دكتۆر صباح صابر محەمەد خۆشناو‮

بۆ ئامادەكردنی پلاتفۆڕمی هەڵبژاردن پێویستە دیدگاێكی (رؤیا) ڕامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتی گشتگیر هەبێت بۆ سروشتی بارو دۆخی واقعی هەرێمی كوردستان و خوێندنەوەێكی زۆر وورد هەبێت بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەرجەستە دەبێت تەنها بە داڕێژتنی بەرنامەێكی واقعی ڕەنگدانەوەی ئەم دیدگایە بێت كەوا دادەنرێت لەسەر ڕاستیەكان و دەرامەتە سروشتی و مرۆیی و داراییەكان و چۆنیەتی بەكارهێنانیان و بە گوێرەی پێشینەیی لە ئامانجە هەڵقوڵاوەكانی فەلسەفەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دیاریكراو لە پلاتفۆڕمەكەدا.
لەبەرئەوە دەبێت لەسەرەتادا ئاڕاستەێكی ناسراو هەبێت كەوا بەرنامەكەی لەسەر دابنرێت، مەبەست لە ئاڕاستە دیاریكردنی فەلسەفەێكی دیاریكراوی ڕامیاری و ئابووریە كەواتە شوێنكەوتنی قوتابخانەێكی بیری فەلسەفی دیاریكراو بێت چونكە هەر ئاڕاستەێك چەند سیاساتێكی گشتی بە دوادادێت كەوا دەبێتە تەواو كەری یەكتر.
پلاتفۆڕمی هەڵبژاردن دروست نابێت لە بۆشایی بیری یان غیابی ئاڕاستەی ڕامیاری دیاریكراو بۆ ئەوەی سیاساتی گشتی عشوائی نەبێت و بەشێك لەم لاو بەشێك لەم لا وەرنەگیرێت. بەرپرسیارێتی ڕامیاری پەیوەندێكی زۆر بەهێزی هەیە بە پلاتفۆڕمی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوە پێویستە دابڕێژرێت لەسەر لێكدانەوەی ووردی دەرامەت و داهات و خەرجیەكانی بەمەبەستی بەرجەستە كردنی ئامانجەكان.
هەرێمی كوردستان دەناڵێنێت بەدەست چەندەها كێشەی كەڵەكەبوو هەروەها خراپی بەڕێوەبردن و بەكارنەخستنی دەرامەتەكان بە شێوەێكی كارامە, لەبەر ئەوە فشاری كۆمەڵایەتی و هەژاری زیاترە و چینی ناوەند كەم بۆتەوەو بزر بووە، خزمەتگوزاری گشتی زۆر لاواز بووە سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، چونكە زۆربەی كەرتە خزمەتگوزاریەكان و كۆمەڵاتیەكان دەناڵێنێت لەدەست قەیرانی دارایی و ئابووری.
(( خاڵە لاوازەكانی ئابووری ودارایی هەرێمی كوردستان))
1- ئابووری هەرێمی كوردستان ئابوورێًكی شێواوە و لاسەنگە و موڵكانەییە (ریعی) و پشت بە سەرچاوەی داهاتی نەوت دەبەستێت و لەسەر یەك پایە بەندە.
2- ئابوورێكی ئاشكرایە و واڵایە بەرامبەر بە ئابووری ووڵاتانی جیهان ( هاوردەی زۆرە و هەناردەی كەمە) ئابوورێكی تاك لایەنەیە.
3- سیاسەتی نەختینەیی سەربەخۆ نیە سەر بە حكومەتی فیدڕاڵە بە گوێرەی ماددەی(100)دەستووری عێراق هەروەها یاسای ژمارە (56) یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی سەردەمی حاكمی مەدەنی عێراق (پۆل بریمەر) لەبەر ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت ئامڕازەكانی سیاسەتی نەختینەیی بەكار بهێنێت.
4- نەبوونی دیدێكی(رؤیا) ڕوون لە نێوان سیاسەتی دارایی و سیاسەتی نەختینەیی، چونكە سیاسەتی نەختینەیی لە عێراق جەخت لەسەر سەقامگیری نرخەكان دەكاتەوە، كەچی سیاسەتی دارایی جەخت لەسەر قەبەكردنی خەرجیە ڕەوانەكان ( نفقات جاریە) و زیادیكردنی بەكارهێنان دەكاتەوە، پێویستە سیاسەتی دارایی كار لەسەر پەرەپێدان وگەشەسەندنی ئابووری و كەرتە ڕاستەقینەكانی بكاتەوە و شان بەشانی سیاسەتی نەختینەیی بڕوات هاوتەریب بێت نەوەك پێچەوانەی بێت.
5- بەداخەوە تاوەكو ئێستا وە بەبەردەوامی بڕیاربەدەستانی بڕیاری ئابووری لە هەرێمی كوردستان هیچ گرنگێك نادەن بە پێشنیارو ڕاو سەرنجی ئابووریانەو داراییانەی شارەزایانی ئابووری و دارایی و مامۆستایانی زانكۆ و ئەكادیمیاكانی هەرێمی كوردستان. زۆر بە دەگمەن بانگهێشتیان دەكەن بۆ ووتوێژ كردن لە لێژنەكانی تایبەت بە پەرلەمان و دام و دەزگاكانی تایبەت بە ئەنجومەنی وەزیران و بانكی ناوەندی.
6- بودجەی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بودجەی بڕگە (بنود، تقلیدی) دانراوە و داڕێژراوە، ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەردەم و مۆدێرن، بەڵكو پێویستە بودجە لەسەر بنەمای بودجەی پڕۆگرام و پلان دانان دابڕێژرێت كەوا ئامانجە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان تێدا دیاری بكرێت و بەرجەستەی بكات.
7- زۆری ڕێژەی پێك هێنانی بودجەی ڕەوان(جاری) كەوا دەگاتە ڕێژەی (70%) لە كۆی بودجەی گشتی دا بە بەراوورد لەگەڵ بودجەی وەبەرهێنان كەوا ڕێژەكەی دەگاتە (30%). ئەمەش هەڵەێكی ستراتیجیە و ئابووریە ووڵات بەم شێوازە گەشە ناكات بە شێوەێكی تەندروست و هاوسەنگ.
8- باجە ناڕاستەوخۆكان ڕێژەێكی زۆر لە كۆی داهاتی باجەكان پێك دێنێت بە بەراوورد بە داهاتی باجە ڕاستەوخۆكان، ئەمەش دیاردەێكی تەندروست نیە ، بەڵكو دەبێت زیاتر جەخت لەسەر باجە ڕاستەوخۆكان بكرێتەوە و هەمەجۆر بكرێَت.
9- بەرزی ڕێژەی داهاتی نەوت لە كۆی داهاتی گشتیدا كەوا ساڵ هەیە گەیشتۆتە نزیكەی (97%) و ە زیاتر لە نێوان (92% -97%) بووە بە درێژایی ساڵانی (2004- 2017) ، ئەمەش دیاردەێكی نائاساییە و بەڵگەیە لەسەر ئابوورێكی موڵكانە (ریعی).
10- زۆری ڕێژەی خەرجیە سەربازیەكان و كەرتی ئاساییش بە شێوەێكی گشتی كەوا دەگاتە زیاتر لە ڕێژەی (20%) لە كۆی خەرجی گشتی هەرێم. ئەمەش ئاماژەیە بە خەرجی بەكارهێنان.
11- زیادبوونی خەرجی گشتی بە ڕێژەێكی زۆر خێراتر لە زیادبوونی ڕێژەی داهات بەگشتی و داهاتی باجەكان بە تایبەتی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەرم نەبوونی جهازی باجدان بەرامبەر بە گۆڕنگاریەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری ودارایی و كۆمەڵایەتی
12- بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستان بودجەێكی ژمارەییە و یاساییە زیاتر نەوەك بودجەێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بێت، ڕەهەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی زۆر كاڵە لە بودجەدا.
