سەلام عەبدوڵڵا
لە دامەزراندنی سوپای عێراقیەوە، كە كورد بەشدارییەكی كارای لە پێكهێنانیدا گێڕا و زۆربەی ئەفسەرە باڵاو شارەزاكانی تێیدا بەشداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەو سەرەتایەوە هەڵوێستی بەرامبەر كورد و دۆز و داواكارییەكانی نەرێنی بووە، هەر بۆیەش بەرەنگاری گەلەكەمان بۆتەوە، هەركاتێك داوای مافە ڕەواكانی خۆی كردبێت، جا ڕژێمەكە شانشینی بووبێت، یان كودەتای سەربازی وەكوو كودەتای چواردەی تەمموز، یاخود دیكتاتۆری بووبێت، وەك لە قۆناغی حوكمڕانی دوور و درێژی بەعسدا، ئەوا هەڵوێستی سوپا هەر دژی گەلەكەمان وەستاوە و لە هیچ تاوانێكدا بەرامبەر گەلەكەمان نەپرینگاوەتەوە و تا ئاستی كیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید ملی لێناوە. ئێمە واماندەزانی ئەمە هەڵەی سیستەمە یەك لەدوای یەكەكانی حكوومەتی عێراقییە كە بەوجۆرە سوپای پەروەردە كردووە كە تەنها ئامێرێكی داپڵۆسێنەر بێت بۆ كورد و هیچی دیكە. بەڵام وەك دەركەوت ئەم تێزەش ڕاست دەرنەچوو، چونكە بەكۆتاییهێنان بە ڕژێمی دیكتاتۆری سەدام وا دەزانرا كە سوپای نوێ كە ئەمجارەش بە هاوكاری كورد بنیاتنرایەوە جیاواز دەبێ لە سوپای پێشوو و تەنها ئالەتێكی سەر كوتكەر نابێ بۆ گەلانی عێراق، بەڵكو سوپا بۆ پاراستنی وڵات دژی دوژمنی دەرەكی دەبێت كە بەداخەوە ئەمجارەش وا دەرنەچوو. گۆڕینی ڕژێم هیچ كاریگەرییەكی لەسەر عەقڵییەتی سوپا نەبوو، بەڵكو بەپێچەوانەوە بە هەمان شێوەی پێشوو پەروەردە كرایەوە كە تەنها كاری، بەپلەی یەكەم، بەرەنگاری داخوازییەكانی كوردبێت و هیچ دیكە. هەموو دیمان، هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمەوە سوپا بە جۆرێك پەروەردە دەكرا و لە كورد پاك دەكرایەوە وەكو بە بەرنامەیەكی داڕێژراوبێت بۆ ئەركی داهاتووی كە بەرەنگاری هەموو داخوازییەكانی گەلەكەمان بێتەوە، وەك دیمان هەر كە سوپا خۆی گرتەوە و چەكی قورسی پەیداكرد، ئەوا ڕووی بۆ كوردستان وەرگێڕاو دەیویست هەموو ئەو دەستكەوتانەی دوای ڕووخانی ڕژێم دەست گەلەكەمان كەوتبوون لەناوبەرێت و سوپا بگەڕێنێتەوە بۆ كوردستان. هەر ئەم سوپایەی كە ئاوا بە گەرمی خۆی بۆ شەڕی كورد ئامادە دەكرد، نەیتوانی بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش بۆ چەند ڕۆژێك بەرگە بگرێ، بەڵام بۆ شەڕی كورد وەك بۆ غەزا بچێت ملی دەنا. ئەم سوپایەی ئەمڕۆ كە بڕیاربوو لە ململانێ سیاسیدا بەشدار نەبێ و دەستووریش ئەو ڕێگەیەی پێ نەدەدا، بەڵام چونكە پەروەردەببوو بە هەمان عەقڵییەتەوە بەڕێوەدەچوو، سوپا جارێكی دیكە بۆوە بە تەرەف و لە سوپای نیشتمانیەوە بووە سوپای تاقم و لایەن. لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەستی نیشتمانپەروەرانەی حكوومەتی هەرێم بكەین كە ئەمساڵ شەشی كانوونی نەكردە پشووی فەرمی، چونكە گەلەكەمان تا ئەمڕۆ لە نەهامەتی زیاتر هیچ خێرێكی لەو سوپایە نەدیوە.










