سهرهتا وتار وابەستەبوونی كۆمەڵایەتیی كورد لە ڕوانگەی تیۆری ئەدلێرەوە
د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
پێشەكی و پێناسە..
فەرهەنگی مەزنی سایكۆلۆژیای ڕووسی (ب. گ. مێتشاركۆڤ و ڤ. پ. زێنچینكۆ، 2007: ل. 54) بەم شێوەیە پێناسەی وابەستەبوون (affiliation) دەكات: پێداویستی یان پاڵنەرایەتی بەرەو هەڵسوكەوت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە سۆزدارییەكانی وەك هاوڕێیەتی، خۆشەویستی، و … هتد، لەگەڵ كەسانی تردا، كە لە منداڵییەوە و لە نێو خێزان دەست پێدەكات، و لە ڕێگەی پەروەردەوە بنیات دەنرێت، و خۆی لە دۆخە سەختەكان، و كاتی هەبوونی گوشار، یان لەدەستدانی متمانە لە لای كەسێكەوە، پیشان دەدات.
وێڕای هەبوونی كۆسپ و تەگەرەكان لەبەردەم كۆمەڵگەی كوردەواری، و هەبوونی تاكی لاواز و دوور لە بەها كۆمەڵایەتییە نەتەوەییەكان لە قۆناغی جیاوازی مێژووییدا، بەڵام خۆشبەختانە وابەستەبوونی نیشتمانی و نەتەوەیی، وەك دیوێكی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی، لە نێو كورددا بە تێكڕا لە ئاستێكی باشدا بووە، و دەنگۆی لاوازی یان نەبوونی ئەو سیفەت و خەسڵەتە خۆزاییەی كورد لە لایەن هەندێ كەسی ناحەز یان نابەپرسیارەوە دوورە لە ڕاستی. بەڵگەی هەبوونی ئەم خەسڵەتەش مانەوەی میللەتێكە كە سەرباری هەموو زوڵم و زۆرداری و ستەم و تاوانەكانی وەك ئەنفالە بەدناوەكە و كیمیاباران و جینۆساید و ڕاگواستن و وێرانكردنی گوند و شارەكانی، دیسان خۆی ڕابگرێت و خۆی لە لەنێوچوون بپارێزێت. یەكێك لە هۆكارە بەهێزەكانیشی لە ماوەی مێژوودا وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی بووە بۆ خێڵ، كە لە سەردەمی نەبوونی وڵاتێكی سەربەخۆدا هەوێنی یەكڕیزیی میللەتی كورد بووە و توانایی بەرگەگرتنی نەهامەتییەكانی پێدەبەخشی و لە لەنێوچوونی دەپاراست، و ئاسەوارە ئەرێنییەكانیشی تا ئێستاش بەو بەهێزییەی خۆی ماونەتەوە و لە زۆر كاتی تەنگانەدا و بەتایبەت لە شەڕی كورد دژی دوژمنانی خۆی پیشانداوە و دووبارەش دەبێتەوە.
بنەما بایۆلۆجییەكانی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی
وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی ڕەهەندێكی بایۆلۆجی هەیە، و بۆ سەردەمی لەدایكبوونی منداڵ دەگەڕێتەوە كە كاتێك منداڵ لەدایك دەبێت و یەكسەر دەخرێتە باوەشی ئەو دایكەی كە لە میانەی پرۆسەی زان (لەدایكبوون) و بەهۆی گوشارێكی سەختی ئەم پرۆسەیەوە تووشی ئارەقكردنێكی زۆر دەبێت، و لە پەنای ئەو ئارەقكردنەدا كۆمەڵێك باكتری تایبەت لە ناوەوەی جەستەی دایك دێنە سەر پێست و دەرەوەی جەستەی و لە ڕێگەی ماچكردن و شیرپێدان بەو منداڵە، ئەو میكرۆبانە دەچنە نێو گەدەی منداڵەكەوە و یارمەتیی تواندنی ئەو شیرە دەدەن كە دەیخوات، لە كاتێكدا كە پێشتر و لە كات و ئەگەری نەبوونی ئەو باكتریانەدا منداڵەكە ئەو تواناییەی نەبووە و مردنی مسۆگەر دەبوو.