13- سیاسەتی دارایی بە هەم ئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی نەختینەیی هاوتەریب نە ڕۆیشتووە، چونكە سیاسەتی دارایی زیاتر خەرجی بەكارهێنان بووە نەوەك خەرجی وەبەرهێنان و زیادكردنی بەرهەم هێنانی نەتەوەیی، بە پێچەوانەوە سیاسەتی نەختینەیی هەوڵی سەقامگیركدنی نرخەكانی داوە و بەتایبەتی نرخی ئاڵ و گۆڕكردنی پارە بەرامبەر بە دۆلار.
لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی زور قورسی ئابووری و دارایی دا تێدەپەڕێ كەوا هیچ كەسێك ئیرەییمان پێنابات، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (20) ملیار دۆلار قەرزارە و مووچەی چەندەها مانگی فەرمانبەرانی نەداوە و كورتهێنانێكی زۆر ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەی پەیوەست بێت بە كێشەكانی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان و كەرتە ئابووریەكان بە تایبەتی كەرتی دارایی گشتی و بودجە و سیاسەتی دارایی و چارەسەریەكان و پێشنیارەكان، بە چەند تەوەر دەخەینە ڕوو :-
تەوەری یەكەم:- دادگەری كۆمەڵایەتی.
بەرجەستەكردنی دادگەری كۆمەڵایەتی و دڵنیابوون لە دابەشكردنی داهاتی چاڵاكی ئابووری بە شێوەێك كەوا دادوەری و بواری كاركردنی یەكسان لە گرنگترین ئەركەكانی حكومەتە. لەسۆنگەی ئەم بەرپرسیاریەتەوە ڕووبەڕوو بوونەوەی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەكان و نەهێشتنی هەژاری و بێكاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی و سەرەكی وەكو خزمەتگوزاری و فێركردن و چاودێری كۆمەڵایەتی و گواستنەوەو گەیاندن, باشكردنی باری بژێوی كرێكاران و جوتیاران، هەروەها چارەسەری كرداری بۆ كێشە كۆمەڵایەتیەكان وەكو قەیرەیی و منداڵانی سەر جادەو پێداویستیە تایبەتیەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی خێزانی پەككەوتوو و زیادكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كەم دەرامەت، ئەمانە هەمووی لە گرنگترین ئامانجەكانی پلاتفۆڕمی هەڵبژاردنن بەمەبەستی بەرجەستەكردنی دادگەری كۆمەڵایەتی لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیی خوارەوە:-
یەكەم:- ڕووبەڕوبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەكان و گرانی بازاڕ.
1- كاركردن لەسەر بەرجەستەكردنی سیاسەتی كێبڕێی و نەهێشتنی قۆڕخكاری, بۆ ئەوەی كۆمەڵێكی قۆڕخكار دەست بەسەر بازاڕ دانەگرن و نرخەكان بەرز نەكەنەوە.
2- دیاریكردنی نرخی كاڵاو خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان لە كاتی گەمەكردن بە نرخەكان لە لایەن بازرگانەكانەوە، هەروەها چاودێرێكی تووند لەسەر بازاڕەكان بۆ نەهێشتنی قۆڕخكاری و گەمە بە نرخ كردن لە بازاڕدا.
3- پابەندبوون بە جۆری (باشی)كاڵاو خزمەتگوزاریەكان بۆ ئەوەی هاوڵاتیان تەندروست بن.
4- كاركردن لەسەر بەرجەستەكردن پێویستی خودی (الإكتفا‌ء الذاتی) لە كاڵا سەرەكیەكان وەكو گەنم و شەكر و ڕۆن و گۆشت.
5- هاندانی و پاڵپشتیكردنی سەندیكای پاراستنی بەكاربەر بەمەبەستی ناساندنیان بە مافی بەكاربەرەوە كەوا گرنگترینیان تەندروستی بەرهەمهێن و مافی قەرەبووكردنەوەیە لەكاتی زەرەركردندا.
6- كاركردن لەسەر ژیرانەكردنی سیاسەتی بە تایبەتیكردن و ڕێكخستنی بەپێی دیاریكراوە ڕۆنەكان، بەتایبەتی پیشەسازیە ستراتیجیەكان.
7- هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و ڕێكخستنی پڕۆسەی هاوردەكردن.
دووەم:- نەهێشتنی دیاردەی هەژاری.
1- پێشكەشكردنی پڕۆژەی یاسای هەمواركردنەوەی یاسای باجەكان بە دیاریكردنی باجی هەڵكشاو لەسەر داهاتی گشتی و بەرزكردنەوەی ئاستی لێبوردەیی باج لەسەر دەرامەتی گشتی، بەمەبەستی بەرجەستەكردنی داگەری باج و ڕەچاوكردنی دەرامەتە كەم و دیارەكانی كارمەندان و بەتایبەتی مووچەخۆرانی حكومەت كەوا ژمارەیان نزیكەی 1200000 مووچەخۆر دەبێت.
2- دووبارە دابەشكردنەوەی دەرامەتەكان بە شێوەێك كەوا دادگەری بەرجەستە بكات و هەموو تاكێك كەمترین ئاستی بژێوی دەستەبەر بكات، لەبەر ئەوە پێویستە یاساێكی تایبەت دەربكرێت بە كەم ترین و بەرزترین ئاستی كرێ، گۆڕینی پەیكەری كرێی ئێستا بە شێوەێك كەوا كرێی سەرەكی ببێتە بنەمای سەرەكی مووچە، هەروەها هاندان و پاداشت بدرێت بە گوێرەی كاركردن وكارامەیی.
3- فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری سەرەكی تەندروستی و خۆراك و فێركردن و جێنشین و گواستنەوەو گەیاندن بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی تاك.
4- پاڵپشتیكردنی پڕۆژەی بچووك، دەستەبەركردنی قەرز و ئاسانكاری ڕێكارەكانی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی قەرزەكان.
5- كاراكردن و ڕێكخستنی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی سەرمایەدارەكان.
6- پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی، بەمەبەستی فراوانكردنی چەتری بیمەی كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بگرێتەوە، بە تایبەتی توێژی سوودوەرگر لە بیمەی كۆمەڵایەتی.
سێیەم:- چارەسەری كێشەی بێكاری.
بێكاری دیاردەێكی ترسناكە ڕێژەكەی لە نێوان (25-15) لە هەرێمی كوردستان ، هۆكارەكانی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری گۆڕاوە ڕامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان لەسەر كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان، گرنگرتین خاڵەكانی چارەسەركردنی بریتین لە:-
1- دامەزاراندنی صندوقێكی نەتەوەیی بە مەبەستی باربووكردنی بێكار ولە كاركەوتووەكان وئاسانكردنی بەدەستهێنانی باربووەكە, ئەمەش لە ڕێگای پێشكەشكردنی پڕۆژە یاساێك كەوا ئەم بابەتە ڕێك بخات, پێویستە داتا بەیسی ڕاستەقینە هەبێت سەبارەت بە بێكاری.
2- دووبارە بەكارخستنەوەی توانای بە فیڕۆ چووی لە گشت كەرتە ئابووریەكان.
3- دووبارە پێداچوونەوە بە سیاسەتی بە تایبەتیكردنی و پاراستنی پڕۆژە گشتیەكانی كەوا دەرئەنجامی ئەم سیاستە دەیانگرێتەوە و دەفرۆشێن بە كەرتی تایبەت بە مەبەستی زیادكردنی كارامەیی و كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستاندا.
