خەبات: ڕۆشنا عەلی
پشووی شەممان ئەو پشووەی مامۆستا خواستێتی و وەزارەتیش رێگرە لەبوونی، پارساڵ بە بیانووی خراپی بارودۆخی دارایی مامۆستایان ڕۆژی شەممان كرایە پشووی گشتی لە قوتابخانەكاندا ، ئەمە جگە لەوەی لە هەندێك قوتابخانە هەر مامۆستاو ڕۆژێكیش هاوكاری كرابوو ، بەڵام وەك مامۆستایان دەڵێن پرۆگرام تەواو كرا و مامۆستایەكیش لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوەداوە ڕۆژانی شەممان تاكە شوێن كەلە عێراقدا دەوام بكات قوتابخانەكانن ، وتەنانەت هیچ بەڕێوەبەرایەتیەكی پەروەردەش دەوامی نییە ، تەنانەت هەندێك لە قوتابخانە حكومییە نمونەییەكانیش دەوام ناكەن ، قوتابییەكیش پێی وایە پشووی شەممان كاریگەری و زەخت لەسەر قوتابی دروست دەكات، لاپەڕەی پەروەردە بەشی دووەمی ئەم ڕاپۆرتە ی ئامادەكردووە.
محەمەد عەبدوڵا قوتابی پۆلی یانزەی ئامادەیی بۆخەبات وتی” ئەگەر هەبێت باشترە بەتایبەتی بۆكاتی تاقیكردنەوە كاتێكی زۆرترمان لەبەردەستە بۆ خوێندن من پار كە پۆلی دە بووم سودم لێ بینی بۆكاتی ئەركی ماڵەوەو خوێندن سودی هەبوو ، بەڵام ئەوەشی زەرەر بوو بۆقوتابی كە وانەكان و واجبەكان زیاتر دەبوون و زیاتر لە قوتابخانە ماندوو دەبووین .
مامۆستا دیار تاهیر پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی ومامۆستا لە ئامادەی شكۆداری تێكەڵاو بۆخەبات وتی ” بەڵی پێویستە پشووی شەممان هەبێت بۆمامۆستاش وەك هەموو فەرمانبەرانی ترمامۆستا سودێكی زۆری لێ ئەبینێت وە بۆ قوتابیش زۆر سودی لێ ئەبینێت وەختێكی زیاتری لەبەردەستە چ بۆتاقیكردنەوە بێت یان ئەركی ڕۆژانە ساڵی پار قەیرانی داراییش بوو جیاواز بوو بەڵام، ئەمساڵ باشترە و پێشم وایە ئەگەر پشووەكەش بمێنێ باشترە بەتایبەتی كە قوتابی ڕاهاتووە، دەربارەی ئەوەی كە لۆدیش دەخرێتە سەر قوتابی ئەوە پەیوەندی بە مامۆستاكەوە هەیە كە چۆن ئەتوانێت پڕۆگرامەكەی و ماوەكە بگونجێنێت و قوتابیش سودمەند بێت .
مامۆستا مەولان ساڵح بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی شكۆداری تێكەڵاو دەربارەی پشووی شەممان ئاماژەی بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنی داو ئەو وتی ” لەڕاستیدا پشووی شەممان دوولایەنی هەبوو لایەنێكی سلبی و لایەنێكی ئیجابی بە نیسبەت لایەنی سلبییەكەی ئەو پڕۆگرامەی كەهەیە بە پێی پێویست مامۆستا نەیدەتوانی ئەو زانیارییەی كەهەیە بیگەیەنێتە قوتابییەكە لەلایەكی تریشەوە خاڵە ئیجابییەكەشی ئەوەبوو مامۆستایان بە هۆی ئەو زەختە زۆرەی لەسەریان بوو زەختی زیاتر ئەكەوتە سەر قوتابی، من وەكو خۆم كە بەڕێوەبەرم پشووی شەممان بە هەمان پڕۆگرامی پێشوو بەباش نازانم ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆگرامە دەسكاری نەكرێت و هەندێكی لێ كەمنەكرێتەوە، بۆیە پێم باشە رۆژانی شەممان دەوام هەبێت پێشم وایە هەر لەبەر پڕۆگرامەكانە وزەختی ئەوانە كە پێیان وایە بەو جۆرە ئەگەر پشوو هەبێت پڕۆگرامەكان وەك پێویست ناخوێنرێن .
