شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
رۆژنامەی كوردستانی نوێ، لە ژمارەی 7701ی رۆژی دووشەممە 2018/10/29 بابەتێكی بەناوی “هەوڵی ترازان و پێویستی سازان” بڵاوكردووەتەوە، ئەوەی راستی بێت وتارەكە لە ئەتەكێتیی میدیاییدا جۆرێك بێویژدانی و هەوڵی رازیكردنی باڵێكی ناو یەكێتی پێوە دیارە، واتە پێش ئەوەی وتارێكی سەنگینی میدیایی بێت، كە راستگۆیانە پرسگەلێكی سیاسی هەنووكەیی لە پەیوەست بە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بە تاییەتیش لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆككۆمار و كێشەی كەركووك بخاتەڕوو، بە پێچەوانەوە هەوڵی بە لاڕێدا بردنی چەند پرسگەلێكی گرنگی ناو فەزای سیاسیی كوردستان و عێراقی كردووەتە ئامانج. كوردستانی نوێ، بە ئەنقەست بێت یان لە نائاگاییەوە، زۆر جاری دیكەش، لە رێی بڵاوكردنەوەی وتار و شیكردنەوە و بۆچوونی نووسەران، راستییەكانی شێواندووە بە جۆرێك كە پارتی پێ ئیستیفزاز بێت، بەشێكی هۆكارەكەشی بۆ زاڵبوونی ئەو باڵە دەستڕۆیشتووەی ناو یەكێتی دەگەڕێتەوە كە كاریگەریان بەسەر خودی “كوردستانی نوێ”دا هەیە، واتە ئەو رۆژنامەیە ئەوەندەی ئۆرگانی ئەو باڵە دەستڕۆیشتووەی ناو یەكێتییە، نیو هێندە ئۆرگانی یەكێتی نییە! ئەمەش بۆ خودی یەكێتی وەك حزب باش نییە. ئەگەرچی ئێمە لە رۆژنامەی “خەبات” رۆژانە دەتوانین وەڵامی سەرجەم ئەو وتار و بۆچوونە ناڕاستگۆیانە بدەینەوە، كە بە مەبەست یان لە نائاگاییەوە ئاڕاستەی پارتی دەكرێن، بەڵام “خەبات” وەك هەمیشە لەگەڵ دروستكردنی فەزای شەڕی میدیایی نییە، بەوپێیەی ئۆرگانی پارتییە و پارتیش حزبێكە هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەمنی دەكات، بۆیە هەرگیز لە رێی شەڕی میدیاییەوە نەیوستووە دۆخی كوردستان بشێوێنێت، چونكە ئەم دۆخە ناسەقامگیرە لە بەرژەوەندی كوردستان نییە و سوودی بۆ نەیارانی كورد هەیە، ئەگینا زۆر شت هەن بۆ باسكردن. ئەم وتارەش هیچ پەیوەندییەكی بە “خەبات”ـەوە نییە، رەئی نووسەرە لەبارەی ئەو وتارەی لە “كوردستانی نوێ”دا بڵاوكراوەتەوە. نووسەر لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە گوایە، پارتی لە دوای پرسی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقەوە دەیەوێ كێشە بۆ یەكێتی دروستبكات لە دانانی پۆستی پارێزگاری كەركووك لە لایەن یەكێتییەوە، هەروەها دەشڵێت، بە هۆی پۆستی سەرۆككۆمارەوە پارتی كوردی كردە دوو بەش لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك، بووەتە گەورەترین گرێی دەروونی و سیاسی لای باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی، هەر لە دوای ئۆكتۆبەریشەوە ئەو باڵەی یەكێتی بەردەوام داوای ئەو پۆستە دەكەنەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق، نەك هەر نایانداتێ، بگرە گوێشیان بۆ ناگرێت، تەنانەت لە بری پێدانی پۆستەكە، گەورەترین بارەگای یەكێتی دوانزە كڵاشینكۆفی بۆ داندراوە، ئەمەش وەك سووكایەتی بۆ یەكێتی سەیر دەكرێت! ئەو برادەرانە زۆر سەیرن، نازانم تا ئێستا تێنەگەشتوون! یاخود نایانەوێ تێبگەن، كە كەركووك دوای رادەستكردنی بە حەشد، ئێستا بە هەموو پێوەرێك شارێكی داگیركراوە! خۆزگە ئەو باڵە دەستڕۆیشتووەی ناو یەكێتی لە بری ئەوەی هێندە باسی پۆستی پارێزگای كەركووك بكەن، لە رێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەغدا هەیانە، داوایان بكردایە نەختێك گوشاری بە عەرەبكردن و تاڵانكردنی ماڵیی كوردان و هەڕەشەی حەشد لەسەر ناوچە كوردییەكان كەمبكرێتەوە، ئاخر لە هەمووشی مەترسیدار، ئەوەیە هێشتا ئەو برادەرانەی یەكێتی نایانەوێت دان بەوەدا بنێن