سالار بابه‌شێخ
فریدریش نیچە، لە په‌رتووكی «زەردەشت ئه‌وهای گوت- چنین گفت زرتشت»، چەمکی مرۆڤی باڵا كه‌ به‌ «ابرانسان» ناوی ده‌بات، ئاسۆیەک دەخاتەڕوو کە لە دۆخی ئێستای مرۆڤ فراوانترە. لەم تێگەیشتنەدا، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆتایی‌هاتوو و تەواوبوو نییە؛ بەڵکو بوونەوەرێکە کە دەتوانێت لە دۆخی ئێستای خۆی تێپەڕێت.
ئەم تێپەڕینە پرسیارێك دێنێته‌ئاراوه‌ لە پەیوەندیی مرۆڤ بەو بەها و نرخانەی كه‌ ژیانی ئەو پێکدەهێنن.
مرۆڤ ڕەنگە بەپێی ئەو بەها و نرخانە بژی کە کۆمەڵگه‌ پەسەندی کردوون، بەبێ ئەوەی سەرچاوە و ڕەواییان بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەو ئەگەره‌ دەخاتەڕوو کە مرۆڤ لەم دۆخە تێپەڕێت و بەشداری لە دروستکردنی بەها و نرخەکاندا بکات. بۆیە، نابێت «مرۆڤی باڵا» بەو کەسە یەکسان بزانرێت کە تەنیا یاسا و ڕێساکانی ئێستا باشتر جێبەجێ دەکات.
*پەیوەندیی مرۆڤی باڵا بە بەڕێوەبردنەوە
بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە بواری بەڕێوەبردندا تەنیا لە خاڵێکی دیاریکراودا مانادارە:
پەیوەندیی بەڕێوەبەر بەو بەها و گریمانانەی ڕێکخستنی دامەزراوەکە پێکدەهێنن.
هەر دامەزراوەیەک پشت بە کۆمەڵێک بەها و باوەڕی تا ڕاددەیەک جێگیر دەبەستێت؛ لە تێگەیشتن لە مانای سەرکەوتن و بەرهەمهێنانەوە، تا تێڕوانین بۆ دەسەڵات، کێبڕکێ و پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەندان.
ئەم بەها و نرخانە دیاری دەکەن کە چی گرنگ، خوازراو، یان قبووڵکراوە.
بەڕێوەبەر، زۆر جار لە چوارچێوەی هەمان بەها و نرخانەدا بڕیار دەدات و ئەدای خۆیشی بەپێی ئەوان هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام کێشەکە لەو کاتەدا دەستپێدەکات کە بەها و نرخە زاڵەکان، لەبری ئەوەی ببنە بابەتی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە، دەبنە پێوەرێکی نەگۆڕ بۆ هەڵسەنگاندن و حوکمدان.
لێرەدا دەتوانین پرسیارێک لە فەلسەفەی نیچەوە وەربگرین: ئایا بەڕێوەبەر تەنیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ئامانجە پەسەندکراوەکان باشتر بەدەست بهێنێت، یان دەتوانێت خودی ئامانج و بەهاکانی ڕێبەریی ڕێکخراوەکەش بخاتە ژێر پرسیارەوە؟
ئەم پرسیارە پەیوەندییەکی سنووردار، بەڵام بامانای نێوان چەمکی مرۆڤی باڵا و بەڕێوەبردن دروست دەکات. مەبەست ئەوە نییە هەر بەڕێوەبەرێکی داهێنەر، یان ڕەخنەگر بە نموونەی مرۆڤی باڵا دابنرێت؛ بەڵکو مەبەست بریتییە لە ئەگەری تێپەڕین لە چوارچێوەی بەها و نرخەکانی ئێستا و بیرکردنەوە لە بەها و نرخێکی دی.
