بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، تەقینەوەیەکی بەهێز لە سیستمی گازی وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری بەسرە روویدا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان. رووداوەکە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کرد و زیانی زۆری ماددی بە وێستگەکە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاند.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی عێراق، دوای تەقینەوەکە ئاگرەکە بۆ کۆگاکانی گاز و دەوروبەری وێستگەکە تەشەنەی کردووە و چەندین ماڵی گرتووەتەوە، کە لە ئاکامدا زیاتر لە 17 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە بەهۆی رووداوەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون. بریندارەکان بەهۆی سەختیی برین و تەنگەنەفەسییەوە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەکانی نزیک کراون؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بەسرە تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی ژمارەی کوژراوان و برینداران رانەگەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ژمارەیەک خێزان لە نزیک وێستگەکە رزگار بکەن و بە پشتیوانیی تیمی تەندروستی و ئەمبوڵانسەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی زیاتر. هاوکات تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکان یان ناو ماڵە زیانلێکەوتووەکاندا گیریان خواردووە.