خەبات-كارزان حەیدەر :
ڕۆژی 19ی ئاداری 2019 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا دەستگیركردنی باندێكی تاوانكاری پێنچ كەسیان لەشاری هەولێر ئاشكرا كرد بە ناوەكانی (ف،س،خ) و (ح،ح،خ) و (ه،ع،ع) و (ن،ع،ن) و (س،ج،س) كە لە ماوەی ڕابردوودا 20 تاوانی دزی و ڕێگریكردن و هەڵكوتانە سەر ماڵانیان ئەنجامداوە، لەو تاوانانەش بڕی 6830 گرام زێڕ و 7 ئۆتۆمبێل و 9400 دۆلار و 41 مۆبایل و 3 ماتۆڕسكیل وچەند كەلوپەلێكی دیكەشیان دزیوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێ:”لە هەندێك لەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە، تۆمەتبارەكان خۆیان وەك پیاوانی ئاسایش ناساندووە، بەڵام دوای دەستگیر كردنیان دەركەوت كە هیچ پەیوەندیەكیان بە دەزگاكانی ئاسایشەوە نییە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستمان كەوت، تۆمەتبارەكان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەكانیان ناوە، بەپێی ماددەی 443ی یاسای سزاكانی عێراقیش كە دادوەر لەسەری سەپاندوون، تۆمەتبارەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لەگەڵ ڕاگەیاندراوەكەدا ئاسایشی هەولێر بەڵێنی بە خەڵكی پایتەخت داوە كە هەمیشەچاو كراوە بن بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان.
د.تاریق نوری: ڕێگری لە زیادبوونی ڕێژەی تاوان دەكەین
جگەلەو ئەفسەرە گەنج و ئەكادیمی و بەتوانایانەی لە ڕیزی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ پارێزگاری لە هێمنی و ئارامی پایتەخت دەكەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێریش دەڵێ: بە توانای ئەفسەران و تەواوی هێزەكانی ئاسایش هەوڵدەدەین ڕێژەی تاوان بەشێوەیەك كەمدەكەینەوە نزیك ببێتەوە لە سفر.
د.تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كەسی یەكەمی دەزگاكە بۆ ( خەبات ) گوتی:چەندی كوردستان پێشدەكەوێ، دەزگاكانی ئاسایش پتر بەهێز دەبن و ئەفسەران و هێزەكانیان پێشدەكەون و بەهێزتر دەبن،بۆیە مانگانە بەپێی ئاماری تاوانەكان جموجۆڵەكانیان ڕێك دەخەن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر گوتی: یەكێك لەو باندانەی هەوڵیاندا ئارامی پایتەخت بشێوێنن، ڕێگریمان لێ كردن و لە ماوەیەكی كورتتدا دەستگیرمان كردن، ئەو ئەركەش وەكو هاوكاری پۆلیس جێبەجێ دەكەین جگەلە ئەركی فەرمی خۆمان كە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكانە لەگەڵ ساختەكاری لە دراو و كاری نایاسایی دیكەی ئابووری.
تۆمەتبار ه،ع،ع: ئیشم زۆر باشبوو، هاوڕێكانم منیان خەڵەتاند
بەپشتیوانی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و ئەفسەری ڕاگەیاندن و ئەفەسەرانی بەتوانای لێكۆڵینەوە، توانیمان ئەو باندە بدوێنین كە هەوڵیاندابوو بە تاوانەكانیان ئارامی پایتەخت بشێوێنن.
یەكەم تۆمەتبار لەو لیستەی ئامادەكرابوو لەگەڵیان قسە بكەین، ه،ع،ع،بوو، بە قسەی خۆی لەدایك بووی 1989ی هەولێر وخاوەنی خێزان و دوو منداڵ بوو.
ئەو گوتی: دوكانی جوانكاری ئۆتۆمبێل و فرۆشتنی پەلەوەرم هەبوو، ئیشم زۆرباش بوو، حاڵم زۆرباش بوو، برادەر هەڵیان خەڵەتاندم و دووچاری هەڵە و تاوانیان كردم، سەرەتا مانگی 10ی ساڵی 2017 یەكێك لەو هاوڕێیانەی باندەكە تەلەفونی بۆم كرد و گوتی: وەرە نزیك شوقەكانی بنەسڵاوە، كەچوومە ئەوێ هاوڕێكانم لەنێو مازدایەكی 323 بینی و لەگەڵیان سواری ئوتۆمبێل بووم، لە ڕێگا پێیان گوتم كە دەچنە سەر ماڵێكی شیعە لە گەڕەكی منارە، گوتیشیان: لەو شوێنەی كابرای شیعە لێی هاتووە، پارەیەكی زۆری خەڵكی خواردووە و هاتۆتە هەولێر، ڕازی بووم كە لەگەڵیان بچمە سەر ماڵی كابرای شیعە، بەڵام بەر لەوەی بچینە سەر ماڵەكە،چووینە ماڵی یەكێك لە هاوڕێیانی باندەكەو ئۆتۆمبێلەكەمان گۆڕی بە مازدایەكی فاسولیا، پاش ئەوەی بەڕێ كەوتین، گەیشتینە نزیك بنەسڵاوە، یەكێك لە ئەندامانی باندەكەی خۆمان سوار كرد كە پیاوێكی درێژی كەچەڵ بوو، كە لە ئۆتۆمبێڵەكە سەركەوت، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ كەسێكی عەرەب كرد كە من تێنەگەیشتم، كە گەیشتینە بەر دەرگای ماڵی كابرای شیعە لە گەڕەكی منارە، هاتینە خوارەوە و كەسە درێژە كەچەڵەكە دەرگای ماڵەكەی كردەوەو ئێمەشچووینە ژوورێ، ئەوكاتە كابرای خاوەن ماڵ لە هۆڵەكە دانیشتبوو لەگەڵ منداڵەكانی، بەچەك بردمانە ژووری نووستن و منداڵەكانیشمان هەر لە هۆڵەكە هێشتەوە، دوای 10 خولەكێك، كابرای كەچەڵ عەلاگەیەكی گەورەی پڕ لە (خۆڵی زێڕ) و پارەی هێنا و ڕۆیشتین، دواتر بە منیان گوت: ئەو عەلاگەیە دوو كیلۆ زێڕی تێدا بووە.
ه،ع،ع گێڕایەوە: ساڵی 2016 جارێكی دیكە 4 مانگ دەستگیر كراوم لەسەر ئەوەی دەچووینە سەر ماڵە لەشفرۆشەكان و هەرچی پارەو پولیان هەبوو لێمان دەسەندن!
تۆمەتبار ن،ع،ن: ماڵی ژنە لەشفرۆشەكانمان دەدزی
بیركردنەوە لە تاوانێكی لەو شێوەیە پێكەنیناویە، باندێك بە تەلەفونی نەناسراو و بەناوی لەشكڕ دەچوونە سەر ماڵی لەشفرۆشەكان و هەرچی پارەی كۆكراوەیان هەبووە لەو كارە، هەموویان لێ سەندوون.
تۆمەتبار ن،ع،ن، ئەندامێكی دیكەی ئەو باندەی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیریان كردووە، وەك خۆی دەڵێ: خێزاندارم و سێ منداڵم هەیە، هاوڕێیانی باندەكەم ڕۆژێكیان تەلەفۆنیان بۆ كردم و پێیان گوتم كە هەڵدەكوتنە سەر ماڵی ژنە لەشفرۆشەكان، منیش ڕازی بووم بەچەكی خۆم كاریان لەگەڵ بكەم، یەكەم كاریشمان هەڵمان كوتایە سەر ماڵی ژنێكی لەشفرۆش لەگەڕەكی (ا) شاری هەولێر، لەوێ پارەو دەمانچەو ژنەكەشمان هێنا بۆ ئەوەی لەگەڵی ڕابوێرین، جگەلەو ماڵەش، چووینە سەرچەند ماڵێكی دیكەش بە هەمان شێوە، هەموو ئەو پارانەمان لێیان دەسەند كە لەڕێگەی ئیشەكەوە دەستیان كەوتبوو.
ئەو تۆمەتبارە ئاشكرای كرد كە دوو لە ئەندامانی باندەكە بە ژمارەی نەناسراوی مۆبایل، تەلەفۆنیان بۆ ماڵە لەشفرۆشەكان دەكرد و خۆیان وەك پیاوی دەوڵەمەند دەناساند، دەیانگوت ئەمشەو میوانتان دەبین و پارەتان بۆ دێنین، بەو شێوەیە هەڵیان دەخەڵەتاندن و دەچووینە سەریان، هەرچی پارەو پولیان هەبوو لێمان دەسەندن.
لەبارەی دزینی ئۆتۆمبیلیشەوە، ئەو تۆمەتبارە گوتی: لە ئیسكان بووم یاریم بە مۆبایلەكەم دەكرد، هاوڕێیانی گرووپەكە پەیوەندیان پێوە كردم و گوتیان بمانبە چەمچەماڵ دوو سەد دۆلارت پێ دەدەین، كەچووم هەڵیانم گرت، لەنێو ئۆتۆمبێل لەڕێگا بەمنیان گوت كە ئۆتۆمبێلێكی كیایان دزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند تاوانێكی دیكەشم ئەنجامداوە، سەرباری ئەوەی جارێكی دیكە 7 ڕۆژ لەسەر شەڕكردن گیراوم.