سنووری نێوان دروستکردنی بەها و خۆسەپاندنی دەسەڵات
ئەم تێگەیشتنە ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەبێتەوە. ئەگەر دروستکردنی بەها و نرخەکان بەو شێوەیە لێک بدرێتەوە کە بەڕێوەبەر بتوانێت هەر ویستێکی کەسیی خۆی بکاتە پێوەری کارکردنی دامەزراوەکە، ئەوا فەلسەفەی نیچە دەبێتە بیانوویەک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵاتی تاکەکەسی.
بەڵام دروستکردنی بەها و نرخەکان هاوتای بڕیاردانی دڵخوازانە و بێ پێوەر نییە. لە بیرکردنەوەی نیچەدا، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکی قووڵ لە پەیوەندیی مرۆڤ بە خۆی، ژیان و بەها و نرخەکانیەوە هەیە؛ نەک تەنیا بە سەپاندنی ویستی خۆی بەسەر کەسانی دیكه‌دا.
بۆیە، ناتوانین مرۆڤی باڵا وەک مۆدێلێکی ئامادە بۆ بەڕێوەبردن دابنێین، یان ڕاستەوخۆ لە فەلسەفەی نیچەوە ڕێنمایی و ڕێکاری بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان دەربهێنین. هەروەها، ڕەخنەگرتن لە بەها و نرخەكانی ئێستا بە تەنیا گەرەنتی ئەوە ناکات کە بەها و نرخە جێگرەوەکان لە ڕووی ئەخلاقی، یان دامەزراوەییەوە گونجاو بن.
پرسیارێک بۆ بەڕێوەبەران:
گرنگیی ئەم چەمکە بۆ بەڕێوەبەران زیاتر لەوەی لە وەڵامێکی ئامادەدا بێت، لەوەدایە پرسیارێکی سەخت بخاتەڕوو:
ئایا دامەزراوە تەنیا بەدوای باشترکردنی ئەدا و کارایی لە چوارچێوەی بەها و نرخە پەسەندکراوەکاندا دەگەڕێت، یان توانای دووبارە بیرکردنەوە لە خودی ئەو بەها و نرخانەشی هەیە؟
نابێت ئەم پرسیارە بە پێویستیی گۆڕانکاریی بەردەوام، یان به‌ فڕێدانی هەموو نەریتەکان تێبگەین. هەموو بەها و نرخێکی جێگیر بە مانای هەڵەبوون نییە؛ هەروەها، هەموو داهێنانێکیش بە مانای پێشکەوتن نییە. بابەتەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانین بیر لە بەها و نرخەکان بکەینەوە، لەبری ئەوەی بێ هیچ پرسیارێک قبووڵیان بکەین؟
کۆتایی..
مرۆڤی باڵاتری نیچە ڕێچکەیەکی ئامادە بۆ بوون بە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو نییە؛ بەڵکو چەمکێکی فەلسەفییە کە ئەگەری تێپەڕین لە سنووری مرۆڤ و بەها و نرخە ئێستاییه‌کان دەکاتە بابەتی بیرکردنەوە.
لە بواری بەڕێوەبردندا، گرنگیی ئەم چەمکە لەو پرسیارە سنووردار، بەڵام بنەڕەتییەدایە:
کەی پێویستە لەبری ئەوەی تەنیا لە چوارچێوەی ڕێسا و یاساكانی ئێستادا باشتر کار بکەین، خودی ئەو ڕێسا و بەها و نرخانەش دووبارە بخەینەوە ژێر بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن؟
سه‌رچاوه‌: گاهنامه‌ی مودیر (گاهنامه مدیر)*
*ناوی پلاتفۆرمێکە کە بابەت و ناوەڕۆکی تایبەت بە بەڕێوەبردن، سەرکردایەتی و پەرەپێدانی تواناکانی بەڕێوەبەران بڵاو دەکاتەوە.
دکتۆر مەهدی سانعی دامەزرێنەریه‌تی و به‌شداربووان و نووسه‌رانی ئه‌م پلاتفۆرمە
ئامانجیان بەرزکردنەوەی زانیاری و تێڕوانینی بەڕێوەبەران، پسپۆڕان و خاوەنکارانه‌ لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەتە بەڕێوەبەری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە.