سوورە مەرگەیی
بوونی راوبۆچوونی جیاواز و ململانێی نێوان راوبۆچوونە جیاوازەكان دووانە چەمكی تەواوكەری دیموكراسین و دیموكراسی بەبێ بوونی ئەو دوو چەمكە مانایەكی نامێنێ، كاتێكیش راوبۆچوونە جیاوازیەكان جوان دەبن كە بە فیلتەری دیموكراسیدا ببرێن و ململانێكانیش بۆ خزمەتی خەڵك و لە پێناو پێشخستنی كۆمەڵگەدا بن، بە پێچەوانەوە كە راوبۆچوونە جیاوازەكان دەستیان خستە بینەقاقای یەكتری و سنووری رێزگرتنی رای بەرامبەریان بەزاند و ململانێكانیش بۆ سڕینەوەی یەكتری كەوتنە كێبڕكێ، ئەوكات دیموكراسی لەسەر خودی خۆی دەبێتە هەرشە و مەترسی، لێرەدا دەپرسین: بەو پێوەرەی سەرەوە لە كوردستان بوونی دیموكراسی لە چ ئاستێك دایە؟
ئەگەر بەو پێوەرەی سەرەوە شەن و كەوی دیموكراسی بكەین و لەگەڵ هەڵوێستی هەندێ كەس و دەستە و گرووپی سیاسی بەراوردی بكەین، ئەوەی لە كوردستان پێی دەگوترێ دیموكراسی، بەرەڵاییە و بەرگی دیموكراسی بەبەردا كراوە، بەوەش زەرەرمەندی یەكەم خەڵكی هەژار و ستەمدیدەی كوردستانە و سودمەندی یەكەمیش ئەو كەس و دەستە و گرووپانەن كە بە دوای دەستكەوتی كەسی و بەرژەوەندی حزبیدا دەگەڕێن.
ئەرێ لە كوێی دیموكراسیدا بۆ سڕینەوەی یەكتری وەك ئەوەی لە كوردستان پەنا بۆ ئیرهابی فكری و تۆمەت هەڵبەستن دەرێ، جیاوازیەكان كەوتوونە شەڕی دەستەویەخەی موهاتەرات؟
ئەرێ لە كوێی دیموكراسیدا بووە لەباتی رەخنەی بونیاتنەر جیاوازیەكان یەكتریان جنێوباران كردووە؟
ئەرێ لە كوێی دیموكراسیدا بووە كە بە ناوی جیاوازی بیروڕا پەنا بۆ خیاتەت و وڵاتفرۆشی براوە؟
ئەرێ لە كوێی دیموكراسیدا بووە حزب و دەستە و گرووپگەلێكی وا هەبوون دژی ئیرادە و دەنگ و بڕیاری خەڵك بوەستنەوە؟ وەك ئەوەی لە ریفرادۆم روویدا و چاوەڕوان دەكرێ لە دەرەنجامی هەڵبژاردنیش شتێكی وا رووبدات.
دەپرسین: لە كوێی دیموكراسیدا وەك ئەوەی لە كوردستان روویدا، لە ململانێكاندا جیاوازییەك بۆ سڕینەوەی بەرامبەرەكەی پەنای بۆ دوژمنان و داگیركارانی نیشتیمانەكەی بردووە؟
هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە یەك وەڵامیان هەیە و ئەویش ئەوەیە: ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ و ناونراوە دیموكراسی، فەوزای سیاسییە و هیچی تر!!، فەوزای سیاسیش زۆر لە دیكتاتۆری ترسناك ترە، چونكە لە فەوزای سیاسیدا ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەییش دەكەونە ژێر هەرشەی دەستە و گرووپی بەرژەوەندخواز و نانیشتیمانیەكان.










