هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی بارەگای کۆنترۆڵی هاوبەشیان لە ناوچەی جورف سەخری باکووری پارێزگای بابل کردەوە و بەپێی ڕێککەوتنەکانیش، بڕیارە چەکدارانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە ماوەی مانگێکدا بەتەواوی لەو ناوچەیە بکشێنەوە و بەرەو سنوورەکانی عێراق و سووریا بگوازرێنەوە.
لە کاتژمێر شەشی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026، بارەگای کۆنترۆڵی هاوبەش لە ناوچەی جورف سەخر دەستبەکاربوو، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە فەرمانێکی دیوانی بۆ پێکهێنانی دەرچوو و هەموو یەکە سەربازییەکانی عێراق خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی ج و مۆڵەتی کارمەندان هەڵوەشێنرایەوە.
بەپێی فەرمانە دیوانییەکە، بارەگا نوێیەکە لە هەموو ڕوویەکەوە سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی دەبێت و فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتم حەمید وەک فەرماندەی بارەگاکە، بەهاوکاریی دوو جێگر کە بریتین لە لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نەسیف بۆ کاروباری بەرگری و عودەی مەسحەب بۆ کاروباری حەشدی شەعبی دەستنیشان کراون.
ئەم بارەگا نوێیە فەرماندەیی چوار پێکهاتەی سەرەکی لە لیوایەکی سوپای عێراق، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی، دوو لیوای دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ فەوجێکی پۆلیسی وزە کە ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە دەگرێتە ئەستۆ، دەکات، هاوکات بارەگاکە پابەندکراوە بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ فەرماندەییەکانی پۆلیسی بابل و ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا، ئەنبار و بەغدا.
ئەم هەنگاوانەی حکومەتی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەی جورف سەخر و کۆتاییهێنان بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دێت، بەپێی زانیارییەکانی ناو ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەت و حیزبوڵڵادا کراوە، چەکدارانی ئەو گرووپانە لە ماوەی یەک مانگدا بەیەکجاری ناوچەکە جێدەهێڵن و لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا لە پارێزگای ئەنبار بڵاوەیان پێدەکرێتەوە.