خهبات: فاتیح بەرزنجی
رۆژی 10/10 بە ئامادەبوونی سەرۆك “مەسعود بارزانی” سێزدەمین پێشانگای كتێب لە پێشانگای نێو دەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كرایەوە، بە بەشداری زیاترلە 200 دەزگای چاپ و بڵاوكراوە لە 30وڵات كتێب و بەرهەمە چاپكراوەكانی خۆیان لەو پێشانگایەدا نمایشكرد و ماوەی 10 رۆژی خایاند و پێشانگایەكی فراوان و پڕ خوێنەر بوو تیایدا 10 وڵاتی عەرەبی و وڵاتی ئێران و ئەمەریكا و بەریتانیا و توركیا بەشداری ئەو پێشانگایەیانكردبوو بە كتێبی جۆراوجۆری كەڵە نووسەرانی ئەو وڵاتانە، لەسەردانێكماندا بۆئەو پێشانگایە ئەو راپۆرتەمان ئامادەكرد.
كتێبی زمانی عەرەبی لەو پێشانگایەدا زاڵبوو
ئەو كاتەی كە سەردانی ئەو پێشانگایەمانكرد، بەچاوی خۆمان بینیمان كە خوێنەرانی كتێب و نووسەران بەدوای كتێبی سودبەخشدا دەگەڕان، جگەلە خوێنەرانی ئاسایی ژمارەیەك قوتابی زانكۆ بەدوای كتێبی زانستیدا دەگەڕان كە بەزمانی كوردی نووسرابێت، ”نەوزاد” قوتابی زانكۆ بوو گوتی: پێشانگایەكی زۆر فراوانبوو، پڕیبوو لە كتێبی گرنگ، بە زمانی عەرەبی، بەداخەوە كتێبی زانستی بە زمانی كوردی زۆر كەمبوو، دەبووایە ئەو جۆرە كتێبانە بەكوردی بوونیان هەبووایە.
”سەمیر كەمال” قوتابی زانكۆ بوو گوتی: ئێمەی قوتابیانی زانكۆ حەزماندەكرد كتێبی زانستی بە زمانی كوردی هەبووایە، لەبەر ئەوەی بەشێك لە قوتابیانی زانكۆ زمانی عەرەبی بەكەمی دەزانن،”وریا” قوتابیەكی دیكەی كۆلیژی زانست بوو گوتی: خۆزگە هەموو ئەو پێشانگایانەی كەدەكرێنەوە بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكەنەوە، وەك توێژی قوتابیان و ئافرەتان و مامۆستایانی زانكۆ سوود لە جۆرەها سەرچاوەی زانستی و هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری بن، بەڵام ئەو كتێبانەش بە زمانی كوردی چاپكرابن.
توێژی گەنجانیش لە پێشانگاكەدا داواكاریان هەبوو
”دلێر” گەنجێكی تەمەن 17 ساڵان بوو، بەدوای كتێبی تایبەت بە گەنجانی دەكرد و گوتی: هەندێ كتێبی سوودبەخشم كڕی، بەڵام بۆ پێشانگای داهاتوو داواكار بوو كە كتێبی تەرفیهی هەبێت تاسوودی لێوەربگرین، “رەوەند” گەنجێكی تەمەن 18 ساڵان بوو گوتی: هەندێ كتێبی زۆر گرنگی تیدا هەبوو، بەڵام بەزمانی عەرەبی بوون، خۆزگە ئەو جۆرە كتێبانە بە زمانی كوردی بوونایە، “لاوەند” گەنجێكی دیكەی تەمەن 17 ساڵان بوو گوتی: كتێبی زۆر سودبەخشی تێدا هەبوو، بۆیە من وەك گەنجێك پێنج كتێبی وێژەییم كڕی تا لە كاتی شەوانەدا بیانخوێنمەوە.
“شەیدا” گەنجێكی تەمەن 18 ساڵان بوو گوتی: ئەو وڵاتانەی كە بەشداریان لەو پێشانگایەدا كرد، خاوەنی دەزگا و چاپی زۆر پێشكەوتوو بوون، خۆزگە دەزگاكانی خۆمان كتێبی گرنگیان تایبەت بە گەنجان چاپدەكرد، ”رێكان” گەنجێكی دیكەی تەمەن 91ساڵان بوو گوتی: زۆرم حەزدەكرد كتێبی تەرفیهی زیاترم بكڕیبووایە، بەڵام باری دارایم لاواز بوو، تەنها 3 دانە كتێبم كڕی بۆ خوێندنەوە.
منداڵانیش گلەییان هەبوو لەو پێشانگایەدا ژمارەیەك منداڵم بینی كە بەدوای كتێبی منداڵاندا دەگەڕان.
”ئارەزوو” منداڵێكی تەمەن 8 ساڵان بوو گوتی: ئێمەی منداڵان بەدوای كتێبی رەنگاو رەنگی چیرۆك و شیعری منداڵاندا دەگەڕێین بە زمانی كوردی، بەڵام بەداخەوە دەستمان نەكەوت.
“سیروان” منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان بوو گوتی: چەند خۆشبوو ئەگەر لەو پێشانگایە نێودەوڵەتیەدا كتێبی تایبەت بە منداڵان هەبووایە، ئافرەتان حەزیان دەكرد كتێبی تایبەت بە ئافرەتان هەبووایە”خاتوو هێرۆ” دەربارەی كتێب گوتی: ئەگەر لەو پێشانگا نێودەوڵەتیەدا كتێبی سوود بەخش بە زمانی كوردی هەبووایە ئەوا ئێمەی ئافرەتان سوودمان لێوەردەگرت، بەڵام زۆربەی كتێبەكان بە زمانی عەرەبی بوون.










