خهبات: زانكۆ جاف
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە گەرمترین ناوچەی كێشەیە، ئێستا بە دۆخێكدا تێدەپەڕێ لە هەموو سەردەمێكی تر كێشمەكێشی زۆرترە و ململانێكان لە نێوان پاوانخوازیی ئێران، سەپاندنی زلهێزیی توركیا و هەوڵی ركابەریی سعوودیە، گەیشتووەتە لووتكە و ئەمەریكاش لەو ناوەندەدا یاریی بە شەڕەكەیان دەكات و نایەوێ هیچیان بڕووخێن و هیچیشیان ببێتە زلهێزی باڵا.
دكتۆر حوسێن ئیبیش توێژەر لە پەیمانگەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە واشنتن، پێیوایە ئەمەریكا درەنگ بە پیلانەكانی ئێران و توركیای زانیوە، بە تایبەتی توركیا و لە ڕاپۆرتێكدا كە بۆ ئاژانسی “بلۆمبێرگ”ی ئەمەریكی نووسیوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، نەخشەی ناوچەكە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەسەر دوو سەنگەردا دابەش بووە: هاوپەیمانییەكی پاڵپشتی ئێران، لەگەڵ گرووپێكی لەوە گەورەتر، بەڵام پەرشوبڵاو دژی پیلانەكانی ئێران. ئەو دەڵێ: هەندێك وای بۆ دەچن كە ئەمە دابەشبوونی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە بێت، ئەمەش قسەیەكی گەمژانەیە!
ئەو توێژەرە پێی وایە، دابەشكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر دوو مەزهەبدا، راستییەكە دەشێوێنێ، بەڵگەكەشی دروستبوونی هاوپەیمانییەكی سێیەمە، جیاواز لەو سەنگەرانەی پێش خۆی كە سەنگەرێكی سوننیی عەرەبی زاڵ بوو، ئەمیان سەنگەری سوننیی توركیایە كە هاوپەیمانی تایبەتی خۆی و پێگە و قورسایی سیاسی و سەربازیی بەهێزی لە ناوچەكەدا هەیە. ئیبیش نووسیویەتی، لە ماوەی شەڕی سووریا، سعوودیە، میسر، ئیمارات، ئوردن و ئیسرائیل لایەنی دژ بە ئێران بوون، ئەمانە لە ساڵی 2011ـەوە لەگەڵ توركیا یەكیان گرتووە، ئەمەش بەهۆی خاڵی هاوبەشی نێوانیان كە دژایەتیكردنی بەشار ئەسەدە كە پشتیوانە گەورەكەی ئێرانە، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە گەورەیە لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2016 كۆتایی هات، ئەو كاتەی شاری حەلەب بە تەواوی تەواوی كەوتە ژێردەستی رژێمی سووریا، لەو كاتەوە توركیا هاوڕێ عەرەبەكانی بەجێهێشت و رووی لە ئێران و رووسیا كرد، بۆ ئەوەی هێزی پەیەدە و دەسەڵاتی كورد لە باكوری سووریا نەهێڵێ و هەموو ئامانجی خۆی لەمەداچڕ كردەوە، ئیدی لەمەوە توركیا وەك دوژمن مامەڵەی لەگەڵ ئێران نەكرد و هەندێكجاریش بوونە هاوبەش.
رۆڵی توركیا لەچەقی هاوپەیمانیی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو هەڵكشان رۆیشت، دوای ئەوەی هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر، دەرگاكانیان بە ڕووی قەتەردا لە 2017 داخست، ئەمە وایكرد توركیا لە ڕێی دەوحەوە بە تەواوی خۆی بخزێنێتە وڵاتانی عەرەبی كە بنكەیەكی سەربازیی فراوانی لەوێ هەیە. قەتەریش كە خۆی هاوپەیمانی ئێرانە، هۆكارێكی تر بوو بۆ پتەوكردنی پێوەندیی تاران و ئەنكەرە و گرێبەستێكی راكێشانی غازی بەدوای خۆیدا هێنا.
