فەرماندەی زێرەڤانی دەڵێت، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان سوێندیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان خواردووە و هێزەکانی زێرەڤانی ئامادەی جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک دەبن.

 فەریق عەزیز وەیسی بانی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پەیامێکی بڵاوکردووەوە، ڕایگەیاند، هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ، فەرماندەیی دەڤەری یەک و فەرماندەیی دەڤەری دوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر (دژەتیرۆری کوردستان)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری و فریاکەوتن، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، سوێندیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان خواردووە و لەو باوەڕەدام هەموویان پابەندی ئەو سوێندە دەبن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ئێمە وەک فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئامادەین بە گیان و خوێنی خۆمان پارێزگاری لە یەکێتیی هەرێمی کوردستان بکەین و چاوەڕێی هەر فەرمانێک دەبین.