خهبات: كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند مازیچن عەزیز یەكێكە لەو ئافرەتانەی وەك ئەكتەر بەشداری كارای هەبووە لە كارە شانۆیی و درامای تیڤییەكان و فیلمە سینەماییەكان. سەیر كردنی زنجیرە دراماكان و فیلمە میسرییەكان ئاشنایەتی لەگەڵ هونەر دروست كردووە. لەلایەكی تریش شوێنی لە دایك بوون و خێزانەكەشی هاوكار بوون بۆ ئەوەی بتوانێ پەرە بە بەهرەكەی خۆی بدات ئەو لە شاری راوندز لەدایك بووە لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیر بەهۆی بوونی كەسانی هونەرمەند لە خێزانەكەی وەكو هونەرمەندی شەهید تەها فەقێ یوسف و براكەی كاك رزگار گەڵاڵی وە ئامۆزاكەی هونەرمەند موئەید فەقێ توانی لەسەردەستی هونەرمەند زرار مستەفا بەشداری لەیەكەم شانۆگەری بكات بە ناوی مەرگی بەختەوەری لە ساڵی 1991 لەوێ سەرەتایی هونەری دەست پێكرد تائیستاش بەردەوامە ئێمەش بە چەند پرسیارێك ئەم دیمانەیەمان لە گەڵی سازدا.
❊ بەرێزتان لە ساڵی 1991 دەستتان بەكاری هونەری كرد ،دوای دابڕان بۆماوەیەكی زۆر پاشان بە چالاكی زۆرەوە دەستتان پێكرد هۆكاری ئەو دابڕانە چی بوو ؟
- زۆر راستە من بە عەشقەوە دەستم بە كاری هونەری كرد، بەڵام بە هۆی شەڕی نەگریسی براكوژی كەنامەوێت باسی بكەم بووە هۆی ئەوەی ماوەیكی زۆر لە هونەر داببرێم. گرنگ ئێستا دڵخۆشم بەوەی ماوەی 8 ساڵە بە گڕوتینەوە باوەشم بە هونەردا كردەوە لەو ماوەشدا بەشداری چەندین كاری هونەری كرد وەك:
درامای ڕەوتی ژیان لەدەرهێنانی مەهدی حەسەن بەرهەمە سینەماییەكانی سیمای خۆڵەمێش -شاخەوان ئیدریس بیرەوەریەكانی سەر بەرد- شەوكەت ئەمین دابەزین هەیە فڕینی بەرد - هەردی حەسەن عەلی، بۆ تەلەفزیۆنش بەشداریم لە زەق زەقە ڕەوسەی ڕەسەن - كەناڵی ڕەسەن هەگبەی دێوەرە – كەناڵی خێزان فلیمی بانەكەی هیوا - جانۆ ڕۆژبیانی ون بوەكان - جەوهەر ئەنوەر ڕەشید 2018 لەگەڵ كورتە فیلمی هەنگاو لەسیناریۆ و دەرهینان مازن شیربەیانی وە فیلمی درێژی سینەمایی بەناوی شەوە لەدەرهینانی دلۆڤان.
❊ ئێستا ماوەی چەند رۆژێكە فستیڤاڵی شانۆیی لە هەولێر بەرێوە دەچێت تێرامانتان بۆ ئەم فستیڤاڵە چییە؟
سازدانی پێنجەمین فیسڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ دیاردەیەكی شارستانیە دەبێتە هۆی ئاشنا بوونمان بە كارە شانۆییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە نمایشەكان جۆراوجۆر بوون لە رووی ئاستەوە بەڵام بەگشتی بەرهەمی جوانم بینی بە تایبەتی بەرهەمی ئەڵمانیا لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا هیوادارم ئەم جۆرە فستیڤاڵانە بەردەوابن دەست خۆشیش لە هەموو لایەك دەكەم.
