خهبات: د.كەیفی ئەحمەد
ناوی تەواوی دڵدار محەمەد سەعید نازناوی شیعری دڵدار جەلیزادەیە، لە ساڵی 1980 لەگەڕەكی بەفری قەندی شاری كۆیە لە دایكبووە، وەكو چالاكوانێك لەكاری ڕێكخراوەییدا زۆر چالاك بووە، لە چەندین كار و چالاكیی و رێكخراودا كاری كردووە، هەروەها لە سەر دیسكی لاوان لەچەند ڕێكخراوێكی ناوخۆ و بیانی ئەندام بووە، جگە لەزمانی دایك زمانی عەرەبیش دەزانێت، بەشداری چەندین كۆڕی شیعری و دیداری تەلەفزیۆنی كردووە، لە ساڵی 2008 كتێبی تابلۆكانی خۆشەویستی بڵاوكردۆتەوە، لەبەر هەندێ هۆكار نەیتوانیوە درێژەبەخوێندن بدات وخوێندن تەواوبكات ، لە دوای قۆناغی 6 ی سەرەتایی لەخوێندن دابڕاوە.
❊ حیكایەتی چوونت بۆ نێو دنیای ئەدەب و شیعر چۆن بوو؟
شیعر پێش ئەلف و بێی كوردی تێكەڵی هزرم بوو،حەزم بە خوێندنەوەی شیعر بوو، لە پۆلی دووی سەرەتایی بووم بۆتان، كە هاوپۆل و هاوڕێم بوو، شیعرێكی بە دەستنوس دامێ شیعرەكە بەناوی وەسیەت بوو، لەسەر پێشمەرگە بوو، لە ترسی ڕژێم بەدزی ئەو شیعرەم لەبەركرد، ئەو شیعرە كاریگەری زۆر بوو لە ژیانی مندا ، بەڵام جێی داخە تا ئێستا نەمزانی نووسەری ئەو شیعرە كێیە، ئەو شیعرەش مەگەر مەرگ بتوانێ لە بیرم باتەوە .
❊ لەو سەرەتایەدا هەستت چۆن بوو؟ جیهانی شیعرت چۆن بینی؟
لە ساڵی 1998 دەستم بە نووسینی شیعركرد، هەرچەندە سەرەتام بوو، بەڵام بڕوام بەخۆم هەبوو، كە لەنێو جیهانی جوانی شیعردا خۆم بدۆزمەوە تاكە هیواشم ئەوە بووەكە ڕۆژێك بێت ببم بە شاعیر، یاخود وەكو شاعیرێك بناسرێم ، ساڵی 2000 ژوورەكەم ئاگری گرت و ئەوەی لەو دوو ساڵە نووسیبووم فەوتا، بەڵام ئەوەی وێرانی كردم، نێزیكەی دوو مانگ بوو تەواوی هزرم خستبووە سەر شیعرێك، كە دەمەتەقێی نێوان كچ و كوڕێكی عاشقی تاقانەی ئەنفال و كچە جێماوێكی كیمیابارانی هەڵەبجە بوو ئەویشیان سووتا .
❊ ئاسوودەی لەنێو ئەو جیهانەدا؟ یان خۆزگە دەخوازی كە رووت تێنەكردبا؟
دڵخۆشم بەوەی ،كە بوونم هەیە، ترسنۆكییە، ئەگەر مرۆڤ لە مەرگ بترسێت و لەجەنجاڵی و قەرەباڵغی ژیان ڕابكات ، ژیان بە هەردوو گوزارشتەكەی هەر جوانە ،گەر شیرین بێت و تاڵیش بێت .
❊ رات لەبارەی لاساییكردنەوە چییە؟ باشە یان خراپە؟ بۆچی؟ خۆت لاسایی كەسێكی دیاریكراوت كردۆتەوە؟
پێم باشە شاعیر خودی خۆی بێت نەوەك یەكێكی تر، كە لاسایی شاعیرێكت كردەوە، تۆ نە دەبیتە خۆت و نە دەگەیتەوە ئەو، لە گۆشەیەكدا قەتیس دەبی ، لەوانەیە شیعرم نووسیبێت لەگەڵ شاعیرێكی دیكە، لەیەك چونێك ڕوویدابێت ، بەڵام هەرگیز لاسایی هیچ شاعیرێكم نەكردۆتەوە، چونكە دەمەوێ وەكو دڵدار جەلیزادە ڕێبازێكی تایبەت بەخۆم هەبێت و وەكو خۆم بناسرێم، نەوەك یەكێكی دی .