كەركووك داگیركراوە! بە پێچەوانەوە هەموو خەتاكە دەخەنە ئەستۆی پارتی، گوایە هاوكاریان نییە لە دانانی پارێزگاری كەركووك لەسەر پشكی یەكێتی! دیارە پارتی لە دوای ئۆكتۆبەرەوە پێش هەر شتێك داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكات بە جۆرێك وەك قۆناغی پێش ئۆكتۆبەری لێ بێتەوە، واتە چوونە دەرێی حەشد و گەڕانەوەی پارێزگارە كوردەكە و پێشمەرگە بۆ ناوچەكان و گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارە كوردەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، دیارە حكوومەتی عێراقیش ئەوەی ناوێت و بەردەوامیشە لەسەر قۆناغەكانی داگیركردنی شارەكە لە چەندان رەهەندەوە، لەو دۆخە داگیركارییەدا چۆن دەتوانیت پارێزگار دابنێیت لە كاتێكدا ئەوان بە چەك وەڵام دەدەنەوە! نووسەر لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ئاماژەی بەوە كردووە، گوایە پارتی لە رێی هەڵوێستەكانی ویستوویەتی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە ناجێگیری بهێڵێتەوە، هەروەها پێیوایە یەكێتی هەوڵی یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی داوە بەتایبەتی لە بەغدا. راستە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی پۆستی سەرۆككۆماری عێراقی بە گرنگزانی، نەك لەبەر ئەوەی ئەو پۆستە دەسەڵاتی زۆرە یان كەم، بە پێچەوانەوە یەكێك لە هۆكارەكان كە پارتی داوای ئەو پۆستەی كرد، پێویستە چیتر ئەو پۆستە لە لای یەكێتی نەمرێندرێت و بێدەنگی سەرۆككۆماریش لە بەرژەوەندی لایەنە عەرەبییەكان بەكارنەهێندرێت، ئاخر خۆ سەرۆككۆمار دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بكات، بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران، كەچی دەبینین لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زۆرترین غەدر لە كورد كراوە لە رووی سیاسی و ئابووری و داگیركردنی خاكەوە، واتە نانی بڕاوە، بوودجەی راگیراوە، شەڕی پێفرۆشراوە، هێرشی كراوەتە سەر، رووداوی ئۆكتۆبەر روودەدات و زۆرترین پێشێلكاریی بەرانبەر هاووڵاتییانی كوردی كەركووك و خورماتوو ئەنجامدراوە، بەڵام سەرۆككۆمارە یەكێتییەكە هیچ قسەیەكی نەكرد و تەنانەت بەیاننامەیەكیشی دەرنەكرد، لەكاتێكدا بەگوێرەی دەستوور، مافی ئەوەی هەبووە حەیدەر عەبادی بباتە بەردەم پەرلەمان و داواش بكات متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام ئەمەی نەكرد و بێدەنگیش بوو، ئاخر لەبەر ئەو هۆكارانەیە پارتی داوای پۆستەكەی كرد، كاتێكیش پۆستەكە بە هەر هۆكارێك بێت، لە بەرژەوەندی یەكێتی یەكلایی بۆیەوە، هیچ كات پارتی هەوڵی نەداوە، ئەمە وەك تۆڵەیەكی سیاسی بەكاربهێنێت، چونكە پارتی دەزانێت یەكڕیزی ناو ماڵی كورد لە هەولێر و بەغداش گرنگە و بەهێزبوونی كوردستان لەو یەكڕیزییە دایە. ئەگەرچی پۆستی سەرۆككۆمار بە تەنیا هی حزبێك نییە و پێویستە هەموو هێزەكان لەسەری رازی بن، بەڵام یەكێتی بە تاكڕەوانە و بە رێككەوتن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ئەو كەیسەی یەكلایی كردەوە، دەتوانین بڵێین پۆستەكە وەك خەڵاتێك درایە یەكێتی! ئەگینا عێراقییەكانیش دەیانزانی سەرجەم حزبەكان داوای ئەوەیان دەكرد، پۆستەكە بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان یەكلایی بكرێتەوە، واتە كاندیدێكی كورد بخرێتە بەردەم هێزە عێراقییەكان بۆ ئەوەی وەك بەركەوتەی كورد دەنگ لەسەر سەرۆككۆمارییەكەی بدرێت، بەڵام یەكێتی هیچ حیسابێكی بۆ هێزە كوردییەكان نەكرد و بە پاڵپشتیی عەرەبەكان ئەو كەیسەی یەكلایی كردەوە. ئەمەش تۆمەتێكی بێ بنەمایە كە نووسەر ئاماژەی بەوە كردووە، گوایە