سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەی جورف سەخر کرد و داوای لێ کردن بە دانبەخۆداگرتن و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، هاوکات ڕایگەیاند کە ئەمە سەرەتای عێراقێکی یەکگرتووە کە دەستوور و یاسا بەڕێوەی دەبات.

  عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە پەیامێکدا بۆ هێزە ئەمنییەکان لە جورفولسەخر دووپاتی کردەوە کە لەو ناوچەیەدا لە جەنگدا نین و هەموو ئەوانەی لەوێن ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەن، هەروەها بڕیاری دەوڵەت بۆ نەهێشتنی چەکی دەرەوەی یاسا نەگۆڕە.

  عەلی فالح زەیدی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە لە جورف سەخر لە جەنگدا نین، هەموو ئەوانەی لەوێن برای ئێوەن، نە دوژمنێک لە نێوانتاندایە و نە ڕکابەرێک لە بەردەمتاندایە، ئەوان ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەن و خوێنیان خوێنی ئێمەیە، هەمووان لە ژێر یەک ئاڵا، یەک فەرماندەیی و یەک یاسادا تێکەڵ بە هێزە چەکدارەکان دەبن.

  سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە: بڕیاری ئێمە نەگۆڕە، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، هیچ چەکێک نییە جگە لە چەکی عێراق، هیچ بڕیارێک نییە جگە لە بڕیاری عێراق و هیچ ئاڵایەکیش لە سەرووی ئاڵای عێراقەوە نییە.

زەیدی گوتیشی: گەلی عێراق قسەی خۆی کرد و لەگەڵ دەوڵەتدا وەستا بۆ پاراستنی سامانی عێراق و لەباربردنی گەندەڵی و یاخیبوون، هەر لێرەشەوە بە ناوی ئێوەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی گەلی عێراق دەکەین.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا زەیدی ئاماژەی بەوە دا کە جورفولسەخر دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراق و بونیادنانی عێراقێکی یەکگرتوو لە ژێر سایەی دەستوور و یاسادا، تاوەکوو ڕووبەڕووی هەر گەندەڵییەک یان چەکێکی دەرەوەی یاسا ببنەوە.