
سەید ئەحمەد رواندزی، هونەرمەندی میوزیکژەنی کورد، ئامادەکارییەکی میوزیکی نوێی بە ناوی «یادە لەبیرکراوەکان»، پێشکەش دەکات، یەکێکە لە بەرهەمە میوزیکییەکانی د. نەهرۆ زاگرۆس و بە شێوازێکی ئەکادیمی و رێکخستنێکی تەواوی هاڕمۆنی بۆ ژەنین ئامادە کراوە.
پارچە موزیکییەکە یەکێکە لە بەرهەمەکانی د. نەهرۆ زاگرۆس، خۆی کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکییەکەی ئەنجام داوە و بە شێوازێکی زۆر ئەکادیمی، رێکخستنێکی ورد و تەواوی هاڕمۆنی بۆ داناوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی میوزیکی و هونەریی گونجاو پێشکەش بکرێت.
رواندزی بۆ کوردستان ٢٤ سەبارەت بە گرنگی ئەو بەرهەمە گوتی: لەم بەرهەمەدا گرنگییەکی تایبەت بە رێکخستنی میوزیکی و هاوتەریبی دەنگەکان دراوە، بە شێوەیەک هەموو بەشە میوزیکییەکان لە چوارچێوەیەکی هاڕمۆنی و ئەکادیمیدا پێکەوە کار بکەن و کۆی پارچەکە بە دەنگێکی یەکگرتوو و رێکخراو بگاتە گوێگر.
ئاماژە بەوەش دەکات بەشی ژەنینی سۆڵۆی کەمان لە پارچە میوزیکییەکەدا خۆی ئەنجامی دەدات، ئەمەش بەشێکی گرنگی ئەم بەرهەمەیە؛ چونکە لە رێگەی دەنگی کەمانەوە هەوڵ دەدات هەست و رۆحی میوزیکیی پارچەکە بخاتە ڕوو و دەربڕینێکی تایبەت بە بەرهەمەکە ببەخشێت.
سەید ئەحمەد رواندزی باسی لەوەش کرد، ئامادەکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە پێویستی بە وردبینی و تێگەیشتنی میوزیکی هەیە، بە تایبەتی کاتێک بەرهەمێک بە شێوازێکی ئەکادیمی رێکدەخرێتەوە و دابەشکردنێکی تەواوی هاڕمۆنی بۆ دادەنرێت؛ چونکە هەر ئامرازێکی موزیکی دەبێت لە شوێنی خۆیدا رۆڵی خۆی بگێڕێت و لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا هاوتەریب بێت.
سەبارەت بە تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپەکە، رواندزی دەڵێت: کاری تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپی پارچە میوزیکییەکەش لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت، ئەوێش یەکێکە لە شوێنە مێژوویی و کولتوورییە گرنگەکانی کوردستان و وەک هێمایەکی ناسراوی شاری هەولێر، شوێنێکی تایبەتی لە ناسنامەی مێژوویی و شارستانیی ئەم شارەدا هەیە.
رواندزی جەختی لەوەش کردەوە، هەڵبژاردنی قەڵای هەولێر بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپەکە، رەهەندێکی بینەری و شوێنی تایبەت بە بەرهەمەکە دەبەخشێت و دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی میوزیک لەگەڵ شوێنێکی مێژوویی و ناسنامەیی پێکەوە ببەسترێنەوە. بەم شێوەیە، جگە لە دەنگ و ژەنینی میوزیکی، شوێنی تۆمارکردنی کلیپەکەش دەبێتە بەشێک لە ناساندنی ئەم بەرهەمە بە بینەر و گوێگرانی میوزیک.
سەید ئەحمەد رواندزی، لە کۆتایی قسەکانیدا، هیوا دەخوازێت پارچە میوزیکی «یادە لەبیرکراوەکان»، بە دڵی هەموو لایەک بێت و هەواداران و گوێگرانی میوزیک بتوانن چێژ لەو بەرهەمە و لە ژەنینی سۆڵۆی کەمان و رێکخستنە هاڕمۆنییەکەی وەربگرن.
سەید ئەحمەد ڕواندزی، هونەرمەندی میوزیکژەنی کورد، خەڵکی رواندزە، باوکی مرۆڤێکی هونەردۆست بووە و لە شاری رواندز خاوەن چایخانەیەک بووە شوێنی کۆبوونەوەی زۆرێک لە هونەرمەندە گەورەکانی کورد بووە وەکو، حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق، کاوەیس ئاغا و مەزهەری خالقی. ناوبراو ژەنیارێکی بەتوانای ئامێری کەمانچەیە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پاراستن و ژەنینی ئاوازە رەسەنە کوردییەکاندا. رواندزی چەندین ئاوازی گۆرانیبێژە گەورەکانی کوردی بە کەمانچەکەی دووبارە ژەنیوەتەوە، وەک ئاوازی گۆرانییەکانی «قەت نەدەی ئازاری گیانی» کەریم کابان.