بەواتایەكی دیكە ئێمەی مرۆڤ لە ڕووی بایۆلۆجییەوە ناچارین و مەحكومین بە بەكۆمەڵایەتیبوونەوە، چونكە هەندێ لە پێداویستییەكانمان، بۆ نموونەش شیرخواردن و خۆشەویستی و … هتد، تەنها لە لایەن كەسانی دیكەوە تێر و دابین دەكرێن. بۆیە مرۆڤ هەمیشە ناچارە لە پەنای ژیانی كۆمەڵایەتی، و بە پشتبەستن بە خەسڵەتی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی خۆی لە لەنێوچوون بپارێزێت و بەردەوامی بە ژیانی بایۆلۆجیی خۆی بدات.
لەم سۆنگەیەوە خۆگونجاندن و سازان ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕن كە بەشێكی زۆریشی لە ئەستۆی مێشكی مرۆڤە، كە لە ماوەی 5 ملیۆن ساڵەی جیابوونەوەی بەرەبابێكی پێشمرۆڤەكان لە بەرەبابی هاوبەشمان لەگەڵ مەیموون و شەمپانزێ و بۆنابۆیەكان، گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەتایبەت بەشی پێشەوە یان نێوچاوانەپل (frontal lobe) و سیستەمی لیمبیك (limbic system)، كە سەنتەری سایكۆلۆژیی مرۆڤە، یارمەتیدەرێكی بەهێزی ڕاپەڕاندنی ئەركە كۆمەڵایەتییەكانی وەكوو وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی بووە، كە لە گیانەوەرانی دیكە، تەنانەت ئەوانەی كە لە سەرەوە باسمان لێوەكردن و لە ڕووی جێنێتیكییەوە زۆر لە مرۆڤ نزیكن و ڕێژەی هاوبەشییان زیاتر لە 95% ـە، بوونی نییە. هەڵبەت وا نەبێت كە گیانەوەرانی دیكە بە كۆمەڵایەتی ناژین، بەڵكو زۆر گیانەوەری وەكوو مێروولە، مێشی هەنگوین، گورگ، شەمشەمەكوێرە و فیل و … هتد، ژیانێكی كۆمەڵایەتییان هەیە بەڵام جیاوازییەكە لەوەدایە كە ئەو جۆرە ژیانەیان زیاتر ڕێفلێكسییە.
وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی ئەدلێرەوە
ئەلفرێد ئەدلێر (Alfred Adler, 1870-1937)، زانایەكی قوتابخانەی فرۆیدییە و بیروباوەڕەكانی و تیۆرەكەی لە زانستی سایكۆلۆژیدا بەناوی “سایكۆلۆژیای تاكگەرایی” (individual psychology) دەناسرێت و كاریگەرییەكی زۆری بەسەر زانایانی ئەم بوارە و بەتایبەت سایكۆلۆژیای كەسایەتیدا هەبووە.
بەپێچەوانەی زیگمۆند فرۆید، ئەدلێر بایەخ بە ڕەهەندی كۆمەڵایەتی لە ژیانی مرۆڤدا دەدات، و بڕوای وایە كە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە بێ كۆمەڵگە و كەسانی دیكە ژیانی خۆی مسۆگەر بكات، چونكە پێویستی بە پاڵدەری كۆمەڵایەتییە و هەر ئەوەشە كە نەچاری دەكات خۆی بە كەسانی ترەوە ببەستێت و لە چوارچێوەیەكدا كار بكات و چالاكی بنوێنێت كە ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی تێدا باڵادەستە.
لە ڕوانگەی ئەدلێرەوە بایەخی كۆمەڵایەتی و بنیاتنانەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ كەسانی تر، چ ئەوانەی كە لە نێو خێزانەكەیدا دەژین و چ ئەوانەی كە لە قوتابخانە یان كۆمەڵە هاوڕێیان یان سەنتەرەكانی دیكەی فەرمی وەك دامەزراوە حكومییەكان و پارتە سیاسییەكان یان ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی وەك قوتابییان، لاوان، ئافرەتان، مامۆستایان، و … هتد، و چ ئەوانەی نافەرمین وەك گرووپەكانی شاخەوانی یان تیپی مۆسیقا و … هتد، پاڵدەری بەهێز و لە هەمانكاتدا خۆڕسكیی مرۆڤەكانن، كە یارمەتیدەریانە بۆ فێربوون و وەرگرتنی پێوەرە كۆمەڵایەتییە باوەكانی كۆمەڵگە، كە هەروەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، یارمەتیی مرۆڤەكان دەدات تا زیاتر خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگەدا بگونجێنن و لە سایەی ئەو گونجان و سازانەی خۆیاندا، دەرفەت و شانسی مانەوە و ژیانی خۆیان زیاتر مسۆگەر بكەن.
