خەبات: عەلی بانیشاری
ئەو قوتابیانەی تواناسازی لە هێشتـا خوێندنیان تەواو نەكردووە و لە دەرەوەی وڵاتن بەوتەی خۆیان لە خراپترین دۆخی ژیاندان، ئەوان ئـاماژەی بۆ ئەوە دەكـەن جـەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان تـوشی چەندین كێشەی كردوون، وەكو دەشڵێـن بۆ ئەوەی بتوانن پارەی شـوێنی مانـەوە دابین بكەن هەفـتانە سێ رۆژ كار دەكەن و سێ رۆژی دیكەش دەخـوێنن. بەڕێوەبەری گشـتی نێدراوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ داوای 20 ملیۆن دۆلارمان لە حـكوومەت كردووە، بەڵام تەنها 10 ملیۆنی رەزامەندی لـەسەر خەرجكردنی دراوە، ئەگەر تـەواوی پارەكە بدرێت لە 90%ی كێـشەی قوتابیانی تواناسازی چارەسـەر دەكرێت.
یەكێك لەو قوتابیانەی تواناسازی كە وڵاتی بەریتانیا دكتۆرا دەخوێنێت بەخەباتی گوت” ئەو قوتابیانەی كە تائێستا خوێندنیان تەواو نەكردووە ژیان لە دۆخێكی خراپدا بەڕێ دەكەن و بێ پارەییەی توشی چەندین نەخۆشی كردوون. ئەو كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكەینەوە گوتیشی” لە 2013 چوومەتە بەریتانیا، تائێستا یەكجار پارەی تواناسازیم بۆ خەرج كراوە، هەر لەبەرئەوەیش بەناچاری خۆم بەشێك لە پارەی خوێندنم دابین كردووە كە 2500 دۆلار بووە”. دەشڵێت” بۆ ئەوەی بتوانم كرێی ئەو شوقەیە بدەم كە تێدا نیشتەجێم هەفتانە سێ رۆژ كاردەكەم”. داواشدەكات هەرچی زووە وەزارەتی خوێندنی باڵا پلە بكات لەدابینكردنی شایستە داراییەكانی قوتابیانی تواناسازی.
جوان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی نێدراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەخەباتی راگەیاند: ئەو قوتابیانەی تواناسازی كە خوێندنیان تەواو كردووە و گەڕانەتەوە كوردستان لە 50% شایستە داراییەكان بۆ خەرج كراوە، ئەوانەشی كە هێشتا دەخوێنن پارەی خوێندنیان بۆ خەرجكراوە، ئەوەی ماوەتەوە پارەی ژیان كردنیانە. ناوبراو گوتیشی” بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی قوتابیانی تواناسازی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رەزامەندیان لەسەر خەرجكردنی 10 ملیۆن دۆلار دەربڕیووە، وەزارەتی دارایی نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان كردووە تا پارەكە خەرج بكات، بەڵام سامانەسرووشتییەكان دەڵێت پارەمان نییە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی نێدراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیكەی 860 قوتابی تواناسازی لەئێستادا گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و كەمتر لە 100 قوتابیش هێشتا دەرەوەن و درێژەی بە خوێندن دەدەن. جوان جەلال دەشڵێت” پێشتر 20 ملیۆن دۆلار بۆ قوتابیانی تواناسازی خەرجكراوە و لەو بڕە پارەیە كرێی خوێندنی زانكۆ و بەشێك لە كرێی ژیانی قوتابیان دراوە”. هەروەها ئەوەشی گوت” بێ لەو 10 ملیۆن دۆلارەی كە رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی دراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای 10 ملیۆن دۆلاری زیادەشی كردووە، ئەگەر ئەو 20 ملیۆنە بدرێت ئەوا لە 90%ی كێشەی قوتابیانی تواناسازی بە دڵنیایەوە خەرج دەكرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی نێدراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێن” ئێمە ئاگادارین كە قوتابیانی تواناسازی دۆخیان خراپە، بەڵام وەزارەت هیچ پارەیەكی لەبەردەستدانییە كە راستەوخۆ بۆ قوتابیانی خەرج بكات”. جوان جەلال نایشارێتەوە رۆژانە قوتابیان لە وڵاتانی دەرەوە پەیوەندیان پێوە دەكەن و باسی سەختی ژیانیان بۆ دەكەن. لەسەر خەرجنەكردنی پارەی بەرنامەی تواناسازی چەندین جار قوتابیان لە هەولێری پایتەخت گردبوونەتەوە و یاداشتنامەی ناڕازیان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە، بەڵام تائێستا كەمتر لە 50% پارەی تەواوی قوتابیان خەرجكراوە.










