ڕۆژی دووشەممە 25ـی 2ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەكسیم مەكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێریش
ئامادەی بوو، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق سڵاوی سەرۆك پۆتین و وەزیری دەرەوە و
نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە سەرۆك
بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی
دەرەوەی ڕووسیا و پەرەپێدانی نێوان پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك پۆتین و حكوومەتی ڕووسیای
كرد و پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستی سەرۆك و حكوومەتی ڕووسیا لەمەڕ دۆزی
ڕەوای گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا، پێشوازیشی لە فراوانتركردن و
هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی
ناوچەكە و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی ڕووسیا سیاسەت و ستراتیجیی
وڵاتەكەی لەبارەی پێشهات و دوایین گۆڕانكارییەكانی سووریا و هەروەها ڕۆڵی
كورد لە ئاییندەی سووریا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. پەیوەست بەم باسەوە
سەرۆك بارزانی نیگەرانی و بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە
سووریا و ڕێگەچارەكان خستەڕوو و داوایشی كرد كە ڕووسیا ڕۆڵی هەبێت بۆ
ڕێگەگرتن و كۆتایهاتن بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا. بۆ ئەو
مەبەستەیش هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی
بەردەوامدا بن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەنووسی كەركووك و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.