تۆمەتبار ح،ح،خ: ئێمەچاوساغیمان بۆ باندەكە دەكرد
یەكێكی دیكە لەو تۆمەتبارانەی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیری كردووە، تۆمەتبار (ح،ح،خ) بوو كە خۆی و خێزان و خوشكەكەیچاوساغیان بۆ باندەكە كردووەو پلانی تاوانەكانیان داڕشتووە، وەك ئەوەی تۆمەتبارەكە خۆی بۆ (خەبات) گوتی: لەدایك بووی 1993 م و یەك منداڵم هەیە، لە خێزانەكەشم جودا بوومەتەوە، یەكەمجار لەسەر فرۆشتنی ئەتاریەك گیرام، دوای ماوەیەك ئازاد كرام، ئەوكات نەمزانی ئەتاریەكە دزراوە، خۆم ئاسنگەر بووم و كارم باشبوو، بەڵام خێزانەكەم زۆر فشاری لەسەرم دروستكرد و دەیگوت: پارە پەیدا بكە و بمبە ئەوروپا، بۆیە بەو زانیاریانەی خێزانەكەم بە یەكێك لە ئەندامانی باندەكەی دا بە هاوكاری خوشكەكەم كە لەنێو ماڵەكە كارەكەر بوو، بەوەی ماڵەكە دەوڵەمەندن و پارەی زۆر دەكەن بەخێر، لەگەڵ ئەوەی دووجار ژنەكەم بۆ پارە وەرگرتن چۆتە ماڵەكەو پارەیان پێی داوە، باندەكە چوونە سەر ماڵەكە كە خاوەنەكەی رێكخراوێكی هەبوو، هەرچی پارەو زێڕی هەبوو لەگەڵ مۆبایل لێیان دزین، منیش لە بەرامبەر ئەو چاوساغی و پلانداڕشتنە بڕی یەك دەفتەر دۆلارم وەرگرت.
تۆمەتبار س،ج،س:
ئافرەتمان بۆ خەڵەتاندنی
خەڵك بەكار هێناوە
یەكێكی دیكەش لەو تاكتیكانەی بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و دزینی ماڵیان، باندەكە بەكاریان هێناوە، ئافرەتێك بووە كە لە كافتریایەكی ئەوان كاری كردووە.
س،ج،س تۆمەتبارێكی دیكەیە كە لە بەرانبەر دادوەردا دانی بە تاوانەكەی خۆی ناوە و بۆ (خەبات)چیرۆكی تاوانەكانی خۆی گێڕایەوە و گوتی: لەدایكبووی 1992ی هەولێرم، ژنی یەكەمم تەڵاقداوەو دوو منداڵم لێی هەیە، ژنی دووەمیشم حاجیەو ئێستا منداڵەكانم لای ئەون، خۆم وەستای كاشی بووم، لەكاتی ئیشكردن ڕۆژێك كۆسەرەكەم شكا و بەر تەنگەم كەوت و بە سەختی برینداری كردم، دوای ئەوە نەمتوانی هەموو ئیشێك بكەم، پاشتر بوومە شوفێری ترێلەی كەسێك و بارم پێی دەگواستەوە، خاوەنی ترێلەكەش ئیفلاسی كرد و ترێلەكەی نەما، ڕۆژێك هەر خاوەنی ئەو ترێلەیە لەبەر دەرگای ماڵ هاتە لام و گوتی: ئۆتۆمبێلێك هەیە لە گەڕەكی ئیسكان، وەرە بیبەین،كە ڕازی بووم و بە یەكەوەچووین، دیتم كۆڵانی چەند خزمێكەو ئۆتۆمبێڵەكەش جۆری كیایە، منیش گوتم: ئەوە ماڵی چەند خزمێكی لێیەو ناتوانم ئەو ئۆتۆمبێلەت لەگەڵ بدزم، بەڵام باندەكەمان ئۆتۆمبێلەكەیان برد و لە دیانا (سۆران) فرۆشتیان و600 دۆلاریشیان بەمندا، دواتر ئۆتۆمبێلێكی مەرزیەشمان دزی لەڕێگەی ئەو ئافرەتەی كە لە كافتریایەكی دوو لە ئەندامانی باندەكە كاری دەكرد، ئەوان كچەكەیان تێگەیاندبوو كە كەسێكی پارەدار لە كافتریاكە بخەڵەتێنێ و لەگەڵی بچتەوە ماڵ بۆ رابواردن و خاوەن ماڵەكە سەرخۆش بكات، شەو گرووپی باندەكە(ن) یان ناردە دوای من و گوتی: برادەران كچەكەیان ناردۆتە ماڵێك و لە ماڵەكە مەشروب داندراوەو سەرخۆشیان كردووە، هەر كچەكە دەرگامانی بۆ كردەوەو ئۆتۆمبێلەكەمان دزی كە لە جۆری تۆیۆتا مەرزیە بوو، ئەو ئۆتۆمبێلە بە 7500 دۆلار فرۆشراو و 1500 دۆلاریان لەو پارەیە بەمن دا، جگە لەو جارە، سێ جاری دیكە بە تاوانی شەڕ و ئاژاوە نانەوە گیراوم.
تۆمەتبار ف،س،خ تەسلیم
بە پۆلیس كراوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای كرد كە یەكێك لە تۆمەتبارەكانیان بەناوی(ف،س،خ) تەسلیم بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر كردووە و ئێستا لەلایەن ئەوان ڕاگیراوە لەگەڵ ئەوەی لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكانی خۆی ناوە و یەكێك بووە لە ئەندامانی باندەكە و بەشداری تاوانەكانی گرووپەكەی خۆی كردووە.