ئەوە ئەو نهێنییەیە كە زانای گەورەی بەریتانی، چارلز داروین (Charles Darwin, 1809-1882)، لە تیۆرە بەناوبانگەكەی خۆی، كە وەرچەرخانێكی بێوێنە بوو لە مێژووی زانست و بیركردنەوەی مرۆڤایەتیدا، و ئەمڕۆ لقێكی سایكۆلۆژیا بەناوی سایكۆلۆژیای پەرەسەندنی داروینی (Evolutionary Psychology) لێی جیابووەتەوە، داكۆكیی لێدەكات و بە پرۆسەیەكی بەردەوامی ژیانی دەزانێت و پێیوایە تا هەزاران و تەنانەت ملیۆنان ساڵی دیكەش بەردەوامی بەو گۆڕانكارییانەی دەدات و لە میانەیدا گۆڕانكاریی زۆر گەورە و بنەڕەتی لە فسیۆلۆجی و لایەنە كۆمەڵایەتییەكانیدا ڕوودەدەن، تا ئەو كاتەی نەژادی مرۆڤی ئێستا، كە بە ناوی هۆمۆساپیێنس ساپیێنس ناسراوە، وەك نەژادەكانی دیكەی وەك نیاندەرتاڵ و كرۆمەگنان و ئەوانی دیكە لەنێو دەچێت، وەك ئەوەی زانایان ئاماژەیان پێداوە. بۆیە لێرەدا بە بوێرییەوە دەتوانرێت بگووترێت كە تیۆرییە سایكۆلۆژییەكەی ئەدلێر لە بواری كەسایەتیدا لە ژێر كاریگەریی بیردۆزەكەی داروینەوە بووە.
لە بەشێكی دیكەی تیۆریی خۆیدا لەبارەی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی، بە جۆرێك لە جۆرەكان، ئەدلێر ڕەخنە لە هاوڕێیەكەی خۆی، واتە فرۆید دەگرێت، و پێیوایە كە پاڵدەرە نەستییەكان (unconsciousness) بە تەنهایی ناتوانن تەنها پێكهاتەی تەواوكاری سروشتی مرۆڤەكان بن، بەڵكو مرۆڤەكان ناچارن كە خاوەن هەڵسوكەوتێكی كەسێتیی نێوخۆیی وا بن كە بیانبەستێتەوە بە پەیوەندییە بابەتییەكان و بەتایبەت وابەستەبوونەوە، چونكە مرۆڤ بوونەوەرێكی دابڕاو نییە لە ژینگە كۆمەڵایەتییەكەیەوە، و تەنها لەسەر ئەوە هەڵسوكەوت ناكات كە وەكچۆن پاڵنەرە نەستییەكانی بیانەوێت و مەیلیان بۆ بكێشێت. مەیلەكانی نەست هەمان ئەو چەمكانەن كە فرۆید لە تیۆرییەكەیدا بە پاڵنەری سەرەكیی جووڵە و ڕەفتارەكانی مرۆڤی هەژمار دەكات و لەم خاڵەدا ناكۆكە لەگەڵ ئەدلێردا.
ئەدلێر داكۆكی لە فاكتەرە كۆمەڵایەتییەكانی ڕەفتار دەكات، و پێیوایە كە هەر تاكێك بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت كە ڕێنوێنی بكات بەرەو بەدیهێنانی هەندێ ئامانج كە مەبەستیان ڕزگاربوونە لە هەستكردن بە كەموكوڕی، و لە هەمانكاتدا پاڵپێونانییەتی بەرەو تەواوەتیبوون (perfection)، و ئەو كارەی دەبێتە مایەی هەستكردن بە بەختەوەری و متمانە، هەمان ئەو شتانەی كە پێشتر و لە دۆخی هەستكردن بە كەموكوڕیدا هەستی پێنەدەكردن. كەواتە لێرەدا هەوڵی قەرەبووكردنەوە، تەنانەت جێگۆڕكێ و ئاڵوگۆڕی هەستكردن بە خۆبەكەمزانین دەدات، و ئەو كارەش، لە ڕوانگەی ئەدلێرەوە لە ڕێگەی مەیلە كۆمەڵایەتییەكەی وابەستەبوونەوە ئەنجام دەدرێت.