توێژەرەكە پێی وایە، ئەم جووڵانەی توركیا دەیكات، پێی دەبێتە هێزێكی هەرێمیی گەورە هاوشێوەی ئێران و بگرە لەوانەیە كاریگەرییەكانی لە داهاتوودا لە ئێرانیش زیاتر بێت، بەمەش دوای نیو سەدە لە هەوڵدان بۆچوونە ناو یەكێتی ئەورووپا، ئیتر بێمنەت دەبێ چونكە ڕێیەكی تری بەهێزی ئابووری و سەربازی و ستراتیژی دۆزیوەتەوە و دەبێ بیریشمان بێت، ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و هێشتا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوی وەك وڵاتێكی وێرانكەر هاوشێوەی ئێران نەزڕاوە، بەڵام هەمووشی دەزانێ لە هەر كاتێكدا بێت دەتوانێ ببێ بەوەی كە دەیەوێت.
ئەم هەنگاوانەی توركیا بۆ گەیشتن بە بڕیار بەسەر هەموو ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون،چیتر بە شاراوەیی نییە و ئەوەتا سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە گوتارێكی جەماوەریدا گوتی: ئێمە تەنیا توركیا نین، ئێمە دیمەشق، حەلەب، كەركووك، قودس، مەكە و مەدینەین. لە یەكەم هەنگاوی پاوانخوازیی ئێراندا وەكچۆن بەرپرسانی دژە تیرۆری ئەمەریكی ئاشكرایان كردووە، نەخشەی داهاتووی توركیایان بینیوە كە بەسرە و بەشێكی سعوودیەش لەخۆ دەگرێ.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، زۆر بە راشكاوی لە گوتارێكدا گوتی: توركیا تاكە وڵاتە شیاوی ئەوە بێت سەركردایەتیی جیهانی ئیسلامی بكات، ئەمەش بەپێی توێژەرەكە، راگەیانراوێكی راستەوخۆیە بۆ بێهێزیی عەرەبستانی سعوودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش. ئەمساڵیش لە كۆنگرەیەكی گەورەدا لە ئیستانبوڵ، هەموو هێزە ئیخوانەكانی دنیایان كۆ كردەوە، بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ زلهێزی و رابەرایەتیی توركیا بكەن.
ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییە هاوپەیمانەكان سعوودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، لە دۆخێكی دڵەڕاوكێ و ترسدان بەرانبەر هەڵسوكەوت و سیاسەتەكانی توركیا و ئەو هێزە ئیسلامییەی بە هاوكاریی قەتەر دروستی كردووە،چونكە ئەوان نزیكیشن لە ئێران و مەترسییە گەورەكە ئەوەیە، هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەمەریكا شكست بهێنێ.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر ئەم هەموو جموجووڵانەی توركیا هەڵوێستەكانی ڕژد نەبوون و بە خاوی مامەڵەی لەگەڵ دەكات، هیچ بەڵگەیەكیش نییە كە جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە هەڵوێستێكیان دەربڕیبێ، وێڕای ئەو هەموو هۆشدارییەی دیپلۆماسی و پسپۆڕە ئەمنییەكانی پێشتر لە ژێر ئیدارەی ترەمپ كاریان كردووە. بەڵام ئەمەچی دەگەیەنێ؟ ئایا ئەمەریكا هێشتا لەو مەترسییە تێنەگەیشتووە، یان شتێكی لەژێر سەردایە؟
دكتۆر حوسێن ئیبیش توێژەر لە پەیمانگەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە واشنتن وەڵام دەداتەوە دەڵێ: ئەمەریكا هەر دەبێ هەڵوێستی ڕژد بنوێنێ و دژایەتیی خۆی بە ئاشكرا بۆ توركیا دەرببڕێ كە دژی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەجووڵێنەوە، بۆ ئەمەش دەبێ جێگرەوەی بنكەی ئەنجەرلیكی باشووری توركیا كارا بكرێت و هاوپەیمانی و هاوكاریی سەربازی كەم بكرێتەوە.