پارتی دەیەوێت دۆخەكە بە ناجێگیری بمێنێتەوە، لە راستیدا ئەو بۆچوونە تەواو ناڕاستە، چونكە هەر ئەو شەوەی كە عادل عەبدولمەهدی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، دەمودەست پارتی پاڵپشتیی عەبدولمەهدی كرد و هەموو هاوكارییەكی پارتیش دووپاتكرایەوە بۆ دروستكردنی كابینەكە تا سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بتوانێ كابینەكەی دروستبكات، وەك ئاماژەیەك پارتی كەیسە سیاسییەكانی تێكەڵ نەكردووە، واتە پرسی سەرۆككۆمار هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق لە روانگەی پارتییەوە نەبووە، بەپێچەوانەوە پارتی هاوكاری عەبدولمەهدی بوو بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و هەروەها بە فەرمیش پاڵپشتیی خۆی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راگەیاندووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی عەبدولمەهدی لە چاو ئەوانی تر نەختێك نەرمترە و دەكرێ دەرفەتێكیش بەو بدرێت، بەڵام هەر كات ئەویش بیەوێ غەرد لە كورد بكات و سیاسەتی دوژمنكارانەی پێشخۆی جێبەجێبكات، بەدڵنیاییەوە پارتی هەڵوێستی دەبێت، ئەمە روانگەی پارتییە لە پەیوەست بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، واتە پاڵپشتیی دەكات بۆ ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر بكات و مافە رەواكانی كورد لەبەرچاو بگرێت، بەڵام ئەگەر ئەوە رووینەدا و سیاسەتی دوژمنكارانەی عەبادییەكانی پەیڕەوكرد، دیارە پارتیش قسەی دیكە دەكات. لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا پێیوایە جیاوازی یەكێتی لەگەڵ پارتی و سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان ئەوەیە كە یەكێتی بە لۆژیكێك كاری كردووە، كورد بە یەكڕیزی دەست بە بەغداوە بگرێت، بۆ بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان. كاتێك باس لە جیاوازیی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا دەكات، ئەم قسەیەی نووسەر راستە، بەڵام با بزانین بۆچی راستە. راستە پارتی و یەكێتی زۆربەی كاتەكان روانگە و ستراتیژیی سیاسییان جیاواز بووە بۆ پرسە سیاسییەكان، بەڵام ئەو برادەرە بیری چووە ئەو شێوازی دەست بە بەغداوە گرتنەی یەكێتی، بەتایبەتی لە 16ی ئۆكتۆبەر، نەك هەر كوردی بەهێز نەكردووە، بەڵكو كوردی زۆر لاواز كرد، مەگەر كۆسرەت رەسووڵ كەسی یەكەمی ئێستای ناو یەكێتی لە ئۆكتۆبەردا نەیگوت، چەند كاڵفامێكی ناو یەكێتی ئۆكتۆبەریان ئەنجامداوە! دیارە لە دوای ئۆكتۆبەرەوە كورد و بەتایبەتیش یەكێتی لاواز بوون، ئەو یەكێتیەی دەسەڵاتی تەواوی لە كەركووكدا هەبوو، ئێستا كام بارەگەی گەورەیان هەیە، دەبێ بە فەرمانی راكان جبووری، 12 كڵاشینكۆفی تێدا بێت، لە كاتێكدا لە پێش ئۆكتۆبەر بارەگەكانی یەكێتی جمەیان دەهات لە چەكی گەورە و ئۆتۆمبێلی سەربازی و تەنانەت تانك و تۆپیش، هەروەها بە سەدان تانك و تۆپی گەورەیان لە بەرەكانی شەڕ لە كەركووك هەبوو، ئەمە جگە لەوەی پارێزگاریش لە یەكێتی بوو، كەچی ئێستا وەزعیان بەو ئاستە گەیشتووە، بە مۆڵەتی حەشد و راكانەكان 12 كڵاشینكۆفیان هەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆیان، پارێزگاری لە خۆكردنێك كە بە بەرچاویانەوە رۆژانە سووكایەتی بە رۆڵەكانی كورد دەكرێت، بەڵام ناتوانن فززە بكەن، چونكە بە یەكجاری لە شارەكەدا دەردەكرێن! پێویستە لە نووسەر و خودی یەكێتیش بپرسین، ئەمەیە هەوڵی بەهێزكردنی كوردستان؟ ئەگەر بەهێزبوونی كوردستان بەو شێوازەیەی یەكێتییە كە سەركز سەركز لە كەركووك لێی دانیشن، پارتی هەرگیز ئەم جۆرە سووكایەتی و ریسواییە قبووڵ ناكات!










