سەگڤان هالو
لە پێشەكی وتارەكەمدا زەروورە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم كە ئەویش بریتیە لە خەبات و تێكۆشانی ماڵباتی شكۆمەندو شۆڕشگێڕی بارزانیی نەمر سومبولی ڕوحی نەتەوەی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە كورتی، سەبارەت بەو هەوڵە بەردەوامانەی كە داویانە لە درێژایی قۆناغەكاندا بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی لە یەكترازاوی كورد و یەكڕیزی و تەبایی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و زمانەكان و هەروەها كوكردنەوەی بیروڕا سیاسییەكان لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی نەتەوایەتی نیشتیمانیدا بۆ گەیشتن بە و ئامانجە پیرۆزە نیشتیمانیە كە دەیان ساڵە گەلە ستەمدیدەكەمان خەونی پێوە دەبینێت، شایانی گوتنە بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردوو هەتاكو ئەمڕۆ هەمیشە لە هەوڵی ڕزگاركردنی گەلی كوردستاندا بوونە لە ژێردەستەیی و ستەمكاری دەوڵەتە داگیركارەكانی ناوچەكە.
هەروەها ڕزگاركردنی گەلەكەی لەو تاقم و كەسە خۆفرۆشانەی نێوخۆی كوردستان و بە هەموو هێزو توانای خۆیانەوە ڕووبەڕووی دوژمنان و خائینان بوونەتەوە لە سەر هەردوو ئاستدا، واتە ئاستی دەرەكی و ئاستی نێوخۆیی و توانیویانە پارێزگاری لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان بكەن و ناسنامەی میللەتەكەیان لە لەنێوچوون بپارێزن و نمونەش گەلێك زۆرن، لەوانە شەڕی خواكوڕك و شەڕی داعش و پەلامارەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر كوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تەلەسقوف و مەخمورو دەیان داستانی تر كە بارزانی و پارتی گەورەترین ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە وەك پارێزەر و خۆ بە خاوەن زان لە گەل و خاكی پیرۆزی وڵاتەكەیان.
ئەوەی كە زیاتر مەبەستی ئێمەیە تیشكی بخەینە سەر یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی بیروڕا سیاسییەكانە، بارزانی و پارتی لە هەموو وێستگەكانی مێژوی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستاندا بێجگە لە خەباتی چەكداری لە خەباتی شارستانیشدا هەوڵی زۆری داوە لەیەكترازانی سیاسی بنبڕ بكات و ئەو بۆشاییەی كە لە ئاكامی لەیەكترازانی سیاسی دروستبووە پڕبكاتەوە و نەهێڵێت دوژمنان سوودی لێ ببینن لە دژی گەلی كوردستان، ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵانی شەستەكان لە شۆڕشی ئەیلوولدا گشت نەتەوەو ئایین و زمان و بیروڕای سیاسی هەڵگری یەك ئامانج بوون ئەویش ڕزگاربوون لە شەڕی داگیركاران و سەرخستنی دوزی كورد و گەیشتن بە سەربەخۆیی بوو.
هەروەها لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكان دیسان لە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی كاكە ئیدریس بارزانی هەمیشە لە یاد ڕۆڵێكی پێشەنگی هەبوو لە لەیەكتر نزیك كردنەوەی حزبە سیاسییەكان و كۆكردنەوەیان لە یەك بەرەی هاوبەشدا دژی ڕژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ. ئەمە و تا ئێستاشی لە گەڵدابێ ئەمە ستراتیژیەتی بارزانی و پارتییە و نەگۆڕیشە لە هەمان كاتدا.
كەواتە لە ئەنجامدا پێویستە بڵێم ئامانجی پارتی و بارزانی ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و نیشتیمانیە و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمریش ڕێبازێكە لە پێناو سەرفرازی و سەربڵندی گەل و وڵاتەكەیدا هاتوۆتە ئاراوە، بۆیەش هەمیشە ئامانجی سەرەكی دوژمنان و ناحەزان نەهێشتنی پارتی و ڕێبازی بارزانیی نەمر بووەو تا ئەمڕۆ بەڵام هەر پێشەنگ ماوەتەوە، چونكە هێزی خۆی لە گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد وەرگرتووە و وەردەگرێت.