4- كاركردن لەسەر باشكردنی ژینگەی وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەستەكانی گەشەكردنی كەرتی تایبەت.
5- ئەنجامدانی بەرنامەی خزمەتگوزاری تەندروستی و فێركردنی گشتی كەوا دەبێتە هۆی لە خۆگرتنی ژمارەێكی زۆری دەرچووانی كۆلێژو پەیمانگاكان.
6- فراوانكردنی بەرنامەی ڕاهێنان و مەشقكردن لەسەر پیشەی جۆراوجۆر.
7- كاركردن لەسەر دۆزینەوەی بواری كاركردنی بەرهەمهێن, ئەمەش بەرجەستە دەبێت لە ڕێگای پاڵنانێكی بەهێزی وەبەرهێنان و گەشەسەندنی لە هەموو كەرتە ئابووریەكانی نەتەوەیی.
8- سوود وەرگرتن لە وەبەرهێنانی دەرەكی ڕاستەوخۆ بە شێوەێكی ڕاستەقینە هەروەها بەهێزكردنی ئەم وەبەرهێنانانە لە بواری پیشەسازیە ستراتیجیەكان.
9- گرنگیدان بە جۆری تەكنەلۆجیای گونجاو بە پڕۆژەی پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە قۆناغەكانی سەرەتایی چونكە پێویستە جەخت لەسەر تەكنەلەۆجیاو پیشەسازی چڕی كار بكرێتەوە.
10- دووبارە هاوسەنگی كردن لە نێوان دەرچووەكانی فێركردن و پێداویستیەكانی بازاڕی كار.
11- بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانی نەتەوەیی كەوا لە ڕێژەی (25%) كەمتر نەبێت بەمەبەستی لە خۆ گرتنی ژمارەی ئەو كەسانەی كەوا دێنە نێو بازاڕی كار.
12- دروستكردنی نووسینگەی بەكارخستن لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دروستكردنی بواری كاركردن لەسەر هەردوو ئاستی كەرتی تایبەت و گشتیدا.
چوارەم:- باشكردنی بارو دۆخی كرێكار و جووتیار.
1- دووبارە داڕێژتنەوەی پەیكەری كرێ بۆ ئەوەی كەوا بگونجێت لەگەڵ كەمترین ئاستی ژیانی خێزان لە هەرێمی كوردستان كەوا كەمتر نەبێت لە (700000) دینار مانگانە، هەروەها پابەندكردنی لایەنی كار كەوا دووبارە بە پێداچوونەوە بكەن بە شێوازی خولی كرێ بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ ئاستی گشتی نرخەكان.
2- فراوانكردنی دامەزراندنی قوتابخانەی پیشەسازی و پیشەیی، پەرەپێدانی بە شێوازێك ئاستی فێركردن و ئامادەكردنی جیاواز بێت و هەموو پێداویستیەكانی بازاڕی كار بگرێتە خۆ.
3- پێشكەشكردنی یاسای بیمەی تەندروستی كەوا بە تایبەتیكردنی بیمەی تەندروستی قەدەغە بكات بە مەبەستی دەستەبەركردنی چاودێری تەندروستی بۆ هەموو هاوڵاتێك.
4- زیادكردنی باربووی جووتیاران بە مەبەستی ڕوو بەڕوو بوونەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی پڕۆسەی چاندن و كشتوكاڵ.
5- ئاسانكردنی دانەوەی قەرزی جووتیارە بچوكەكان بە بێ سوو.
6- جێگیركردنی كرێكاری كاتی لە كەرتی كشتوكاڵدا.
7- كاراكردنی سەندیكای كرێكارانی كشتوكاڵ و ئاوەڕۆ بەمەبەستی ئەوەی كەوا ڕۆڵی كاریگەر ببینن لە بەرجەستەكردنی بەرژەوەندی و پێداویستیەكانیان.
پێنجەم:- باشكردنی بارو دۆخی پێداویستیە تایبەتەكان.
بۆ ئەوەی ژیانێكی باش وگونجاو كاری گونجاو فەراهەم بكرێت بۆ خاوەن پێداویستە تایبەتەكان، دابین كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و كۆمەڵایەتی و بەشداریكردن لە چاڵاكی وەرزشی لە ڕێگای ئەمانەی خوارەوە:-
1- دانانی پلانێكی نەتەوەیی یەكگرتوو و گشتگیر جەخت لەسەر ئامادەكردنی كۆمەڵگا بكاتەوە لە بواری پەككەوتەیی و هەمئاهەنگی كۆشش وكاری وەزارەتەكانی پەیوەندیدار و دەزگا میری و نا میریەكان و ڕێكخراوە مەدەنی و هۆیەكانی ڕاگەیاندن.
2- پیادەكردنی پلانی نەتەوەیی بۆ زیادكردنی ژمارەی پیشەسازی دروستكردنی ئامێری قەرەبووكردنەوەی پەككەوتەیی، دەستەبەركردنی بە بێ بەرامبەر بۆ پەككەوتەكان.
3- پیادەكردنی پڕۆژەی لێكدانی مناڵانی پەككەوتە لە فێركردنی قوتابخانەی سیسەتەمی.
4- زیادكردنی قوتابخانەی پیشەیی بۆ پەككەوتەكان بە هاریكاری لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و فێركردن و كار.
5- ئاسانكاری بۆ بەشداریكردنی پێداویستی تایبەت لە یانەی وەرزشی لە بەشداریكردنێكی داشكێندراو.
6- دامەزراندنی سەندیكای پێداویستیە تایبەتەكان كەوا هەوڵیان بۆ بدات و بەرژەوەندیان بپارێزێت.
تەوەری دووەم:- دژە گەندەلی:
ئەم خاڵانەی وەك چارەسەری سەرەتایی خستە روو، هەست دەكەین پارتیمان لە قۆناغێكی مەترسیدایە، وە دەبێت سەركردایەتیمان بە جدی كاری لەسەر بكات. گەندەلی لەسەر سێ ئاست باس دەكەین لەسەر ئاستی حكومەت و لەسەر ئاستی حزب و لەسەر ئاستی كەرتی تایبەتی
پێشنیارەكانی ئێمە بریتین لە:
یەكەم: بەردەوام بوون لەسەر پرۆسەی چاكسازی، ئێمە هەموو دەزانین پارساڵ جەنابی سەرۆك پرۆژەیەكی چاكسازی پێشكەش كرد، داواكارین كاری جدی لەسەر بكرێت.
دووەم: تەواوكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێ بوون. زۆر پرۆژە هەیە تا ئێستا بە تەواو نەكراوی ماوەتەوە، زەوییەكی زۆر بەفیرۆ رۆیشتوە و تەنیا چەند كەسێك سوودمەند بوون تێیدا.
سێیەم: ئیدارەدانی بودجەی حكومەت بە شەفافی
چوارەم:دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو.
پێنجەم: دادگایی كردنی ئەوانەی دەستیان لە گەندەڵی هەبووە.
شەشەم: حكومەت ببێتە وەكیلی خەڵك ، نەك خاوەنی خەڵك.
حەوتەم: كەرتی نەوت و سامانە سروشتیەكان شەفاف بكرێت.
هەشتەم: رێگری كردن لە قۆرخكردنی كەرتی بارزگانی، ئەوەی كە ئێستا هەیە كەرتی بازرگانی لە هەندێ بواردا قۆرخكراوە بۆ چەند كەسێك.
نۆیەم: وەرگرتنەوەی زەوی گشتوكاڵی، یاخود دانانی ئالیەت و میكانیزمێك بۆی، هەرەوەها تا ئێستا دیار نییە زەوی مولكی گشتییە یان مولكی تایبەتە، بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 87000 پارچە زەوی كشتوكاڵی هەیە كراوەتە مەزرەعە و 54000 بیری ئیرتوازی هەیە، لە كاتێكدا ئەوانە هەمووی هی شەخسین و هیچ سوودێكی گشتی لێ وەرناگیرێت.
دەیەم: پرۆژەكانی وەبەرهێنان ئیعلان بكرێ، بزانرێت دەدرێتە كێ، ناوەكان روون و دیار بن، وە لە رۆژنامە ناوەرۆكی پرۆژەكان بڵاو بێتەوە و مونافەسە دروست بێ لە وەرگرتنی تەندرەكان.
یازدە: داهاتی وەبەرهێنانی حزب و داهاتی حكومەت لێك جیا بكرێتەوە. هەست دەكرێت لەمبارەیەوە تێكەڵیەك هەیە.
دوازدە: لێپرسینەوە بكرێت، كەسێك كە بەرپرسیاریەتیەكی دواتر دەوڵەمەند دەبێت، هەقە دواتر لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و لێی بپرسن ئەوەت لە كوێ بوو: من این لك هذا
سیازدە: میلاكی حزب و حكومەت لێك جیا بكرێتەوە، هەرچەندە ئێستا خۆشبەختانە پرۆژەیەك چۆتە پەرلەمان و ئێستا لە پەرلەمان مناقشەی ئەوە دەكرێت.
چواردە: گۆڕانكاریی لە شێوەی بەرێوەبردنی ئابوری كوردستان، وەزارەتی دارایی بەرپرسە لە دابینكردنی موچە كەچی لای ئێمە وەزارەتی سامانە سرروشتیەكان موچە دابین دەكات.
پازدە: فەلسەفە ئابووری و فەلسەفەی حوكمرانی و فەلسفەی كارگێری چاك بكرێت
تەوەری سێەم :- پرسی مووچە.
یەكەم: هەیكەلی حكومەت بچووك بكرێتەوە، جارێكی پەیكەری حوكمرانی دابرێژرێتەوە
دووەم: پێداچوونەوە بە ژمارەی مووچەخۆران بە گوێرەی قانونی میلاكات و راژە لە هەرێمی كوردستان و هەمواركردنەوەی بەشێك لە یاساكان كە بۆتە هۆی زۆری ژمارەی موچەخۆران
سێیەم: دیدی حكومەت روون بێ لەسەر پرۆژە، لە ساڵی 2014 تاكو ئێستا پرۆژەی بودجەی نەبووە، پێویستە لە یاسای بودجەی گشتیدا بە روونی ئاماژە بە ئامانجەكای گەشەسەندنی ستراتیژی لە بودجەی گشتی دیاری بكرێت
چوارەم: پێداچوونەوە بكرێت بە دەرمالەی چینێك، چەكێكی دوسەرەیە، راستە چاكسازی دەكرێت بەڵام چینێك زەرەمەند بێ، لە لایەك دەستبردنە بۆ چاكسازی، لە لایەكی دیكە دەستبردنە بۆ قوتی خەڵك.
پێنجەم: هەوڵەكان چر بكرێتەوە بۆ ئەوەی موچە لە كاتی خۆی بدرێت.
شەشەم: دارشتنەوەی موچە بەشێوەیەك بێت كە دادپەروەری تێدا بێت.
حەوتەم: ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی لە سیستەمی بودجەی گشتی لەسەر دوبارە دارشتنەوەی پەیكەری سیستەمی ئابوری و دارایی و ژمێریاری و كارگیری لە رێگەی دارشتنی پلانێك كەوا ئامانجی چاكسازییەكی ریشەیی و هەمە لایەن.
هەشتەم: كارا كردنەوەی سندوقی خانەنشینی، حكومەت مافی هەلسوكەت نییە بەو داهاتە
نۆیەم: لابردنی ئەركە داراییە قورسەكانی حزب لەسەر حكومەت.
دەیەم: هەماهەنگی لەنێوان كەرت حكومی و حزب
یازدە: كاراكردنی سندوقی خانەنشینی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینی بەركار و قەدەغەكردنی خەرجكردنی هیچ برە پارەیەك بۆ مەبەستی دیكە.
دوازدە: پابەندبوونی حكومەت بە پیشكەشكردنی حسابی ختامی”ژمێریاری كۆتایی” هی ساڵانی رابردوو بە مەبەستی كاراكردنی چاودێری دارایی.
سێزدە: هاندانی بانقە تایبەتیەكان بۆ پێدانی قەرز بە پرۆژە بچوك و مامناوەندیەكان بۆ ئەوەی هەلی كار زیاد بكرێت.
چواردە: سنورداركردنی هەژموونی حزب لە حكومەت بە مەبەستی سوك كردنی باری قورسی دارایی حكومەت
پازدە: گرنگیدان بە بودجەی وەبەرهێنان و زیادكردنی پشكی لە بودجەی گشتیدا بۆ رێژەی 50% كەمكردنەوەی بودجەی رەوان بۆ 50%
تەوەری چوارەم:- هەلی كار
لەچەند خاڵێك پێشنیاری خۆمان دەخەینە روو
1- نەبوونی پسپۆری تازە. پێویستە هەلی كار برەخسێنین و پسپۆری تازە دروست بكەین
2- دەزگایەكی تایبەت بۆ راهێنانی گەنجان، بە هەزاران گەنج بیكارن و هەزاران هەلی كار هەیە بەلام پێویستی بە راهێنانە.
3- خراپی یاسای وەبەرهێنان، بەجۆرێك یاسای وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە كە بگونجێ لەگەڵ بارودۆخی ئەمرۆ
4- نەبوونی بەرنامەیەكی ستراتیژی، نەبوونی پیشەسازی پترۆكیمیاوی،
5- یەك پرۆژەی ستراتیژی نییە سەد 95 پشتمان بەكەرتی تایبەتە بەستووە.
6- جارێكی زەوی دابەش بكرێتەوە، هەیە 70 دونم زەوی هەیە، كەچی چاوەرێی موچە دەكات
7- مودیلێكی نوێی وەبەرهێنان بێتە كایەوە.
چارەسەركردن
یەكەم: پرۆژەی بچوك و مامناوەندی كاری پێ بكریت و سوود لە ولاتانی پێشكەوتوو وەربگرین.
دووەم: دامەزراندنی جۆب سەنتەر، لەو سەنتەرە دەورە لە سێ ساڵ تا 5 ساڵ بكرێتەوە، لەوانەیە بە هۆی خولێكی راهێنان دەرفەتی كاری بۆ برەخسێت
هەمووكەنج و كۆمپانیان رێك بخرێنەوە.. ئەوانەی زیادن بهێنرێنەوە جۆب سەنتەر و راهێنانی خۆیان بكێت.
وەزراەتەكان ببنە خۆبژێوی.. لە ئەلمانیا یەك ملیۆن و سەد هەزار هەلی كار هەیە، كەچی گەنج نییە كاری تیدا كار بكات.
سێیەم: كاتێ سیولە نییە، حكومەت باج كەم بكاتەوە. نەك زیاد بكات، چارەسەركردنی چەك لە بارزار، كرین و فرۆشتنی پێ دەكرێت، رسومات و باج كەم بكرێتەو، ناوێرن مولەت نوێ بكەنەوە لە بازاری رەش كار دەكەن.
هاوكاری نێوان كارتی كشتی و تایبەت, كەرتی هاوبەش دروست بمرێت و هەلی كار برەخسێنن.
سوپای بێكاری گەشەپێدانی ئایووری..
كارگەی زەیتی گولبەرۆژە و پرۆژیكان بێكەوە ئەنجامبدرێت.
دانمارك 5 نمیلۆنە خۆراكی 25 ملیۆن دروست دەكات.سەدا 85 لە كەرت تایبەتن..
تەوەری پێنجەم:- گەشەسەندنی ئابووری.
پڕۆسەی گەشەسەندنی ئابووری پشت دەبەستێت بەم چەند بنەمایەیی خوارەوە:-
1- ئامادەكردنی ژینگەی یاسایی بۆ پێداویستی چاكسازی ئابووری.
2- پشت بەستن بە خود و سوود وەرگرتن لە دەرامەتە ناوخۆییەكان ( سروشتی، دارایی، مرۆیی), دانانی سیستەمێكی بەرهەم هێنان كەوا بەند بێت لەسەر ستراتیجیەتی شوێنگرتنەوەی بەرهەم هێنانی ناوخۆ لە شوێنی هاوردەكردنی ئەم بوارانەی كەوا سوود بەخشە و ئابووریانەیە.
3- دووبارە پێداچوونەوە بە ڕۆڵی ئابووری حكومەت, پێدانی ڕۆڵێكی زیاتر بە كەرتی تایبەت ئەمەش مانای بزربوونی ڕۆڵی حكومەت ناگەیەنێت تەنها گۆڕینی سروشتی ڕۆڵەكەیە.
4- فەراهەمكردنی ڕۆشنی (شفافیە) و داتای بەیسی وورد, هەروەها دروستكردنی ژینگەێكی وەبەرهێنان كەوا سەقامگیرو ڕۆشن بێت بەرامبەر زۆر لەو فاكتەرانەی كەوا كاریگەریان هەیە.
5- گرنگی دانی زیاتر بە كەرتە ڕاستەقینەكان وەكو كەرتی ( كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار، ووزە)، هەروەها بەشداریكردنێكی هاوسەنگ و تەندروست لە كۆی بەرهەم هێنانی ناوخۆدا (GDP).
6- ئەنجامدانی رٍێكەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا سەبارەت بە هەناردەكرنی نەوت لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ و بەدەستهێنانی بەشێكی داهات لە رٍێگای حكومەتی فیدڕاڵدا، بەلایەنی كەم دانی مووچەی فەرمەنبەرانی حكومەت.
7- جەخت كردن لەسەر هاوردەكردن لە پێناو تەواو كردن لەگەڵ بەرهەم هێنانی ناوخۆ نەوەك كێ بڕكێ كردن لەگەڵ كالاًَی بەرهەم هێنراوی ناوخۆ.
8- پێكهێنانی لێژنەی قەیران (لجنە اڵازمە) لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانكاریەكانی ڕۆژانە و بە تایبەتی دابەزین و بەرز بوونەوەی نرخی نەوت و ئەنجامدانی چاكسازێكی ڕیشەیی لە هەموو كەرتەكان و كایەكانی حكومەت و ژیانی كۆمەڵگا بە مەبەستی كەم كردنەوەی خەرجی نا پێویست و زیادە و زیاد كردن و هەمە جۆركردنی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان.
9- دامەزراندی لێژنەی هاوردەكردنی ناوەندی كەوا پەیوەست بێت بە ئەنجومەنی وەزیران و كێشانەوەی هەموو صلاحیاتی وەزیرانی تایبەت بە گرێبەست و هاوردەكردن، بە مەبەستی سنوورداركردنی هاوردەكردن و دیاریكردنی هاوردەكردنی كەرتی تایبەت لە ڕێگای وەزارەتی بازرگانی و بە شێوازی مۆڵەتی هاوردەكرن بە پێی چەند (ضوابط)ێكی تایبەت و بكەوێتە ژێر پێوەرەكان و كۆنترۆڵی جۆری ( التقییس والسیطرە النوعیە).
10- ئەنجامدانی گرێبەستی نێو دەوڵەتی سوودمەند لەگەڵ ووڵاتانی پێشكەوتوو بە مەبەستی چاڵاك كردنی كەرتە ئابووریەكان (كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار، نەوت و ووزە) وە بەشێوەی پاشخستنی دانی پارە ( الدفع اڵاجل).
11- ئاڕاستەكردنی وەبەرهێنان بۆ كەرتە سەرەكیەكانی وەكو كشتوكاڵ و گەشت و گوزار لەبەرئەوەی ئەم كەرتانە داهاتێكی باش بۆ هەرێم دابین دەكەن جگە لە دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك و هەروەها دابین كردنی بواری كاركردن بۆ گەنجان.
12- كاركردن لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئابووری ئازاد و تایبەت كەوا ببێتە هۆی زیادكردنی بواری وەبەرهێنان گەیاندنی سوودێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان.
13- بەستنی كۆڕو كۆڕبەندی تایبەت بە وەبەرهێنان لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و بەرچاوكردنی فاكتەرە ئەرێنیەكانی هەرێم، هەروەها ناساندنی ژینگەی وەبەرهێنان بە ووڵاتانی دەرەوە بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان.
یەكەم:- پڕۆسەی بە تایبەتی كردن (خصخصە).
پێویستە پڕۆسەی بەتایبەتی كردن ڕێك بخرێت بەم شێوازەی خوارەوە:-
1- جەختكردن لەسەر بەتایبەتیكردنی كارگێڕی و بەشداریكردن و بەرز كردنەوەی كارامەیی كارگێڕی.
2- پێویستە دەرئەنجامی بەتایبەتیكردن بەكاربهێنرێت لە چاڵاكی وەبەرهێنان كەوا زیاتر بگونجێت لەگەڵ پێداویستی ئێستای هەرێمی كوردستان.
3- پێویستە بارودۆخی كارمەندان و كرێكارانی ئەم پڕۆژانەی كەوا بەتایبەتی دەكرێن ڕەچاو بكرێن و بەڕێ نەكرێن.
4- پێویستە چاڵاكی بەرهەم هێنانی پڕۆژەكان گۆڕانكاری بەسەردا نەێت.
دووەم:- كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆڕخكاری و پاراستنی بەكاربەر.
1- كاراكردنی ڕۆڵی ئامرازی ڕێكخستنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆڕخكاری, دوور لە كۆنتڕۆڵی سەرمایەداران.
2- كاراكركردنی ڕۆڵی گرنگی یاسا و ئامڕازی پاراستنی بەكاربەر.
3- پەسەنكردنی سیستەمی جۆری بەرهەمەكان بەمەبەستی بەرجەستەكردنی بەرژەوەندی بەرهەم هێنانی ناوخۆ , هەروەها پاراستنی تەندروستی بەكاربەر.
سێیەم:- ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.
بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بكەین:-
1- دەركردنی یاسای دەربڕین و دەستاو دەستكردنی زانیاری بە شێوەێك كەوا ڕاپۆرتەكانی ئامڕازی چاودێریكردنی بڵاو بكاتەوە لە ڕۆژنامەی فەرمی ۆ تۆڕی ئەنتەرنێت, تیایدا مافی هاوڵاتی و رێكخراوی كۆمەڵگا مەدەنیەكان و هۆیەكانی ڕاگەیاندن دەستەبەر بكرێت بەمەبەستی دەستكەوتنی زانیاری بە شێوەێكی ئاسان و كەم تێچوو.
2- گۆڕینی دەزگای دیوانی چاودێری دارایی بە دادوەری ژمێریاری (محكمە المحاسبە) سوود وەرگرتن لەئەزموونی فەرەنسای سەركەوتوو لەم بوارەدا, بۆ ئەوەی ئەم دەزگایە دوور كەوێتەوە لە كاریگەری دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەروەها بەهێزكردنی پێگەی دەستەی چاودێری كارگێڕی.
3- جەخت كردنەوە لەسەر پڕەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان, سەروەری یاسا, گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەحكامەكانی.
