سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کرد و لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی خاتوو جێنین هێنیس پلاسخەردی وەك نوێنەری تازەی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو جێنین هێنیس پلاسخەرد نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی خاتوو جێنین هێنیس پلاسخەردی وەك نوێنەری تازەی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
هەر لەو دیدارەدا شەڕی دژی تیرۆر و مەترسیەكانی هزری تیرۆر لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ڕاستە داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر پێویستە نەهێڵدرێن ئەگینا مەترسیی تیرۆر بە شێوەیەكی تر سەرهەڵدەداتەوە و بە پێویستیشی زانی كە شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆر بكرێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی
كوردستان و بەغدا و سەردانی مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووی سەرۆك بارزانی بۆ
بەغدا و سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی
عێراق نیشان دا و بە سیاسییەكی كراوە و لایەنگری دیالۆگی وەسف كرد كە بە
باشی لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانیش دەگات و ئەوەیشی خستە ڕوو كە كوردستان
هەمیشە ڕێگەی لێكتێگەییشتن و دیالۆگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرتۆتە بەر.
پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و بارودۆخی كەركووك تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.