لە ڕوانگەی ئەدلێرەوە تاك پشت بە پەرەسەندنی سایكۆلۆژی و جەستەیی خۆی دەبەستێت تاوەكو ئەو دۆخە تێپەڕێنێت و لە ئاستی نزمی خۆبەكەمزانینەوە بەرەو ئاستی بەرزتر هەنگاو بنێت، و هەر ئەوەشە كە لە ماوەی ژیانیدا شرۆڤەی هەوڵ و كۆششەكانی دەكات كە لە پێناو گەیشتن بە تەواوەتی و كەماڵ پێی هەڵدەستێت، و بە گشتی مێژووی ژیانی هەر تاكێك بریتییە لە مێژووی هەستكردن بە كەموكوڕی و لە هەمانكاتدا هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ نەهێشتنی ئەو كەموكوڕییە، و دواتریش هەنگاونان بەرەو بەرزی (sublimation)، و ئەوەش یەكێكە لە میكانیزمە گرنگەكانی بەرگریی سایكۆلۆژی، كە لە قوتابخانەی شرۆڤەكاریی فرۆیدیدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە و پارێزەری دۆخی ئێستای تاكە لە بەرامبەر ئەو دۆخە نائاساییە نەخوازراوەی كە پێشتر تێیدا بووە یان تێیكەوتووە. ئەو بەرەو بەرزییەوە چوونە پاڵدەرێكی بەهێزی تاكە و لە ئەگەری ڕەخساندنی دەرفەتی باش و لەباردا دەبێتە مایەی بەرهەمی وێژەیی یان زانستی یان كۆمەڵایەتیی ناوازە، كە نموونەشی سەدان بەرهەم و داهێنانی لەو جۆرەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كە بە شاكارەكانی ئەم بوارانە هەژمار دەكرێن و خزمەتێكی مەزنی مرۆڤایەتییان كردووە.
لە لایەكی دیكەوە، ئەدلێر جەخت لەوە دەكات كە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، و چالاكییەكانی وەك هاوكاری و هاوسۆزی ئامرازی پێكەوەبەستنیەتی بە مرۆڤەكانی دیكە، و سەرباری ئەو خاڵە هاوبەشانە بەڵام شێوازی مرۆڤەكان لە جێبەجێكردنیاندا جیاوازە، و ئەدلێر بۆ ئەم بابەتە چەمكی ستایلی ژیان (life style) بەكار دەهێنێت، كە خۆی لە خۆیدا جوانی و واتاداری بە ژیان دەبەخشێت، و نموونەشی ئەو سەركردانەن كە هەموویان لە بابەتی كوردایەتی و بەختەوەری و ئازادیی كوردستاندا كۆكن بەڵام لە شێوازی گەیشتن بەم ئامانجانە لە یەكتری جیاوازن.
ئەدلێر، بەپێچەوانەی فرۆید، جەخت لە گرنگیی فاكتەری كۆمەڵایەتی دەكات و بە ڕەهەندێكی خۆڕسكیی مرۆڤ هەژماری دەكات، و پێیوایە كە ئەو ڕەهەندە تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە مرۆڤ بەرەو ڕووی پرۆسە كۆمەڵایەتییەكان دەبێتەوە، بەڵكو ئەم پرۆسەیە هەروەها هاوكارییەكانی تاك بۆ كۆمەڵگەكەی خۆیشی لەخۆدەگرێت و پێیوایە سەرەتاكەی بۆ پەیوەندییە بەهێزەكەی دایك و منداڵ دەگەڕێتەوە، كە پێشتر ئاماژەمان بە بنیاتە بایۆلۆجییەكەی دا.
دواتر ئەدلێر لە میانەی تیۆرەكەیدا دەپەرژێتەوە سەر لایەنی دەرووندروستیی مرۆڤ و بەو جۆرە بە لایەنە كۆمەڵایەتییەوە دەیبەستێتەوە كە پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان بەها كۆمەڵایەتییەكان و نموونە باڵاكانی كەسایەتیدا هەیە، و باڵانس و هاوسەنگی لە نێوان خودی تاك لە لایەك، و لە نێوان تاك و كۆمەڵگەكەی و لە میانەی كار و خۆشەویستی لە لایەكی ترەوە، دەرووندروستیی تاك مسۆگەر و گەرەنتی دەكات. لێرەدا، ئەدلێر بەپێچەوانەی لایەنگرانی بیردۆزی حەتمیەت (determinism) و قەدەرییەكان، پێیوایە مرۆڤەكان خۆیان چارەنووس و داهاتووی خۆیان دەنەخشێنن و دایدەڕێژن، و ئەوان قوربانیی چارەنووس نین، و پێیوایە كە مرۆڤ بوونەوەرێكی داهێنەر و چالاك و خاوەن بڕیارە، و خۆی دەتوانێت شێوازی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و لە پێناو گەیشتن بە لووتكەی سەركەوتن و دەستكەوت هەنگاو بنێت و ئاڵنگارییەكان تێپەڕێنێت.