كۆڤان میرزا عەزیز قوتابی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەربارەی ئەوەی كە ئایا بۆ ئەو پشووی شەممان سودی هەیە وتی “بە دڵنیاییەوە نەخێر ،چونكە هەموو دەزانین كاتێكی زۆرمان لێدەڕوات بە تایبەتی پۆلی 12 كە پێویستمان بە كاتی زیاترە تا بتوانین سودی لێوەربگرین، پارساڵ پڕۆگرامەكەمان تەواو كرد ، بەڵام بە زەختێكی زۆر چونكە، هەموو دەزانین ئەگەر شەمە لابدرێت ئەبێت بە زەختێكی زۆر پڕۆگرامەكە تەواو بكرێت، پرسیمان ئایا بەپشت بەستن بە پشووی شەممان خۆت بۆ پۆلی 12 ئامادەكردووە یان ئامادەكارییەكەت بە جۆرێك كردووە شەممان دەوام هەبێت؟ ئەو وتی ” بەڵی بە دڵنیاییەوە حسابی ئەوەم كردووە كە شەممان پشوو نەبێت و دەوام بێت چونكە ، پارساڵ كاتی بوو كەس دڵنیا نەبوو كە ئەمساڵیش پشووە یان نا .
مامۆستا تارا صەلاح پسپۆڕی وانەی وەرزش بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا كە قوتابی و مامۆستا سود لە پشووی شەممان وەرئەگرێت نەمانی كاریگەری لەسەر مامۆستا هەیە چونكە ،یەك ڕۆژ پشوو لە هەفتەیەكدا كەمە لە هەموو دنیادا پێنج ڕۆژ بەسە بۆكاركردن و خوێندن پارساڵ پڕۆگرام هەمووی تەواو كراو بەشە وانەكانیش بەڕێك و پێكی دابەشكرا و پێم وایە پشووی شەممان بمێنێت باشترە . مامۆستا ڕەحیم فەرەج بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەرگوشی بنەڕەتی بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا كە هیچ قوتابخانەیەكی ئەهلی و هیچ بەڕێوەبەرایەتییەكی پەروەردەوسەرپەرشتیاری و تەنانەت وەزارەت و هەندێك لە قوتابخانە نمونەییەكانیش شەممان دەوام ناكەن تەنها قوتابخانە حكومییەكان لە هەرێمی كوردستان دەوامی ڕۆژانی شەممانییان هەیە وهیوادارم یەكێتی مامۆستایان بێنە خەت و كاربۆ گەڕانەوەی پشووەكە بۆ قوتابیان و مامۆستایان بكەن .
مامۆستا عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەربارەی پشووی شەممان بۆ خەبات وتی ” ئەگەرپشووی شەممان بكرێت بەڕەسمی پێش هەموو شت دەبێت یاسای وەزارەتی پەروەردە هەمووار بكرێتەوە چونكە ، لە یاسای وەزارەتی پەروەردەدا شەممەكان نەكراوەتە پشوو ، ئەمە لە لایەك لەلایەكی دیكەش ئەگەر پشوو بێت دەبێت وانەكانی شەممان بخرێتە سەر ڕۆژەكانی تر وە بوار بۆ ئەوەش نییە ،چونكە زۆربەی قوتابخانەكان دوو دەوامین و هەنێكییان سێ دەوامین لەبەر ئەوە ئەو بوارەش نییە.
دەربارەی ئەوەشی كەگوایە پارساڵ پڕۆگرام تەواوكراوەو شەممانیش پشوو بوو، مامۆستا عەبدولواحید ئەوەی ڕەتكردەوە كە پارساڵ پڕۆگرام تەواوكرابێت و لەم بارەیەوە وتی “نەخێر پڕۆگرام تەوانەكرا دووبەش لە پڕۆگرام هەیە بەشێكی تێورییە بەشێكی پڕاكتیكییە جارێ بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە پراكتیكی زۆر زۆر لاوازە ئەمەشە وادەكات ئاستی زانستی و مەعریفی قوتابیان لە ئاستێكدا نەبێت كەمامۆستا دڵی پێی خۆش بێت كاتێكیش ماوەكە كەم دەبێتەوە زیاتر كاریگەری دەبێت ، ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێك لەو بینایانەی هەن تەواو بكرێن وكێشەی دوو دەوامی كەمبێتەوە وزۆرترین ناوەندی خوێندن یەك دەوامی بێت ئەو كاتە ئاساییە شەممە بكرێتە پشوو مامۆستایانیش لێی سودمەندبن.










