لە میانی بەرنامەی (الذاكرە السیاسیە) كە لە كەناڵی (العربیە) پێشكەش دەكرێت و لە ئەڵقەی یەكەمی بەرنامەكەدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: خودی سەربەخۆیی كوردستان خەونی هەموو كوردێكی راستگۆیە و هەر كوردێكیش بەپێچەوانەی ئەوەوە قسە بكات، راست ناكات.
دووپاتیشی كردەوە هیچ دەقێكی ئاسمانی نییە مافی سەربەخۆیی لە كورد حەرام بكات، كورد تورك و عەرەب و فارس نییە و عەرەب 22 دەوڵەتی هەیە و كورد خاك و جوگرافیا و ئابووری هەیە و كورد پێشی 612 هەزار ساڵیش لەو خاكەدا هەبووە و بە قەناعەتی خۆیەوە چووە نێو ئایینی ئیسلام و كورد مافی خۆشیەتی لەسەر خاكی خۆی دەوڵەتی خۆی هەبێت، وەكو گەلانی دیكە كە شانازی بە مێژوو و دەوڵەتی خۆیانەنەوە دەكەن لە كاتێكدا ئەوان خاوەنی ئەو خاكە نین، بەڵكو بە كۆچەوە هاتوون.
فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد دوای كۆماری كوردستان لە مهاباد بە 10 ساڵ كاتێك لە سەرەتایی قوتابی بوو ئەو بە حوكمی ئینتیمای خانەوادەكەی بەتایبەتی باوكی بۆ پارتی زۆر شتی خوێندووە و زۆر شارەزایی لە بارەی مێژووی كوردەوە هەبووە بە تایبەتی كۆماری كوردستان لە مهاباد و بوونی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت و ئەو ناوەش زۆر لەسەر زاری هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە دووبارە دەبووەوە.
لەبارەی كۆماری كوردستان لە مهاباد میرانی دژی ئەوە بوو كە پەلە لە پێكهێنانی ئەو كۆمارە كرا بەتایبەتی لەوكاتەی كە چەندین دەوڵەتی تازە دوای دابەشكاری ناوچەكە دروستكران لەنێوان سەركەوتووانی شەڕی دووەمی جیهان، هاوكات یەكێتیی سۆڤیەتی ئەوكاتیشی بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستی لە كورد هەڵگرت.
لەبارەی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤیتەوە، فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەو گوندەی ئەو تیایدا بوو شایی و هەڵپەڕكێ و ئاهەنگی تیادا گێڕدرا و لە خەڵكەوە دەیبیست هیوا بۆ گەلی كوردستان گەڕایەوە، ئاشكراشی كرد لە ساڵی 1967 ئەو بەشێوەیەكی شەخسی بارزانیی نەمری ناسی، ئەوەشی ئاشكرا كرد دوای گەڕانەوەی بارزانی یەكەمین جاربوو گوێبیستی هوتاف بوو بە زمانی كوردی و ئەو كاتەش پارتی مۆڵەتی فەرمی لە بەغداوە وەرگرت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كورد گەلێكی عینادە و كۆڵ نادات و خۆی بەدەستەوە نادات و هیواكانی كورد زیندە بەچاڵ نەكران و سەرەڕای هەموو ئەو تاوانانەی لە دژی ئەو گەلەدا ئەنجامدران، بەڵام ئەوان بە شانازییەوە هەستی نەتەوایەتیی لەنێو خۆیاندا بەهێزتركرد ئەوەشی خستەڕوو حكوومەتەكان بەپێی بەرژەوەندییەكانیان رێكدەكەون بە دیدی سەربازی یانیش حزبی. ئەوەشی دووپاتكردەوە گرنگترین گرفت لەنێوان كورد و ئەو وڵاتانەی كوردستانیان لە نێواندا دابەشكراوە پرسی رەگەزپەرستی نەتەوەیی و نەبوونی هۆشیاری سیاسییە لە لای ئەو حكوومەتانە و نەبوونی هاوشێوەیە لەنێوان دروشم و كردار و ئاشكراشی كرد تا ئێستاش ئەو دەوڵەتانەی كە دەوڵەتی ئیسلامین و كوردستانیان لەنێواندا دابەشكراوە هزری سیاسی پێشكەوتوویان نییە و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پرەنسیپەكانی ئیسلام ناجوڵێن، چونكە لە ئیسلامدا گرنگترین شت لە رەوشتی تاك ئەوەیە خواستی خێر بۆ خۆی بۆ برای خۆیشی بێت.
لە باسی شۆڕشی ئەیلوول و هۆكارەكانیشی میرانی دووپاتی كردەوە هەمان ئەو رەفتارانەی لە دژی كورد كران و وای كرد كورد ریفڕاندۆم ئەنجام بدات كە لە كاتی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبوون واتا شۆڕشی ئەیلوول پەرچەكردار بوو لە دژی حكوومەتی عێراق، ئەگەرچی هەبوونی ناوی كورد لە دەستووری عێراقی ئەوكات دەستكەوتێكی گرنگ بوو بۆ كورد، بەڵام ئەو هاوبەشییەی دەویسترا بە میزاجی حكوومەتی عێراقی بوو وەكو ئەوەی ئێستا حكوومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ دەستووری عێراقدا دەكات و حكوومەتی عێراقیش كە قسەیەك دەكات كردارەكەی وەكو خۆی ئەنجام نادات.
میرانی دووپاتیكردەوە كرانەوەی بزاڤی نیشتیمانیی عێراقی بۆ پرسی كورد لە پرسی كورد لە توركیا و سووریا و ئێران جیاوازترە بە هۆی جیاوازی مامەڵەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردی لەگەڵ بەغدا و مامەڵەی حزبە عێراقییەكان لەگەڵ كورد بەتایبەتی حزبی شیوعی عێراق و حزبی ئیشتیراكی عێراق و حزبی بەعس كە هەموویان لەگەڵ مافی كورد بوون وەكو دروشم، بەڵام حزبی بەعس كە تاكە حزب بوو حوكمی عێراقی كرد هیچ یەك لە دروشمەكانی خۆی جێبەجێ نەكرد . هاوكات ئاشكراشی كرد حزبی شیوعی توركیا كە لە حزبی شیوعی عێراق كۆنترە لە ساڵی 1991 دانی بە مافی كورد نا. لەبارەی پاڵپشتی ئیسرائیلیش میرانی ئەوەی نیشاندا كوردستان هیچ سنوورێكی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵام ئەمەش واتای ئەوە نییە ئەگەر پاڵپشتیی كوردستان كرابا لەگەڵ ئیسرائیل كوردستان ڕەتیدەكردەوە.










