ئامانج عەبدوڵڵا سوور
پێوەری حوكمڕانیەكی سەركەوتوو لەوەدا دەخەمڵێت كە لە بەردەم ئاستەنگەكاندا بەپێوە رادەوستێت و بەئیرادەو نەخشەڕێیەكی زانستیەوە رووبەڕووی دەبێتەوە، پاشان هاوكێشەكە لە قەیران و نەهامەتی و رۆژگاری رەشەوە دەگۆڕێت بۆ وەزری ئومێدو سەردەمی دەستكەوت و قۆناغی بنیاتنان و گەشەسەندن.
دیزاینی سەركەوتن وابەستەی ئەم پرۆژە ستراتیژیەیە كە دەبێتە جێكەوتەی حكوومەتی رەشید، هەر ئەوەی كە نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی لێكردو لە مێژووی پڕ لە دەستكەوتی حوكمڕانیدا بەپرسنیپ و بەكردەوەش ئیسپاتی كردووەو لەو میانەدا مەحاڵی كرد بە واقیع و نەخشەڕێیەكی نوێی ساغ كردەوە كە پشتی بە ئاوەدانییە و رووی لە گەلە و تەریب بە ئیرادەی پتەو دەگوزەرێت.
ئاخر لەو بارودۆخە ناهەموارەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە لە سەرێكەوە دژی تیرۆرستانی داعش لە بری هەموو جیهان پێشمەرگە شەڕی بۆ ئازادی دەكرد و لەولاشەوە حكوومەتی بەغدا بودجەو قوتی كوردستانی بڕی بوو و زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەریش لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق رووی لە هەرێم كردبوو، شەریكەكانی نیوە رێی نەبوونە هاوڕێی تەنگانە و زمانیان تژی بوو بە رەخنەو گلەیی و گازندە، هەردوو دەستیشیان بەتاڵ، لەوەها دۆخێكدا بەرپرسیارێتیان بەجێهیشت و دەستیان لە شەراكەتی نێو حكوومەت بەردا، بەڵام ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی و قۆناغی دەربازبوونی لە میحنەت راگەیاند.
دی لامارتین كە سیاسییەكی ناوداری فەرەنسیەكانە و لە دوای شۆڕشەوە رۆڵی سەرۆك وەزیرانی بینیوە، وتەیەكی بەناوبانگی هەیە رێك پڕبەپێستی ئەو دۆخەیە كە لێرەوە لە بارەیەوە دواین، بەوەی كە “سەركەوتووەكان هەر خەریكی گلەیی و گازندە نین، بەڵكو بیر لەچارەسەری دەكەنەوە” دۆخی لەمەڕ خۆشمان هەر ئەوەبوو كە بینیمان، شەریكەكانی نیوەڕێ لە قۆناغی مەینەتییدا حكوومەتیان بەجێهیشت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەسەر نەخشەڕێیەكەی سەرۆك بارزانی بەردەوام بوو و بە ئیرادەی پۆڵاینەوە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوەو دواجاریش هاوكێشەكەی گۆڕی بە دەستكەوت.
كە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش هاتە گۆڕێ، ئەو دەمەی هەڕەشە لە سەر ئیرادەی تاكی كورد هەبوو، ئەو دەمەی خیانەتی كاڵفامەكان تەنگی بە ژیان هەڵچنیبوو، لەو بارودۆخە پڕ لە وەیشوومەیەدا ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو رۆڵی فریادڕەسی بینی و شكۆی قەوارەی هەرێمی پاراست و ئابڵووقەی دوژمنی تێكوپێك شكاند.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی یونیڤیرساڵی لەنێو كایەی سیاسی راگەیاندو چیتر كوردستان بەتەنیا وەك هەرێمێك لەنێو جوغزێكی دیاریكراودا نەمایەوە و سەرەنجام چووە سەر نەخشەی وزەی جیهان و لەنێو جەرگەی مۆسكۆی پایتەختی رووسیاوە رۆزنەفت گەورەترین كۆمپانیای وەبەرهێنانی نەوت و سامانی سروشتی واژووی رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا چێ كرد، هەر ئەوەش نا، بەڵكو رۆژئاوا بەگشتی گوێی بۆ داوای عێراق نەگرت و بەردەوام بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبواری سامانی سروشتی نەوتدا.
ئەو دەمەی كە وەرزی نائومێدی بوو، قوتی خەڵكی كوردستان لەبەغداوە بڕاو بارودۆخی ئابووری لەژێر باری هەڕەشەدا بوو، سەرۆكی حكوومەتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە زمانی ئومێدەوە هاتە پەیڤین و ویستی خۆڕاگری وەك خواست خستەڕوو، سەرەنجامیش تونێلە تاریك و توونەكەی تێپەڕاند و قەیرانی كاڵ كاڵ كردەوەو سەردەمی ئاوەدانی و گەشەو پێشكەوتن و بیناتنانەوەی راگەیاند.
هاوكێشەی سەركەوتن كە بەكردەنی خۆی سەلماندووە، دەمانباتەوە بەردەم ئەو گوزارشتەی كە نێچیرڤان بارزانی دەوڵەتمەدارەو دیزاینەری نەخشەی ئاوەدانی و گەشەو بونیاتنانە.