4- پەرەپێدانی ڕۆڵی چاودێری و لێپرسینەوەی جددی دەزگاكانی یاسادانان لە ڕێگای ئامڕازەكانی پەرلەمانی.
5- جەختكردنەوە لەسەر ڕەهەندی ئەخلاقی بۆ دژایەتی كردنی گەندەڵی.
6- هاندانی ڕۆژنامەكان و هۆیەكانی ڕاگەیاندن بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی, بەهێزكردنی ڕۆڵی دەزگاكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەمەبەستی سنووردانای مەترسی ئەم دیاردەیە و كەم كردنەوەی كاریگەری.
چوارەم: بودجەی گشتی:-
1- زیادكردنی خەرجی لەسەر توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی ڕۆڵگێڕانی لە پڕۆسەی پەرەپێدان و گەشەسەندن.
2- زیادكردنی وەبەرهێنانی گشتی كەوا پەیوەستە بە كەرتە زیندووەكانی سەرەكی وەكو خوێندنی باڵاو و فیًَركردن و تەندروستی و گواستنەوەو جێنشین كەوا بگونجێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەكان وەكو ڕێژەێك بۆ كۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.
3- زیادكردنی باربووكردنی جووتیاران بەمەبەستی هاندانی كشتوكاڵ و چاندنی دەرامەتە سەرەكیەكان و ستراتیجیەكان، وەكو گەنم بەروبوومە ڕۆنیەكان و شەكریەكان و لۆكەو پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ئەم بەروو بوومانە.
4- دووبارە پێداچوونەوە بە یاسای باجی دەرامەت، لە ڕێگای زیادكردنی توێژی نوێ بۆ توێژەكانی تر كەوا ڕەچاوی پڕۆسەی هەڵكشانی نرخەكانی باج بكات.
5- پیادەكردنی سیستەمی باجە هەڵكشاوەكان لەسەر داهاتی گشتی دا.
6- رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كارگێڕی و دابین كردنی بەڕێوەبردێنێكی كارامە بۆ دەستە ئابووریەكان و كۆمپانیا گشتیەكان.
7- لێكدانەوە و ژماردنی بودجە لەسەر بنەمای شیكردنەوەی ئابووری و پێوەری چەندایەتی و چۆنایەتی لەسەر ئاستی پەیكەری و سێكتەری(كەرتی)، وەكو ئاماژە بە ڕێژەی كۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (GDP) و بەراوورد كردنیان بە ڕێژەی ساڵانی پێشوو. هەروەها هەڵسەنگاندی بەردەوامی دەرئەنجامی جێبەجێكردنی بودجەی گشتی و پەیوەست كردنی قەبارەی خەرجیەكان بە چەندایەتی و چۆنایەتی ئەو خزمەتگوزاریانەی كەوا یەكە كارگێڕیەكانی حكومەت پێش كەشیان دەكات.
8- پێویستە ئاڕاستەی بودجە و دابەشكردنیان لەسەر بنەمای فەلسەفەێكی دیاریكراو و ستراتیجی دیار و ڕۆشن بە ئامانجی تەوزیفكردنی لە پلانێكی گەشەسەندنی ئابووری هاوسەنگ دابێت. پێویستە لە یاسای بودجەی گشتیدا بە ڕوونی ئاماژە بە ئامانجەكانی گەشەسەندنی سەرەكی و ستراتیژی بكرێت.
9- جەخت كردن لەسەر لایەنی بەرهەم هێًنان لەسەر هەموو ئاستەكان و وەزارەتەكانی حكومەت و هەوڵدان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی كێشەی هەڵاوسان و بێكاری.
10- كاركردن و دانانی بودجە و سیاسەتی دارایی لەسەر بنەمای سێگۆشەی (ڕۆشنی ، بەشداریكردن، لێپرسینەوە) ( الشفافیە، المشاركە، المسا‌ولە)، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی قەڵاًچۆكردن و لە ناوبردنی گەندەڵی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا.
11- دەبێت پەرلەمان ڕۆڵی ڕۆن و كاریگەری بگێرێت بەرامبەر بە كارەكانی حكومەت سەبارەت بە جێ بەجێكردنی هەردوو بەشی بودجەی گشتی (ڕەوان و وەبەرهێنان).
12- هەمئاهەنگی كردن ( تنسیق) لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و كاركردن لەسەر هەندێك بواری زیندوو لە نێو كۆمەڵگادا و ئاماژە پێكردنی لە یاسای بودجەی گشتیدا.
13- هەمواركردنەوەی یاسای باجەكان لە ڕووی پەیكەر و نرخەكانەوە بە پشت بەستنی زیاتر بە باجە ڕاستەوخۆكان و هەروەها نرخی جۆری باجی هەڵكشاو لەسەر دەرامەتە پلە باڵاكان و كۆمپانیا سوود مەندەكان لە ئابووری هەرێمی كوردستان.
14- چاكسازی و هەمواركردنەوەی یاسای تاریفەی گومرگی بە شێوەێك كەوا بگونجێت لەگەڵا گۆڕانكاریەكانی هەرێمی كوردستان جگە لە دووبارە پێداچونەوە بە ڕۆڵی گرنگی داهاتی باجە گومرگیەكان.
15- ئەنجامدانی چاكسازێكی ڕیشەیی لە سیستەمی بودجەی گشتیدا كەوا بەند بێت لەسەر دووبارە داڕێژتنەوەی پەیكەری سیستەمی ئابووری و دارایی و ژمێریاری و كارگێری پەیوەندیدار، لە ڕێگای داڕێژتنی پلانێك كەوا ئامانجی ئەنجام دانی چاكسازێكی ڕیشەیی و هەمەلایەنی هەبێت.
16- گرنگیدان بە بودجەی وەبەرهێنان و زیادكردنی پشكی لە بودجەی گشتیدا بۆ ڕێژەی (50%)، كەم كردنەوەی ڕێژەی بودجەی ڕەوان بۆ (50%).
17- پاڵپشتی كردنی سەقامگیری ئابووری لە ڕێگای سیاسەتی خەرجی و سیاسەتی باج و كەم كردنەوەی ڕێژەی هەلاًَوسان و كەم كردنەوەی ڕێژەی بێكاری.
18- پابەندبوونی حكومەت بە پشت بەستن بە پێشكەشكردنی (ژمێریاری كۆتایی) (حسابات ختامیە) بۆ ساڵانی ڕابووردوو بە مەبەستی كاراكردنی چاودێری دارایی.
19- هاندانی پیشەسازی نیشتمانی و پاڵپشتیكردنی و بەكارخستنی ئەو كارگانەی كەوا لەكار كەوتوون بە پشت بەستن بە ڕێككەوتنی ئابووری لەگەڵ ووڵاتانی پیشەسازی پێشكەوو، وەكو ووڵاتی چین بو نموونە.
20- فرۆشتنی زەوی و زاری نا پێویست و زیادە لە پێویستەكانی حكومەت بە مزایەدەی ئاشكرا هەروەها بە تایبەتكردنی بەشێك لە كەرتی كارەبای هەرێم.
21- هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە ئاهەنگێك و ڤیستیڤاڵ و و كۆڕبەندی فەرمی نا پێویست كەوا پێویستی بە پارەێكی زۆر هەیە، تەنها ئەمانە نەبێت كەوا دەبنە پاڵپشتی ئابووری و سەربازی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق.
22- سیستەمی بانكی پەرە پێ بدرێت لەم بارودۆخە نالەبارە ڕزگار بكرێت، هەروەها بازاڕی كاغەزە داراییەكان دابمەزرێت بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنان لە هەرێم دا.