دۆزی ڕەوای كورد لە ناوەرۆكی چەمكە سەرەكییەكانی ئەدلێردا
لێرەدا، و لە میانەی پێشكەشكردنی تیۆریی ئەدلێر لە سەرەوە، ئاماژە بە كۆمەڵێك چەمكی سەرەكیی ئەو تیۆرە و هەروەها جێبەجێكردنیان لەسەر دۆخی كورد و دۆزەكەی لەم قۆناغەدا دەدەین:
1- گشتگیری: وەكچۆن ئەدلێر لە بیردۆزەكەیدا تاك وەك بەشێك لە سیستەمی كۆمەڵایەتی دەبینێت، بە هەمان شێوە پێیوایە ئەو سیستەمە و تاكەكانی تەواوكەری یەكتر و پێكهێنەری گشتێكن، كە یەكێكیان بە بێ ئەوەی دیكە واتا و ڕامانی خۆی لە دەست دەدات. ئەم چەمكە لە دۆزی ڕەوای كورددا، لەم قۆناغەی ئێمە تێیداین، خۆی لە گشتێكدا دەبینێت كە هەموو كێشە و بابەتە سیاسییەكانی ناوچەكە لە خۆ دەگرێت و هەموویان، و لە نێویشیاندا كێشەی كورد، تەواوكەری یەكترن و بە بێ چارەسەری كێشەی كورد لە ناوچەكەدا، چارەسەری كێشە ئاڵۆزەكان ئەستەمە. و بە هەمان ئاراستەش كێشەی هەموو پارچەكانی كوردستان، وێڕای هەندێ جیاوازی و تایبەتمەندیی پەیوەست بە هەر یەكەیانەوە، كێشەیەكی بەیەكەوە بەستراوە، كە گشتێك پێكدەهێنێت كە ناوی دۆزی ڕەوای كوردە و تایبەتە بە نەتەوەیەك كە دوور لە بنەماكانی دادپەروەری و یەكسانی و مرۆیی، مافە نەتەوەیی و كولتووری و فەرهەنگی و سیاسییەكانی پێشێل كراوە و پشتگوێ خراوە.
2- داهێنان و هەڵبژاردن: بە هەمان شێوەی كە ناكرێت مرۆڤ لە ژێر كاریگەریی فاكتەرە بایۆلۆجییەكانی (genotype) دەربهێنرێت، و بە هەمان شێوەش ناكرێت نكۆڵی لە كاریگەریی ژینگە وەك فاكتەرێكی دەرەكی (phenotype) بكرێت كە لە دروستكردنی كەسایەتییەكدا كە تۆوی داهێنان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لێهاتوویی لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و دانی بڕیاری تایبەت بە خۆی هەبێت، بەشدارن، و لە هەموویان گرنگتر پەروەردە و فێركردن، كە لە جیهانی ئێستادا گرنگی و پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە دروستكردنی تواناییەكانی سەرەوە و بەتایبەت كە ئەمڕۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیش بە هانای پەروەردەوە هاتوون و تەكنەلۆژیا بووەتە بەشێكی دانەبڕاوی سیستەمی پەروەردە و فێركردن، كە ڕۆڵی هەیە لە چاندنی تۆوی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی لە ناخ و دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەدا. لە بابەتی دۆزی كورددا، ئەگەرچی تاكی كورد هیچ تایبەتمەندییەكی بایۆلۆجی و بەتایبەت لە بابەتی مێشكدا نییە كە جیاكەرەوەی مرۆڤی كورد بێت لە نەتەوەكانی دیكە و هیچ جینێكی جیاكەرەوەی لێهاتوویی كورد لە میللەتانی دیكە لە ئارادا نییە، بەڵام كورد بە حوكمی ئەو ئەزموونە تاڵەی لە ڕابردوویەكی پڕ لە هەوراز و نشێو و بەتایبەت تاوانەكانی نەیارانی لە دژی خۆی ئەزموونێكی دوورودرێژی هەیە، ڕووداوەكانی وەك ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كورد و بەتایبەت شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەلماندوویەتی كە كورد دەتوانێت سوودێكی بێسنوور لە تواناییە لەبننەهاتووەكانی خۆی وەربگرێت و دەتوانێت بەهۆیانەوە دەستكەوتی زیاتری هەبێت هەروەكچۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا “بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970” و لە ڕاپەڕینی 1991 حكومەتی هەرێمی كوردستانی مسۆگەر كرد، و ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت كە كورد متمانەی بە تواناكانی خۆی هەیە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، و بە پێچەوانەی بانگەشە و لافلێدانەكانی هەندێ كەسی نێوخۆ و بە فیتی وڵاتانی ناوچەكە و هەندێ وڵاتی دیكەی جیهانی، كە دەخوازن كورد بندەستی هەڵبژێرێت و پێ لەسەر تواناییەكانی خۆی بنێت و تاكی كورد بە كەسێتییەكی لاواز هەژمار دەكەن كە ناتوانێت بڕیار لە چارەنووس و داهاتووی بدات، كورد پیشانی داوە بە هیچ ڕەنگێك بەو ئاراستەیەوە ناڕوات و مەزنترین بەڵگەش ڕیفراندۆمەكەی 2017 بوو كە لووتكەی بەرپرسیارێتیی تاكی كوردی لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی پیشانی جیهانیان دا.
