خەبات: بڕیار كۆیی
ئەمڕۆ سێشەممە، 2019/2/26 دانیشتنی ژمارە 1ی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەدەچێت ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە پرۆسەیەكی دەنگداندا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بە پێی زانیارییەكان ئەو دانیشتنەی پەرلەمان تایبەتە بە پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و بەپێی گوتەی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، سەرجەم فراكسیۆنەكان ناوی بەربژێر و نوێنەری خۆیان بۆ ئەو لیژنەیە ناردووە جگە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە لە دانیشتنەكەی ڕابردووشدا بایكۆتی كرد.
د. ڕێبوار بابكەیی ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەبات) گوتی: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی نائاساییە و لەمیانەیدا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێندرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت. سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشمانی كوردستان كە لە دانیشتنەكەی ڕابردوودا بایكۆتیان كرد، لەو دانیشتنەی ئەمڕۆ ئامادە دەبن یاخود نا، هەروەها نوێنەر و پشكی فراكسیۆنەكە لە لیژنەی یاسایی دەستنیشان دەكرێت یاخود نا؟ بابكەیی گوتی: لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە 11 ئەندام پێكهاتووە و پشكی فراكسیۆنی یەكێتیش دوو كورسییە لە كۆی ئەو 11 ئەندامە و بەپێی زانیارییەكانیش فراكسیۆنەكە لەو دانیشتنەی پەرلەماندا بەشداری ناكات، ئەگەر بەشداریی نەكەن ئەوا دەنگ لەسەر نۆ ئەندامی لیژنەكە دەدرێت و دوو كورسییەكەی تر كە پشكی یەكێتییە بە بەتاڵی دەهێڵدرێتەوە.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كاتی یەكلاییكردنەوە و پێكهێنانی لیژنەكانی دیكەی پەرلەمان گوتی: “ئێستا لەسەروبەرندی پێكهێنانی لیژنەی یاسایین و دوای ئەوەش كار لەسەر بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت و دامەزراوەیەكی گرنگی وەكو سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوە ئینجا هەنگاوی دوای ئەوە بریتی دەبێت لە ناوزەندكردنی ڕێزدار مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەت لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ئینجا پەرلەمان سەرقاڵی پێكهێنانی 14 لیژنەكەی تری پەرلەمان دەبێت”. لەلایەن خۆیەوە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە كە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (1)ی نائاساییی رۆژی سێشەممە رێككەوتی 2019/2/26ی راگەیاندوو كە بەمشێوەیە دەبێت: بەپێی حوكمی بڕگەی (1)ی مادەی (16) و مادەی (47) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (1)ی نائاسایی ساڵی یەكەم لە خولــی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمان لە كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەمە رێكەوتی2019/2/26 بێت و بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتییە لە” پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەپێی حوكمی مادەكانی (28 و 29) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق”.
ڕێوار بابكەیی سەبارەت بە ئامادەبوونی فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمان لە دانیشتنەكەی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سەرجەم فراكسیۆنەكان نوێنەر و بەربژێری خۆیان بۆ ئەندامێتیی لە لیژنەی یاسایی ناردووە، دەڵێت: دابەشكردنی كورسییەكانی لیژنەكە بەپێی ڕێژەی دەنگی فراكسیۆنەكان دەبێت لە هەڵبژاردن.