پێنجەم:- گواستنەوەو گەیاندن:-
ئەم كەرتە بە كەرتێكی خزمەتگوزاری دادەنرێت كەوا زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی كەرتە ئابووریەكانی تر لە لایەك ، دامەزراندنی یەكە بەرهەمهێنەكان لە دەرەوەو ناوەوە، گەیاندنی بەرهەمەكان بۆ بازاڕی ناوخۆ و دەرەوەی ووڵات لە لایەكی ترەوە، هەروەها بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری گەیاندن و گواستنەوەی هاوڵاتیان، هەروەها بۆ دابەشكردنی دانیشتوان و جێنشین لەسەر نەخشەی ئابووری ووڵات لە لایەكی ترەوە. ئەمەش پێویست دەكات كەوا پلانێكی سەرەكی بۆ هۆیەكانی ووشكانی و ئاسمانی و دەریایی، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كارامەیی لە كاركردن لەم كەرتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، بەم خاڵانەی خوارەوە:-
1- هاندانی كەرتی تایبەت بۆ بەشداریكردن و هەڵسان بە ڕۆڵی گرنگ لە هەموو چاڵاكیەكانی كەرتی گواستنەوە، چونكە كارگێڕی ئەم كەرتە زۆر نەرمە، هەروەها كەم كردنەوەی قورسایی لەسەر گەنجینەی حكومەت، بە ڕەچاوكردنی گونجاندنی نرخی خزمەتگوزاریە لەگەڵ بارو دۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی.
2- هاندانی گواستنەوەی بە كۆمەڵ لەسەر حسابی گواستنەوەی تایبەت وەكو هۆكارێكی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەڵەباڵغی ناو شارەكان و نێوان شارەكان، ئەمەش پێویست دەكات كەوا بە خێرایی پڕۆسەی دامەزراندنی هێڵی میترۆ تونێڵ لە هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، كەوا دراساتی هونەری و ئابووری كەڵكیان دەسەلمێنێت.
3- دامەزراندنی هێڵی ئاسنی بۆ شەمەندەفەر لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی ئاسانكردنی پڕۆسەی هاتووچۆ.
4- كاركردن لەسەر دروستكردنی هێڵی نوێی هاتووچۆ بەمەبەستی كەم كردنەوەی قەڵەباڵغی لە شارە گەورەكان و هاندانی هاوڵاتیان بۆ ژیان لەدەرەوەی شارەكان و وەبەرهێنان لە دەرامەتەكان بۆ پەرەپێدان و دروستكردنی بواری كاری نوێ و بەهێزكردنی ئاسایشی نەتەوەیی.
شەشەم:- گەشتوگوزار:-
پێویستە ستراتیجیەتی پەرەپێدان لە ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر بە گرنگی سەیری كەرتی گەشت و گوزار بكات, چونكە بنەماكانی گەشتوگوزار زۆرە لە هەرێمی كوردستان ژینگەێكی مام ناوەند و سروشتی زۆر جوانی هەیە, لەبەر ئەوە پێویستە گرنگی بەم خاڵانەی خوارەوە بدرێت:-
1- دانانی پلانی تۆكمە بەمەبەستی پاراستنی گەشتوگوزار لە شارەكان، قەدەغە كردنی گەشەكردنی عەشوائی باڵەخانە لە دەوروبەری ئەم شوێنە گەشتیارانە.
2- بە بازاڕكردنی بەرهەمەكان بەمەبەستی سەرنج ڕاكێشانی گەشتیارەكان لە ڕێگای چاڵاككردنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە بازاڕی ناوخۆ و بازاڕی ئامانجدراو، هەروەها كاركردن لەسەر كردنەوەی بازاڕی نوێ لە ڕێگای پڕۆپاگەندەی زیرەك، كاراكردنی ڕاگەیاندنی گەشتیاری بە شێوازێكی بابەتی و زانستی.
3- دووبارە داڕێژتنەوەی مەنزومەی گەشتوگوزار بە شێوازێك كەوا پاڵپشتی ئابووری و پەرەپێدان بێت هەروەها بگونجێت لەگەڵ بەهای ئەخلاقی كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەوا هەزارەها گەشتیار رٍابكێشێت لە ووڵاتانی جیهانی جۆراو بە گشتی و ووڵاتانی ئیسلامی بە تایبەتی.
4- دابینكردنی بنەمای سەرەكی پێشكەوتوو لە تۆڕی گواستنەوە و ئاوو كارەباو گەیاندنی تەل و بێ تەل، فڕۆكەخانە ناوخۆ و نێودەوڵەتیەكان، لەگەڵ چارەسەركردنی هەموو بەربەستەكانی كەوا دێتە بەردەم گەشتیارەكان و كار ئاسانی بۆیان.
حەفتەم:- پەرەپێدانی بەرهەمهێنان:-
پەرەپێدانی بەرهەمهیًَنان بڕبڕاگەی ئابووریە لە چەرخی نوێدا، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەین لە ڕێگای ئەم پلاتفۆڕمەدا هاوسەنگی لە پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و بەرهەمداری دروست بكەین لەسەر ئاستی هەموو كەرتەكانی ئابووری، لە كشتوكاڵ و بەرهەمی ئاژەڵی و پیشەسازی و ووزە و ئاسن و گەشت وگوزار، بەئامانجی دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكان و پێداویستی گەشەی ئابووری. ستراتیجیەتی بەرنامەی پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و بەرهەمداری پشت دەبەستێت بە كۆششی حكومەت و كەرتی تایبەت لە جێ بەجێكردنی هاوسەنگی لە نێوان پرۆژە بەرهەمداریەكانی كەوا پێشینەییان هەیە لە داهاتی كەم و هەروەها ئەو پڕۆژانەی كەوا داهاتیان زۆر خێرایە بەمەبەستی پاراستنی سیولەی نەختینەیی، خۆپاراستن لە هەڵاوسان، ئەمەش پشت دەبەستێت بەم خاڵانەی خوارەوە:-
1- جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژە بەرهەمداریەكانی كەوا لە ڕووی ئابوریەوە باشترن بە شێوەێكی ڕێژەیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
2- بەرجەستەكردنی هاوسەنگی لە نێوان پڕۆژە بەرهەمداریەكانی كەوا ئامانجیان هەناردەكردنە و ئەم پڕۆژانەی كەوا مەبەستیان پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیە.
3- پاڵپشتیكردنی ئەم پڕۆژانەی كەوا كرێكاری زیاتر تێدا بەكار دەهێنرێت چونكە دەبێتە هۆی چارەسەكردنی كێشەی هەژاری و بێكاری.
4- هاندانی كەرتی تایبەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە دامەزراندنی ئەم پڕۆژانەی كەوا دیاریكراوە لە پلانی پەرەپێدانی بەرهەمێنان و بەرهەمداری.
5- جەختكردنەوە لەسەر پیشەسازی و پەرەپێدانی تەكنیكی وەكو بزۆێنەرێكی سەرەكی گەشەكردنی ئابووری و پاڵپشتی پڕۆژەكانی ووزە و ئاسن.
6- فراوانكردنی بەكارهێنانی ووزەی نوێ، بەتایبەتی ووزەی نوێبوونەوە، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژەی ووزەی ڕۆژ، هەوڵدان و كاركردن لەسەر دامەزراندن و پەرەپێدانی تەكنیكی تایبەت بەم پڕۆژانە.
7- گرنگیدان بە كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی ئاژەڵی، بە مەبەستی بەرجەستەكردنی ئیكتیفای خودی لە بەروبوومە سەرەكیەكان و پڕكردنەوەی كەلێنی خواردنەمەنی، بەرزكردنەوەی بەهای ئابووری، هەروەها كاركردن لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەكان ئاوو ئاوەڕۆ.
