هۆشهنگ باوانی
هاوكێشەیەك، بەڵكو تراژیدیترین سیناریۆی پڕۆسەیەكی سیخوری سیاسی حكوومەتی ئێستای ئەمەریكا، لەو تایتڵەی سەرەوەی ئەم نووسینەمدا دەكەمە ڕەنگدانەوەی حەقیقەتی پرنسیپە بنەڕەتیەكانی پیادەكردنی سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی ترەمپ، لەم ڕۆژهەڵاتە خوێناوییە نەوتاوییە زەنگینەدا. جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو بەرهەڵستكاری بە ڕەچەڵەك سعودی و نیشتەجێی ئەمەریكا، كە جاران شێوەرمەندو ڕاوێژكارێكی باوەڕپێكڕاو و كاریگەری بنەماڵەی شا سەلمان و عەرشە پڕ لەئاشووبەكەی بوو. ناوبراو لە 2ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بە ڕیتمێكی هۆلیودیانە و ئەكشن ئاساێكی خەلافەتانە و شمشێری ئاڵا سەوزەكان و لەژێر ڕەشماڵی حەسانەتێكی فوول دیپلۆماسیانەی ڕۆژهەڵاتی، نەك تەنها كوژرا بەڵكو وەكو هەندێ لە سەركردە و فەرماندەكانی سەردەمی خەلافەتەكان لەتوپەتیش كرا. لەڕاستیدا ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە پێویستی بە فریادڕەسێكی لەناكاو هەبوو، یان ڕوونتر بڵێم، پێویستی بە شانۆگەریێكی لەچەشنی “شاهد ما شافش حاجە”. بەڵام خوێناوی و پڕ لە قوربانی هەبوو. دەڵێن خاشقچی لەتلەت كراوە، دیارە دەیانەوێ هەر لەتێكی ببێت بە ماستەركی “جۆكەر كلیل” بۆ كردنەوەی سەرتاپا دەرگا داخراو و دەروازە پڕلە بن بەستەكانی نێوان ئەردۆگان و ترەمپ لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە، مۆڵەتە بە ئەردۆگان نەدەن جارێكی تر بیر لە دۆست و هاوپەیمانی نوێ و تازە نەكاتەوە جگە لە ئەمەریكا نەبیت. ناكرێ ئەوەندە سادە و ساویلكەش بین كە نەزانین گەورەترین كێشەی ئەمەریكا و توركیا، جگە لە گرێ كوێرە ئابوورییەكان، كێشەی گۆڕینەوەی زانیاری و پێزانینەكانی هەواڵگری و سیخوڕیسازی و تێكەڵاوبوونی پەیوەندییەكانی “میت و سی ئای ئەی” یە و كێشە ڕووكەش و ڕاگەیەندراوەكانی تر سادەن و بە ئاوی دەستنوێژ لادەچن. ئێران كە گوایە دوژمنێكی ئاشكرای دیرۆكی سەرسەختی ئەمەریكایە، بەپێی گوتەیەكی نەستەقی بەڕێز ترەمپ كە بە دۆستی هەرە ستراتیژی حكومڕانیەتی سعودیە دادەنرێت، بتوانێت بە 12چركە شانشینی سعودیە داگیربكات ئەگەر ئەمەریكا پشتوانی و پارێزگاری لێ نەكات! جا ئەگەر ئەمە بۆچوون و بیركردنەوە و ستراتیژییەتی هاوپەیمانە مێژوویی و سەدان ساڵەكەی سعودیە بێت ! بێگومان دەبووایە سعودیە دوای تێوەگلانی بە سەركردایەتی كردنی جەنگ دژ بە حوسییەكانی یەمەن، هزرێك بۆ تێوەگلانێكی تری ئاوا سادە لە پیلانی كوشتنی خاشقچی بكات. دەڵێن گوایە ترەمپ تەنها بڕوای بە سەفتەجە و شیك و نرخی دراوەكان و پیتڕۆل و زێڕ و ئاو هەیە و بۆ بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵاتەكەی لەهیچ شتێك سڵناكاتەوە و فڕیشی بەسەر مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوەكانەوە نییە، كەركووك و عفرین و خاشقچی و.. هتد، ڕەنگە وەكو نمونە سەیربكرێن. لە روانگەی یارییە سیخورییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەتوانین بڵێین ئازادكردنی زیندانیێكی تاوانبار بەرامبەر بە كوشتنی مرۆڤێكی ئازادی نیمچە تاوانبار، تاقە ڕێگەی چارەسەری كێشە بێ چارەسەرییەكانن. بۆیە ئەمەریكا و توركیا لە قەیرانی قەشە “ئەندرۆ برانسۆن” دا كێچ كەوتە گیانیان و ڕۆژانە لەگەڵ دژوارتربوونی پەیوەندییەكانیان، خەریكی داڕشتن و نووسینی جوانترین سیناریۆی هێوركردنەوە و ئاشتبوونەوەی یەكتری بوون. بەڵام هەروەكو نووسەر و لێكۆڵەر و ڕۆماننووسی عەرەب “عەبدولڕەحمان مونیف” گوتەنی لەم ڕۆژهەڵاتە مەلعونەدا دەبێ هەمووشتێك بەخوێن دەست پێبكات و بەخوێنیش كۆتایی پێ بێت، بۆیە سیناریۆیەكەی ئەمجارەی ترەمپ و ئەردۆگان كە ڕەنگە سپۆنسەرەكەی شا محەمەد بێـت. بە ئازادكردنی قەشە برانسۆنی تاوانبار بە سیخوڕیی و دۆست و هەواداری جەماعەتی خزمەت دەستیپێكرد و بە تیرۆركردن و لەتوپەتكردنی ڕۆژنامەنووسی سعودی كۆنە ئیخوانچی و بەرهەڵستكاری شاهنشین خاشقچی كۆتایی پێهات. دوای گۆڕانی سیناریۆكە لە فیلمێكی سینمایی فوول ئەكشن بۆ پیلانێكی سیاسی و سیخوڕیسازی لە پێناو یەكلاییكردنەوەی ململانێ ئابوورییەكان و حیساباتە بانكییەكان. دەبێت هەر زۆر زوو بیر لە عەربوونی داخستنی ئەم جۆرە فایل و پەروەندانە بكەینەوە و بزانین دونیای سیاسەت لە هەزارەی سێهەم گەیشتۆتە چ قۆناغێكی بێ ڕەوشتی و بێ پرەنسیپ. دەڵێن بۆ ئارامبوونەوەی دۆخەكە و داخستنی فایلی خاشقچی پێویستە سعودیە یەك ترلیۆن دۆلار بۆ ماوەی 20 ساڵ بەشێوەی قیست بدات بە ئەمەریكا، بەمەش فایلی 11ی سێپتێمبەریش كە ماڵە لەسەر سعودیە دادەخرێت. پێویستە سعودیە بەكەمتر لە 35 دۆلار نەوت و گاز بە توركیا بۆ ماوەی 20 بیست ساڵ بفرۆشێت و بەهیچ شێوەیەك پڕۆپاگەندەو دژایەتی ئیخوانچیەتی توركیا نەكات. دەبێ دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەم ڕووداوە “محەمەدی كوڕی سەلمان” شوێنی خۆی بۆ براكەی “خالد بن سەلمان” كەئێستا باڵوێزە لە واشنتۆن جێبهێڵێت. ئەمەو جگە لە پاكتاوكردنی جەستەیی دەیان بەرپرس و كەسایەتیە هەواڵگرییەكانی سعودیە كە سەردەمانێكە جەمسەری دژایەتی ئەمەریكا و توركیان، بەڵام دڵسۆزترین كەسانی عەرش و مەملەكەت بوون. لێرەدا هەموو شتێك كۆتایی پێدێت و پەردە لەسەر دواین مەشهەد لادەدرێت و سەرلەنوێ شانۆگەریێكی تری خوێناوی لە ڕۆژهەڵاتەكەی “عەبدولڕەحمان مونیف” دەست پێدەكات.