❊ جگە لە كاری شانۆیی بەشداری دراماشت كردووەچ جیاوازییەك دەبینی لەڕووی نواندنەوە؟
- جیاوازی گەلێ زۆرە شانۆ نواندنێكی زۆر قورسترە ،چونكە دەبێ هەست و نەست و زمان و جەستە و پانتای سكێچی شانۆ حسابی وورد و درشتی بۆبكەی و ڕووبەڕووی بینەردەبیتەوە نواندنێكی ڕاستەوخۆیە یەك هەڵەییەكی بچووك كاریگەری نەرێنی لەسەر نمایشەكە دەبێت ، لە هەمان كاتدا دەبێ ئەكتەر دەقێكی شانۆیی دوو سەعاتی هەمووی ئەزبەر بكات و بزانی هەر لەتەواوی دایەلۆگ و شوێن و جوڵەی ئەكتەرە كان و گونجاندنی لەگەڵ تەواوی سینۆگرافیای كارەكە بۆیە شانۆ تەركیز و هیلاكی و ئاگابوون و توانستی زۆری پێویستە.
بیگومان دراماش تەركیزی دەم و چاو و ڕووخسار و وشە و دایەلۆگی بەدەربڕینێكی دیاری كراو زمانێكی نەرم و لەسەرخۆ و زۆر بەشێنەیی دەوێت وەك ئەوەی لەژیانی ڕۆژانەت هەڵسوكەوت دەكەی بەڵام لە سینەما هەر هەڵەیەك دەتوانی بە چەند تێكێك دووبارەی بكەیتەوە بەڵام لەسەر تەختەی شانۆ ئەم حاڵتە بوونی نیە.
❊ زۆر لەگەڵ كاری كورتە درامای تەلەفزیۆنی كار دەكەن هەندێك لەو درامایانە لە رووی بابەت و نواندن و دەرهێنان وەك پێویست نیە بیرت نەكردۆتەوە دور بكەیتەوە لەو جۆرە كارانە؟
- زۆری و بۆری تەلەفزیۆنەكان و نەبوونی پسپۆڕی لەو بوارە و پڕكردنەوەی بۆشایی ئەو تەلەفزیۆنانە وای كردووە هەرچی هەڵبستێت كاری هونەری بكات، لە هەمان كاتدا تێنەگەیشتن لەبواری دراماو ئەو پانتاییە زۆرە بەكەسانی بێ ئەزموون پڕبكەنەوە لەوانەیە ئێمەش بێبەش نابین لەبەشداریكردن هەوڵی زۆر دەدەین دوورەپەرێز بین لەو كارانە لەوانەشە وەك كاروپیشە و بژێوی ژیان هۆكارێك بێت لە بەشداربوونمان لەو جۆرە كارەنەدا بۆیە لە داهاتوو تابۆمان بكرێت لە كاری هونەری كرچوكاڵ دووردەكەوینەوە.
❊ بە بۆچوونی بەرێزتان بینەر چێژ لەچ جۆرە نمایشی شانۆیەك بەزمەسات یان مەرگەسات؟
شانۆ قوتابخانەیەكە دەبێ هەموو جۆرە نمایشێك لە خۆ بگرێت و هەموو ستایل و شێوازەكان بە بینەر بناسێت، بەڵام بەهۆی ئەو واقیعییەی گەلی كوردستان چ لە رابردوو چ لە ئێستاش هەمووی بە ژیانێكی ناخۆش و ناسۆرییەكان بەسەر بردووە بە تایبەتی لەلایەنی سیاسی، هەر بۆیە شانۆییەكانیش زۆربەیان مەرگەساتی بوون لەوەی بەزمەساتی بێن لەبەر ئەوەی هەردەم نمایشی مەرگەسات زیاتر بووە لە نمایشی بەزمسات.
❊ پرۆژەی نوێتان هەیە؟
ئێستا لەگەڵ هونەرمەندان بەكر مەعروف و قــاسم نــــوری دووپڕۆژەمان هەیە ئەگەر هیچ گرفت و كۆسپێك نەبێت پێشكەشی بە بینەرانی دەكەین.