❊ شیعر بەلای تۆوە چی دەگەیەنێت؟
ئارامی و عەشق و خۆشەویستی و هەموو شتە جوانەكان.
❊ ئایا شیعر گوزارشتی ناخی خودی شاعیرە یان گوزارشتە لە كۆمەڵگە و دەوروبەر و سروشت؟
هەموویان هەر یەكە، بەجۆرێ، پێناسەیەك هەڵدەگرێ مەرجە نووسەر ناخی خۆی بخوێنیتەوەو لە دەوروبەرو كۆمەڵگەش تێبگات ، وەكو خۆم شیعرەكانم گوزارشتن لە هەمووی، بە تایبەتیش ئەو دیمەن وسروشتە جوانەی كوردستانەكەم ، ئەوەندەی شیعریشم بۆ نیشتمان نووسیوە، ئەوەندەم بۆ دڵدارەكەم نەنووسیوە .
❊ ئایا گرنگە شاعیر گوزارشت لە واقیعی كۆمەڵ بكات؟
ئەگەر نەیكات غەدرێكی گەورە لە شیعر دەكات .
❊ گرنگیدان بە نێوەرۆك یان بە شێوە لای تۆگرنگە؟ بۆچی؟
سەرەتا ، نێوەرۆك ، كۆتایی ئەگەر ئەو سێ دەستەواژەی ئاماژەم پێدا بوونی نەبوو لە شیعردا ، ئەوە ناچێتە بەرگی شیعرەوە ، ئەبێ خوێنەر تێبگات لەوەی چیت نوسیوەو بۆ چیت نووسیوە و گوزارشت لە چی دەكەی؟
❊ ئایا گرنگ و پێویستە، كە شاعیر سوود لە كلتووری نەتەوەكەی وەربگرێت؟ بۆچی؟
مەرجە شاعیر شارەزای كلتووری نەتەوەكەی بێت وشتێكی لەبارەوە بزانێت، ئەوسا دەتوانێت سوودیشی لێ وەربگرێت ، ئەگەر شاعیر سوود لە كلتووری نەتەوەكەی خۆی وەرنەگرێت، ئەوە ناتوانێ پێناسەی خۆشی بكات .
❊ زیاتر سوود لە كلتوور و دابونەریت و واقیعی ناوچەكەت یان نەتەوە و نیشتمانەكەت وەر دەگری؟ بۆچی؟
بە داخەوە ئەوەی بەسەر نەتەوەو نیشتمانەكەمدا هاتووە بەسەر هیچ نەتەوەو نیشتمانێكدا نەهاتووە ئەوەی مرۆڤایەتی پێی ناخۆشە دەرهەق بە گەلی كوردو نیشتمانەكەی كرا هەر لەگرتن و كوشتنی بەكۆمەڵ و كیمیا باران و ئەنفال هەتا تەعریب و كۆڕەوی بەكۆمەڵ بەڵام لەهیچ كات و ساتێك بۆ هیچ دوژمن و داگیركەرێك چۆكی دانەداوە ، وەك خودی خۆم دەڵێم ئەگەر شیعر بۆ نەتەوەو نیشتمانەكەت نەنووسی پێویست ناكا بنووسیت.
❊ ئاستی ئەدەب و شیعر لە كۆیەو كوردستان چۆن دەبینیت؟
زۆر شاعیری گەورەوهاوچەرخ هەن ، قەڵەمی تازەو نوێگەریی لەجیهانی ئەدەبیات و شیعردا ڕوویداوە ، بەڵام ئەگەر باسی كۆیە بكەین، ڕاستە ئێستاش كۆیە خاوەنی چەندین شاعیری گەورەیە، بەڵام وەكو پێویست نییە، لە چاو ئەوەی كە نازناوی شاری شاعیران و ڕۆشنبیرانی هەڵگرتووە.
