رۆژنامەی ماركای ئیسپانی رایگەیند كە ریال مەدرید رێگە بە یاریزان ڤینیسیۆس جۆنیۆر نادات پەیوەندی بەهەڵبژاردەی بەرازیل بكات لەسەرەتای ساڵی تازە بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی ئەمریكای باشووری خوار تەمەنی 20ساڵی، كە لە 20ی كانوونی دووەمی داهاتوو تا 13ی شوبات بەڕێوەدەچێت، رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەی روونیكردەوە كە ریال مەدرید ناچار نییە ڤینیسیۆس بنێرێت بۆ بەشداریكردنی ئەو خولە، چونكە لەمیانی ململانێكانی پێشبڕكێكانی فیفادا نییە. واتا پاڵەوانێتییەكی فەرمی نییە. واتا بڕیاری كۆتایی لەدەست یانەی شاهانە دایە. یانەی ریال مەدرید وای دەبینێت كە هیچ سوودێك لەوە نابینێـ ڤینیسیۆس بۆ ماوەی مانگێكی تەواو لەدەست بدات، لە پاڵەوانێتییەكی بچووكی لەمشێوەیە، بەڵكو دەیەوێت ناوبراو لەگەڵ تیپەكەی بمێنێت بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەم ماوەیە زۆر قەڵەباڵغە لەسەر ئاستی یارییەكان بەدەستپێكردنی خولی جامی شای ئیسپانیا كە خولەكی زیاتری پێدەبەخشێت. رۆژنامەی نزیك لە كۆشكی سپی دووپاتیكردەوە كە ڤینیسیۆس نایەوێت ریال مەدرید جێبهێڵێت و بچێتەوە هەڵبژاردەی بەرازیل، چونكە ئەویش باش دەزانێت ئەم ماوەیە زۆر تایبەت دەبێت بۆی، بۆ ئەوەی هەلی زیاتری بۆ بەشداریكردنی لەگەڵ تیپی یەكەم بۆ بڕەخسێت. ریال مەدرید پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ یەكێـتی تۆپی پێی بەرازیلی هەیە، هیچ كێشەك لەنێوان هەردوو لا نابێت سەبارەت بەبەشداریكردنی ڤینیسیۆس، لەكاتێكدا هێشتا ئەستێرەی دیكەی ریال مەدرید رۆدریگۆ لەیانەی سانتۆس یاری دەكات و بەشداری ئەم خولە دەكات.










