۆی فرۆشتنی پیتێنەری ئەتۆمی بە سعوودیە كە بانگەشە دەكرێت لەلایەن گرووپێك لە بەرپرسانی خانەنشینی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، كە یەكێك لەوان راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ماكڵ فلینە، بڵاوكراوەتەوە و بەوپێیە بڕیارە 40 بنكەی ئەتۆمی لە سعوودیە بنیاتبنرێت، بەڵام لەئێستادا پلانەكە بەو جۆرەیە كە بە دوو بنكەی ئەتۆمی دەستپێبكەن.