❊ پێشنیارت چییە بۆ ئەوەی ئەدەب و شیعرلەشاری كۆیە زیاترگوڕ وتین بەخۆوە ببینێ؟
زۆر ڕێگە هەیە، بۆ ئەوەی شیعر گوڕوتین بەخۆیەوە ببینێ وبەرەوپێش بچێت، بۆنموونە، بنكەو ڕێكخراوە ئەدەبییەكان چالاكیی ئەدەبیان هەبێت و هانی ئەوانە بدەن، كە قەڵەمن ، وە یاخود بڵاوكراوەی تایبەت و بەرنامەو كۆڕ سازبكەن، هەروەها ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ بۆ دەستنیشانكردنی جوانترین دەقی شیعر ساڵانە یاخود ساڵی چەند ڤیستیڤاڵێك ساز بكرێت، چونكەلە ئێستاداجوڵەی ئەدەبی زۆر كزو لاوازی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش لە شاری كۆیە ، كە نەدەبوو وابێت .
❊ ئەگەر باسی بەرهەمە ئەدەبییەكانت بكەی، كە تائێستا ئەنجامتداون؟.
لە ساڵی 2001 تا 2003 لەگەڵ ڕێكخراوی بیانی un wfp بووم.
لە ساڵی 2006 وەكو كادرێكی چالاك لە یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ ماوەی 3 ساڵ كارم لەسەر دیسكی لاوان كردووە، یەكەم یاریگای چیمەنی دەستكرد لە كۆیە لەسەر داوای من دروستكرا ، وە قوتابخانەی تایكواندۆی لاوانم دامەزراند، بە مۆڵەتی فەرمی تیپی زەیتون و یەكێتی تایكواندۆی كوردستان، ئەمەجگەلەوەی چەندین چالاكی ئەدەبی و وەرزشی وهونەریم لەوماوەیەدا ئەنجامدا.
لە ساڵی 2010 بوومە ئەندام لە سەنتەری پەخش و لێكۆڵینەوە تاكو ساڵی 2016 .
لە ساڵی 2017 ڕێكخراوی Hilfsbund ئەڵمانی بۆ هاریكاری ئاوارەكان بڕوانامەی سوپاس وپێزانین و ئەندام بوونی پێ بەخشیم .
لە ساڵی 2008 كتێبێكم بەناوی تابلۆكانی خۆشەویستی بڵاوكردەوە لە ئێستاش سەرقاڵی كتێبی دووەمم، جگە لەوەش چەندین بابەت و شیعرم لە گۆڤارو ڕۆژنامەكاندا بڵاوبۆتەوە، ساڵی پاریش قەسیدەكم لەسەر ڕیفراندۆم لە ڕۆژنامەی خەبات بڵاوكرایەوە ، لە ئێستادا كتێبێكیشم لە چاپە، بەناوی بیرەوەری شەهیدێك وە سروودێكیشم بە ناوی كوردستان نووسیوە، كە لە لایەن ئاواز دانەر سەروەت كۆیی ئاوازی بۆ دانراوەو میلۆدیەكەشی لەلایەن بەڕێز لێزان قادر، كەخاتونی هونەرمەندی دوورە وڵات نادیە كەریم بە دەنگی خۆی دەیڵێت وزۆربەی كارەكانی تەواو بووەو بەم نزیكانە بڵاو دەكرێتەوە .لە ئێستاشدا سەرقاڵی فەرهەنگی ئەنسكلۆپیدیای كۆیەم ، كە بریتیە لە مێژووی ڕووداوەكانی 100 ساڵی كۆیە بەبەڵگەو دیكۆمێنتارییەوە. كۆڕی شیعریم لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی و كۆیە ئەنجامداوە ، وە دوای ڕووداوە نەخوازراوەكەی 16 ی ئۆكتۆبەریش گرووپی ڕۆشنبیرانی شار لە سلێمانی ئێوارە كۆڕێكیان بە ناونێشانی ئێمە لەگەڵ تۆین ئەی نیشتمان بۆ 8 شاعیر ئەنجامدا ، كە هەر شاعیرەی لە شارێكەوە داوەت كرابوو بە هۆی ئەوەی زیاتر قەڵەمەكەی خۆشم بۆنی نیشتمانی لێ دێت یەك لەو شاعیرانە خۆم بووم داوەت كرام وەكو قەڵەمێكی شاری كۆیە. شتێكی تر كە تاكو ئێستا نەمدركاندوە ئەوەیە، لە ساڵی 2013 وە دەستم بە نووسینی ڕۆمانێك كردووە، بەناوی كۆڵانە تاریكەكان ، كە زۆر فۆڕم لە خۆ دەگرێت و باس لە زۆربەی كێشەو ئاستەنگەكان دەكات، بە دیاریكراویش عەشق وخۆشەویستی نێوان كوڕێك و كچێك .