8- كاركردن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بە گوێرەی بدەرەكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان (معطیات الواقع) هەروەها بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەكانی ژینگەی وەبەرهێنان، لەبەر ئەوە پێویستە هەندێك لە بڕگەكانی یاسای ژمارە (4) ساڵی 2006 هەموار بكرێتەوە و بگونجێنرێت لەگەڵ ژینگەی ئابووری هەرێم, هەروەها هەوڵدان بە دوورخستنەوەی نوخبەی سیاسی كەوا بریتین لە پیاوانی دەسەڵات و ئەندام پەرلەمانان لە پڕۆسەی وەبەرهێنان بە گوێرەی ئەم یاسایە.
9- گرنگیدان بە هەموو شوێن وناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوسەنگ لە ڕێگای خستنەڕووی بواری وەبەرهێنان وئاسانكاری وهاندانی وەبەرهێنان.
10- بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەێكی ساڵانە لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بەمەبەستی ناساندی گۆڕانكاریەكانی ژینگەی وەبەرهێنان و بوارەكانی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها چاپكردنی بڵاوكراوەێكی وەرزی لەلایەن دەستەوە كەوا تیایدا هەموو چاڵاكی و داتاكانی وەبەرهێنان بگرێتە خۆ بەمەبەستی بەرجەستەكردنی ڕۆشنی (شفافیەت).

هەشتەم:- كشتوكاڵ:-
ئەم پلاتفۆڕمە توخمەكانی ستراتیجی پەرەپێدانی كشتوكاڵ بەم خاڵانەی خوارەوە دیاریدەكات:-
1- سیاسەتی كشتوكاڵ دەبێت گۆڕانكاری بنەڕەتی لە پێكهاتەی بەروبوومەكان دروست بكات بە ئامانجی دابینكردنی ئیكتیفای خودی یان كەمكردنەوەی كەلێنی خۆراك بۆ دوورترین ئاست لە بەروبوومی دانەوێڵە و ڕۆن و عەلەف، هەروەها بەرهەمهێنانی بەروبوومی بەهای زیادكراوی بەرزی هەناردەكردوو وەكو بەروبوومی بیستان و سەوزە و میوەجات.
2- دامەزراندنی ئامێری بەبازاڕكردن كەوا ئامانجی ڕێكخستنی پڕۆسەی بەرهەمداری و پەیوەستكردنی بە پێداویستیەكانی بازاڕ و هەناردەكردن، لە پێناو دابینكردنی جێگیری لە نرخی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان، پاشان بەردەوام بوون و زیادكردنی بەرهەمی هەناردەكردن.
3- هەوڵدان بۆ دابینكردنی ئاوی ئاودێری بۆ زەوی زاری كشتوكاڵی سوودمەن بە كشتوكاڵی، كەوا ئامانجدارە بە پێی سیاسەتێكی مەدروس لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی.
4- گرنگیدان بە فێركردنی كشتوكاڵی لە ڕێگای پاڵپشتیكردنی كشتوكاڵی هونەری و باڵا هەروەها پاڵپشتیكردنی توێژینەوەی زانستی لە هەموو لایەنەكانەوە.
5- كاركردن لەسەر دابینكردنی پێداویستی كشتوكاڵ و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی لە ناوخۆدا ( تۆ، سمادی كیمیاوی، دەرمانی قەڵاچۆكردن، پێداویستی ئاودێری نوێ ) پێدانی بە جووتیار بە نرخێكی گونجاو.
6- دووبارە ڕیسایكلیكردنی دەرهاویشتە كشتوكاڵیەكان كەوا ببێتە هۆی پاكژی و خاوێنی ژینگە هەروەها دابینكردنی سەرچاوەێك لە سەرچاوەكانی ووزە و سەماد.
7- بەرجەستەكردنی پڕۆژەێكی كشتوكاڵی نوێ كەوا پشت ببەستێت بە دابین كردنی زەوی كشتوكاڵی فراوان لە هەموو پارێزگاكان بۆ بەكارخستنی هەموو دەرچوانی كۆلێژی كشتوكاڵ و پەیمانگای كشتوكاڵی و هەروەها بەكارخستنی گەنجی بێكار، وە دابین كردنی پێداویستیەكانی كشتوكاڵ (سمادی كیمیاوی)، پاشان بەڕێوەبردنی بە شێوازی هەروەزی و تەرخانكردنی ڕێژەی (50%) لە داهاتەكانی بۆ كرێكارەكان و ڕێژەی (50%) بۆ گەنجینەی حكومەت بگەڕێندرێتەوە، وە زیاتر جەخت بكرێتەوە لەسەر چاندنی (پاقلەمەنیەكان، سەوزەوات، میوەجات) (الحبوب، الخضروات، الفواكه).
نۆیەم:- پیشەسازی و ووزە:-
پیشەسازی لە چەرخی نویًَدا دادەنرێت بە بڕبڕاگەی ئابووری و پەرپێدان، لەبەر ئەوە پێویستە بنەماێكی پیشەسازی و هونەری دروست بكرێت، بۆ خزمەتكردنی ئامانجە ستراتیجیەكانی و ئابووریەكان و كۆمەڵاتیەكان لەگەڵا پەرەپێدانی هاوسەنگی كەرتی ووزە و ئاسن وەكو بەشێك لەم بنەمایە، هەروەها كاركردن لەسەر بە تەواوی كردنی بەرنامەی پەرەپێدانی تەواوی مرۆیی و ئاوەدانی و بەرهەمداری، ئەمەش پشت دەبەستێت بەم خاڵانەی خوارەوە:-
1- كاركردن لەسەر دامەزراندنی بنەماێكی پیشەسازی ستراتیجی، هەروەها بەرزكردنەوەی سوود لەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هۆیەكانی پیشەسازیە ئابووریەكان.
2- كاركردن لەسەر دانانی ئاماژەی پێوانەیی گشتگیر بۆ بەرهەمە پیشەسازیەكان، هەولًدان بۆ جێبەجێكردنی، بەرزكردنەوەی ئاستی هەندێك بەرهەم بە تایبەتی موادی دروستكردن ، بەمەبەستی زیادكردنی بەرهەمداری و زیادكردنی توانای كێبڕكێی جیهانی.
3- ئامادەكردن و جێ بەجێكردنی ئەم سیاساتانەی كەوا كاردەكەن لەسەر فراوانكردنی دامەزراندنی ئەو پیشەسازیانەی كەوا كەڵكی ڕێژەییان هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەروەها كۆتایی پێهێنانی ئەم پیشەسازیانەی كەوا توانای كێبڕكێان نیە، هەروەها هاندان بەمەبەستی فراوانكردنی پیشەسازی بچووك و پیشەسازی چڕی كرێكار و پیشەسازی پیشەیی دەستی.
4- پشكنین و دۆزینەوەی سامانی سروشتی باش بەكارهێنان و بەرهەمهێنانیان، هەروەها سوود وەرگرتن لە زانكۆكان و سەنتەر و دامەزراوە توێژینەوە ستراتیجیەكان وەكو ماڵی شارەزایی لەم بوارەدا.
5- فراوانكردن لە بوارەكانی ووزەی نوێ و ئەنتەرناتیڤ و پەرەپێدانی( وەكو ووزەی با، ووزەی ڕۆژ……..هتد).

‮❊ ‬پرۆفیسۆری‮ ‬دارایی‮ ‬گشتی،‮ ‬یاریدەدەر لە بەشی‮ ‬ئابووری‮- ‬كۆلێژی‮ ‬بەڕێوەبردن‮ ‬و ئابووری‮/ ‬زانكۆی‮ ‬سەڵاحەددین‮ -‬ هەولێر‮


‬


‬


‬