3- ئامانج: ڕەفتارەكانی مرۆڤ، لە ڕوانگەی ئەدلێرەوە، ئەو ڕەفتارە ئامانجدارانەن كە بە ئاراستەی تەواوەتی و كەماڵ، و ڕزگاربوون لە هەستی خۆبەكەمزانین و كەموكوڕی هەنگاو دەنێن. لە بابەتی كورددا، كورد وەكوو هەر نەتەوەیەكی دیكە، دینامیكییەتی هەنگاونان بەرەو كەماڵ و ئامانجەكانی داهاتووی هەیە، و بەڵگەشی ئەو هەنگاو و هەوڵانەن كە لە سایەی ئەو دەرفەتانەی كە لە كاتی ئێستادا و بە حوكمی گۆڕانكارییە سیاسی و كولتوورییەكانی كە لە ناوچەكە و جیهاندا ڕوودەدەن، لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە ئارادان و هەر یەكەیان بە هەموو تواناییەوە و بە گوێرەی بەركەوتە و هەلومەرجەكان، هەوڵی بۆ دەدەن. بە هەمان شێوەش هەڵوێستی هەندێ كەس و لایەن بەرامبەر و دژی كاراكردنەوەی پەرلەمان لە دوای دوو ساڵ پەكخستنی، هەڵوێستێكی ناجوامێرانە و دژی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئامانجەكانی هەرێم و تەنانەت هۆكاری لاوازكردنی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتیی تاكەكانیەتی و جێگەی داخە، لە كاتێكدا كە كاراكردنەوەی پەرلەمان لەم كات و ساتەدا دروستترین و گونجاوترین كار و دژایەتیكردنیشی كاردانەوەیەكی نالۆجیكی بوو. ئێمەی كوردستانیان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەدا زۆرترین پێویستیمان بە یەكڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانە نەك بڵاوكردنەوەی تۆوی پەرتەوازەیی. ئەزموونی گەلان پیشانی داوە كە ئەوانەی لە هەلومەرجی لەو شێوەیەدا دژی بەرژەوەندییەكانی میللەتی خۆیان هەڵسوكەوتی وایان كردووە كە گورزی كوشندە بەر ئەو نەتەوەیە بكەوێت، دواتر زیانەكانی بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێن و ئاسەوارەكانی تا ساڵانێكی زۆر دەمێننەوە و دوور نییە میللەتەكە بخەنە نێو گێژاوێك و تەنگ و چەڵەمەیەك كە دواتر دەرچوون لێی ئەستەم و سەخت بێت و بە گرانی لەسەر میللەت و حكومەتەكان بوەستێت، تا ئاستێك كە ئەوانەی دەنگیان بەم كەس و لایەنانە داوە لە دەنگدانیان پەشیمان دەبنەوە بەڵام ئیتر كار لە كار ترازاوە و پەشیمانی دادمان نادات.
