كاروان محەمەد سینۆ
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە كۆی 111 كورسیی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ توانی 45 كورسی مسۆگەر بكات و بەم شێوەیەش پارتی لە توانایدا هەیە بەشێوەیەك لە شێوەكان حكوومەتی زۆرینە (نەك بنكەفراوان) پێكبهێنێت، بەڵام وادیارە پارتی دەخوازێت ئەگەر حكوومەتی بنكە فراوانیش نەبێت، حكوومەتی شەراكەت پێكبهێنێت (ئەگەرچی پێموایە حكوومەتی زۆرینە زیاتر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، چونكە حكوومەتی زۆرینە بەرپرسیارێتییەكەی لە ئاستی خەڵكی كوردستاندا زیاتر بەرجەستە دەبێت).
نزیكەی دوو مانگە پارتی لە هەوڵدایە حكوومەت پێك بهێنێت و بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كردووە (ئەوانەی دەخوازن بەشداری حكوومەت بكەن). بەپێی راگەیاندراوەكان، لەمیانەی ئەم سەردانانەی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە براوەی دووەم و سێهەمی هەڵبژاردنن، وادیارە خواستەكانی ئەم دوو حزبە بۆ چەند پۆستێك بوونەتە ئاستەنگ و لەمپەڕ بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەم دوو حزبە وەكو براوەی دووەم و سێهەم هەریەكەیان چەند پۆستێك بە مافی خۆیان دەزانن و پێگیری لەم خواستەی خۆیان دەكەن. بۆ دەربازبوون لەم گرێیە (ناچار) پێویستە پارتی پێودانگی مافگەری هەڵبژاردن (استحقاق انتخابی) پەیڕەو بكات و پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش وەكو بنەمایەكی دادپەروەری بەم پێودانگە رازی ببن، بەڵام وەكو لە ڕاگەیەندراوەكانی بەرپرسیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیبینین و دەیبیستین، یەكێتی خواست و بۆچوونێنیكی دیكەی هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەت! ئەویش مەرج و هاوبەستكردنی كێشەی كەركووكە بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە لە لایەك و لەلایەكی دیكەش یەكێتی دەخوازێت هاوشێوەی جاران رێككەوتنێكی ستراتیجی لە نێوان پارتی و یەكێتی فەراهەم بكرێت بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا. هەڵبەت ئەم دوو خواستەی یەكێتی ئاستەنگ و لەمپەڕی سەرەكین لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەت لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە.
یەكەم: پەیوەستكردنی كێشەی كەركووك بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خواستێكی نالۆجیكییە (غیر منطقی) یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە چونكە:
أ-كەركووك دەڤەرێكی كوردستانییە و تاكو ئێستاش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. واتا هیچ هاوبەستێك لە نێوان ئیدارەدانی كەركووك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە نابێت كێشەی كەركووك هاوبەستی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان بكرێ.
ب-بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەركووك هەڵبژاردن نەكراوە، بۆیە پێویست ناكات یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی كەركووك هاوبەست بكات و بیكاتە ئاستەنگ و مساوەمە و موزایەدە بە كەركووكەوە بكات.
ت-پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لە لایەن تاقمێكی ناو یەكێتی رادەستی حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی عەسكەری عێراق كراوە و كەركووك داگیركراوە و ئێستاش هیچ و ئیمزا و مامەڵەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركووك رایی ناكرێ، بۆیە پێویست ناكات یەكێتی كێشەی كەركووك پەیوەست بكات بە پێكهاتنی حكوومەتی كوردستان و سەودا و موزایەدەی پێوە بكات؟!.
دووەم: داوای یەكێتی بۆ رێككەوتنێكی ئیستراتیجی، ئەمەش خواستێكی نالۆجیكی (غیر منطقی)ی یەكێتییە چونكە
أ-لە چەند ساڵی رابردوودا هەموو خەڵكی كوردستان ئاگادارن كە خودی سەركردایەتیی سیاسیی یەكێتی نكۆڵیان لە رێككەوتنی ستراتیجی پێشووی پارتی و یەكێتی كردووە و مردنی رێككەوتنەكەیان راگەیاندووە و بە رێككەوتنێكی ئیفلیجیش وەسفیان كردووە، ئیتر بۆچی رێككەوتنێكی هاوشێوە ئیمزا بكرێتەوە. بۆیە ئەم خواستەی یەكێتی نالۆجیكییە (غیر منطقی).
ب-رێككەوتنی ئیستراتیجی مانای ئەوەیە كە لایەنەكانی دیكەی سیاسی (ئەوانەی كە دەخوازن بەشداری حكوومەت بكەن) ئەو لایەنانە لە پرۆسەی سیاسی و لە نێو حكوومەتی كوردستانداپەراوێز بخرێن (بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان). ئەمەش پێچەوانەی بنەمای پێكهێنانی حكوومەتی شەراكەتە. بۆیە ئەم خواستەی یەكێتی نالۆجیكییە (غیر منطقی).
ت-باشە ئەگەر رێككەوتنی ئیسترایجی لە نێوان پارتی و یەكێتی بكرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا، كەواتە بۆچی هەمووساڵێك هەڵبژادرن ئەنجام بدرێ و خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ماوەی مانگێك سەرقاڵی پڕۆگرام و پڕۆپاگەندای هەڵبژاردن بكرێ و بڕێكی زۆریش پارەی حكوومەت لەم پڕۆسەیەدا خەرج بكرێت و لە كۆتاییشدا هیچ حسابێك بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە نەكرێ و دەسەڵات لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەشكرێت. بۆیە ئەم خواستەی یەكێتی نالۆجیكییە(غیر منطقی).
كەواتە لە كۆتاییدا ئاستەنگ و لەمپەڕەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی نۆیەم) ئاستەنگی دروستكراون لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و خەڵكی كوردستان ناكات. پێموایە لەمپەڕ و ئاستەنگەكانی یەكێتی بێجگە لە (ئەجێندایەكی دەرەكی)؟! هیچ پاساوێكی دیكەی بۆ نییە. بۆیە واچاكە رایگشتی خەڵكی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش هەڵوێستیان هەبێت بەرووی ئەم خواستە نالۆجیكییانەی یەكێتی و هەروەها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هەڵوێستێكی نیشتیمانپەروەرانە بنوێنێت و بەپێی پێودانگی مافگەری هەڵبژاردن (استحقاق انتخابی) هەموو لایەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنن و هەموو بە یەكەوە خزمەتی گەل و نیشتمان بكەن.