4- شێواز و ستایلی ژیان: لە تیۆرەكەی ئەدلێردا مرۆڤ هونەرمەندی سەرەكیی ژیانی خۆیەتی، و لە میانەی ژیاندا و لەسەر بنەمای ئەو ستایلەی كە لە ژیاندا پەیڕەوی دەكات دەگاتە ئامانجەكانی، و ئەو ستایلە لەسەر بناغەیەك دانراوە كە دەستپێكەكەی بۆ قۆناغی سەرەتای ژیان دەگەڕێتەوە. لە بابەتی كورددا ئەو چەمكە خۆی لە شێواز و ستایلی ژیانی ئەندامانی كۆمەڵگەی كوردەواری و لە ئاستە جیاواز و دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی مەدەنی و فەرمی و لەشكری و سیاسی و كولتووری و فەرهەنگی و زانستی و خزمەتگوزاریدا دەبینێت، كە كەسان بەوپەڕی تواناوە، و لەسەر بنەمای ستایلی ژیان و ئەزموونی خۆیان و بە هەمان ئەندازەش لەسەر بنەمای هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، و بڕوا بە جێبەجێكردنی سیستەمی پاداشت و سزا، ئەركەكانی خۆیان بە ئاراستەی ئەو ئامانجانەی كە لە كۆتاییدا لە بەختەوەری و ئارامی و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سایكۆلۆژیی تاكی كوردی و هەروەها هەموو پێكهاتەكانی كوردستاندا یەكدەگرن، كۆدەبێتەوە. نموونەی دیاریشی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان بووە كە لە دۆخە سەخت و نەخوازراوە جیاوازەكان و لەوانەش جەنگی دژی تیرۆریستانی تاریكپەرستی داعش بە بێ جیاوازی بەرگرییان لە گشت پێكهاتەكانی كوردستان كرد، و نموونەی دیكەشی ئەو پێكەوەژیانەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە بانگەشەی بۆ دەكات و هانمان دەدات كە بیكەین بە هەوێنی ژیان لە كوردستاندا، و هەر لە سایەی ئەو فەرمایشتەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی دەرفەتی كار و خزمەت و ژیان و چالاكیی سیاسی و كولتووری و فەرهەنگی بە هەموو چین و نەتەوەكانی كوردستان دەدات و كەمترین درێغی تێدا ناكات.
5- گرنگی و بایەخی كۆمەڵایەتی: هەروەك ئاماژەمان پێدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كۆڵەكەی تیۆری ئەدلێر پێكدەهێنن، و بە لای ئەدلێرەوە بایەخی تاك بە هەست و سۆز و پێداویستی و بیروبۆچوون و باوەڕەكانی كەسانی دیكە، هەوێنی بەختەوەریی خۆی و ئەو كەسانەیە، چونكە ئەو هەستانە و لەبەرچاوگرتنیان هاندەری یەكگرتنیانە لەگەڵ یەكتری و بە هەمان شێوەش هاوكاریی هەردوو لایان دەكات كێشەكانی خۆیان بە باشترین شێوە چارەسەر بكەن، و تێربوونی پێداویستیی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی لای هەمووان مسۆگەر و گەرەنتی بكات. گرنگترین ئەركی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری، بە هەموو چین و توێژ و پارتە سیاسییەكانیشەوە هەر لەم خاڵەدا كۆدەبێتەوە، كە هەموویان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لە خەم و مەینەتی و نەهامەتی و كێشە و گیروگرفتەكانی یەكتری، چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوو و داهاتوودا، تێبگەن و وەبیر خۆیانی بهێننەوە كە ئەم میللەتە لە ڕابردوودا چەند سەختی و نەهامەتیی بەخۆیەوە بینیوە؛ ئەم تێگەیشتنە دەتوانێت چرای ڕێگەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستا و داهاتوومان بێت، نەك وەكچۆن هەندێ لایەن و كەسی نابەرپرسیار لە كات و سات و قۆناغە جیاوازەكاندا، بۆ نموونە لە لافاوەكەی ئەم دواییەی شاری هەولێری پایتەختدا، تیر و توانجیان لەم و لەو دەدا و لە جیاتی ڕەخنەی بنیاتنەر هەزاران شتی ناشرین و دڵشكێنەریان بڵاو كردەوە و هەستی زۆر كەسیان بریندار كرد.
6- قەرەبووكردنەوە: ئەدلێر پێیوایە ژیانی مرۆڤ هیچ نییە مەگەر ململانێیەك بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە كۆمەڵایەتییەكان، و لەوە دەچێت كە لەم خاڵەدا ئەدلێر وەك داروین بیر بكاتەوە كە ژیان بە گۆڕەپانی ململانێیەكی لەبننەهاتوو لە نێوان جۆرە جیاوازەكانی گیانەوەران و زیندەوەران و لەوانەش مرۆڤەكان هەژمار دەكات، كە بۆ مانەوە و ژیانی خۆیان ناچارن ئەنجامی بدەن و بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانی خۆیان و خواردن و خواردنەوە و هەوا و ئاو لەگەڵ یەكتری كێبڕكێ بكەن. ئەدلێر پێیوایە كە خودی كەموكوڕی خۆی لە خۆیدا لادان و ناوازەیی نییە بەڵكو وزە و هێزێكی پاڵنەرە بۆ گەیشتن بە سەركەوتن و دەستكەوتن (achievement)، و خودی هەستكردنی تاك بەم كەموكوڕییە پاڵدەری قەرەبووكردن یان كەمكردن و نەهێشتنییەتی. هەربۆیەش كە كورد لەم جیهان و ناوچە پڕ لە كێشە و گرفت و ململانێیەدا هەست بە بەشخوراویی خۆی و بێبەشبوون لە زۆرێك لە مافە سەرەتایی و سیاسی و كولتووری و فەرهەنگییەكان دەكات، خۆی لە خۆیدا و بەپێچەوانەی لافلێدانی نەیاران و دوژمنان، كەموكوڕی و لادان و ناوازەیی و هەڵە نییە، بەڵكو تێگەیشتن و هەستێكی لۆجیكانە و زیرەكانەیە لە بابەتەكە و هەوڵەكانی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێیەكانی خۆی لەگەڵ نەتەوە داگیركەرەكان لە ناوچەكەدا كارێكی ژیرانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و سروشتییەكانی خۆی. لەم ڕوانگەیەوە و لە سۆنگەی ئەوەی كە بە چاوی خۆی دەبینێت نەتەوەكەی نەتەوەیەكی دێرینی ناوچەكەیە و لە زۆر مافی سەرەتایی و مافی خاوەندارێتیی وڵاتێكی سەربەخۆ (كە تێیدا شكۆ و كەرامەت و پرستیژ و ژیان و سامان و مافەكانی پارێزراو بێت) بێبەشە، مافی خۆیەتی دڵگران بێت و هەست بە كەموكوڕی بكات و لە پێناو چارەسەری ئەم دۆخەدا هەموو ڕێگەیەك بگرێتەبەر، تەنانەت ئەو كاتەی كە ناچار بووە بۆ پاراستنی خۆی پەنا بۆ چەك ببات، بەڵام نەك بە واتای هێرشكردنە سەر نەتەوە و شار و گوندەكانی نەتەوەكانی دیكە، بەڵكو تەنها و تەنها بەرگریكردن لە خۆی تا جارێكی دیكە ئەنفالە بەدناوەكە، كیمیاباران و ڕاگواستن و جینۆسایدەكان دووبارە نەبنەوە. سەركەوتنی هەموو ئەو خاڵانە لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا لە سایەی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتیدا سەردەگرێت، هەر بۆیە هەمووان ئەو ئەركەمان لەسەر شانە كە پەرەی پێبدەین و بەهێزتری بكەین، و لە جیاتی ڕەخنەی بنیاتنەر و شێوازی دیموكراسییانەی وەك هەڵبژاردن، پەنا بۆ ڕێگەی وا نەبەین كە زیان بە هەستی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی بگەیەنێت و ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژیی كوردستان بخاتە مەترسییەوە. كوردستان و كوردستانیان، هەمیشە و بەتایبەت ئێستا، پێویستییان بە بەهێزبوونی هەستی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتییە بۆ نەتەوەكەی و نیشتمانەكەی، و كەس بە ئەندازەی خودی كورد لە گرنگیی ئەم بابەتە تێناگات؛ بە پێچەوانەوە نەیارانی، لە ڕابردوو و ئێستادا، لە ڕێگەی كەسانی لاواز و نابەرپرسەوە دەیانەوێت ئەم لایەنە لە نێو كورددا لاواز بكەن، و لە داهاتووشدا هەمان هەوڵ دەدەن، چونكە بە لاوازیی وابەستەبوونی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری باشتر دەتوانن بمانچەوسێننەوە و داهاتەكانمان بۆ خۆیان ببەن و ڕێگە لە پێشكەوتنمان بگرن و ئایدیۆلۆجیا شكستخواردوو و دەمارگرژانە و بیروباوەڕەكانی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن. كوردێك كە خاوەن بەرزترین ئاستی وابەستەبوون بێت خۆی بەدەستەوە نادات.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ.