سهرهتا وتار شنگال.. چارەسەری سیاسیی لە نێوان ئاسایش و گەڕانەوەی ئاوارەكاندا
ڕەمزی میرەكانی
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ بەسەر هێرشی داعش و تاوانەكانی بەرامبەر ئێزدییەكان، هێشتا كۆمەڵێك كێشەی سیاسید، ئاسایشی و مرۆیی لەبەردەم شنگال دایە. بەشێك لە دانیشتووانی ناوچەكە هێشتا لە ئاوارەییدان، زۆرێك لە ماڵ و دامەزراوەكان پێویستییان بە بنیاتنانەوە هەیەك، ناكۆكییەكان لەسەر بەڕێوەبردن و ئاسایشی شنگالیش بە تەواوی چارەسەر نەكراون. لە نێوان ئەم كێشانەدا، ڕێككەوتنی 9ی ئۆكتۆبەری 2020ی نێوان هەولێر و بەغدا، هێشتا وەك یەكێك لە گرنگترین هەوڵەكان بۆ ڕێكخستنەوەی دۆخی ناوچەكە دادەنرێت؛ بەڵام پرسی سەرەكی ئەوەیە، كە بۆچی بەشێكی گرنگی ئامانجەكانی هێشتا بەدی نەهاتوون و چۆن دەتوانرێت ئاسایش و متمانە بگەڕێندرێنەوە، تا خەڵكی شنگال بتوانن بە دڵنیایی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە 3ی ئابی 2014دا، هێرشەكانی داعش بۆ سەر شنگال بوونە یەكێك لە تاریكترین ڕووداوەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد و ئێزدییەكان. هەزاران كەس كوژران، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی تاوانی دڕندانە بوونەوە و دەیان هەزار كەس ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان جێبهێڵن. كۆمەڵێك لە دانیشتووان پەنایان بۆ چیای شنگال برد و بۆ ماوەیەك لە دۆخێكی دژواردا مانەوە. ئەو تاوانانە تەنها زیان بە تاك و خێزانەكان نەگەیاند، بەڵكوو برینێكی قووڵیان لە جەستەی كۆمەڵگەی ئێزدی و هەموو كوردستاندا دروست كرد.
هەرچەندە داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكستی هێنا، بەڵام كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەو گرووپە لە ناوچەكەدا بە مانای كۆتاییهاتنی كێشەكانی شنگال نەبوو. هێشتا خێزانگەلێك بەدوای كەسوكاری ونبوویاندا دەگەڕێن، ژنان و منداڵانی ڕزگاربوو پێویستییان بە پشتگیریی بەردەوام هەیە و بەشێكی زۆری ئاوارەكانیش نەگەڕاونەتەوە ماڵ و زێدی خۆیان.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەردەوامبوونی قەیرانی شنگال، ناكۆكییە سیاسی و ئاسایشییەكان و بوونی هێزە چەكدارە جیاوازەكانە. دوای ڕزگاركردنی ناوچەكە لە داعش، چەندان هێزی جیاواز لە شنگال پەیدابوون، لەوانە یەكینەكانی بەرگریی شنگال و یەكینەكانی بەرگریی ژنان لە شنگال، كە لە قۆناغی شەڕ لەگەڵ داعشدا ڕۆڵیان هەبوو. هەروەها هێزەكانی دیكەش بە شێوەی جیاواز بەشدارییان لە دۆخی ئاسایشی ناوچەكەدا كردووە. بەڵام بوونی ئەم هێزانە و ناكۆكییەكان لەسەر دەسەڵاتی ئاسایشی و كارگێڕی، شنگالی كردووە بە ناوچەیەك كە چارەسەركردنی دۆخی تێیدا ئاسان نییە.
لە لە 9ی ئۆكتۆبەری 2020دا، ڕێككەوتنی شنگال لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا، كە گرنگییەكی تایبەتی هەیە. ئامانجی سەرەكیی ڕێككەوتنەكە ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی شنگال، ڕێكخستنەوەی بەڕێوەبردنی كارگێڕی، ڕێكخستنی ئاسایش و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی بنیاتنانەوەی ناوچەكە بوو. بەپێی خاڵەكانی، دەبوو بەڕێوەبردنی ناوچەكە بە شێوەیەكی ڕێكخراو بكرێت، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕۆڵی سەرەكییان لە پاراستندا هەبێت و هێزە چەكدارەكانی دیكەش لە چوارچێوەی پلانی ئاسایشییەكەدا ڕێك بخرێن. هەروەها بنیاتنانەوەی ژێرخان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، لە ئامانجە سەرەكییەكانی ڕێككەوتنەكە بوون.
بەڵام، لە نێوان واژۆكردنی ڕێككەوتن و جێبەجێكردنی خاڵەكانی جیاوازییەكی گەورە هەیە. بەشێكی گرنگی ڕێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە و كێشەی بوونی هێزە چەكدارەكان و ناكۆكییە سیاسییەكانیش هەر بەردەوامە. لەوانەش پرسی داهاتووی(یەبەشە) و (یەپەژە) ئەو هێزانەی تر كە لە شنگالن.
پرسی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی شنگال لە دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق، یان ڕێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی سیستەمی ئاسایشی و سوپای عێراق، بابەتێكی هەستیارە. ئەم پرۆسەیە نابێت تەنها بە بڕیارێكی سەربازی چارەسەر بكرێت؛ بەڵكوو پێویستە ماف و نیگەرانییەكانی دانیشتووان، متمانەی خەڵك و ڕۆڵی ئەو هێزانەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بەشدارییان كردووە، لەبەرچاو بگیرێت. گرنگ ئەوەیە شنگال خاوەنی ئاسایشێكی تۆكمە و بەهێز بێت، بە شێوەیەك كە پاراستنی دانیشتووان مسۆگەر بكات و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی تراژیدیای ساڵی 2014 بگرێت.
لەلایەكی دیكەوە، وێرانبوونی خانوو، قوتابخانە، نەخۆشخانە و دەزگا خزمەتگوزارییەكان، ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی قورس كردووە. گەڕانەوەی ئاوارەكان تەنها بە كردنەوەی ڕێگەكان و چاككردنەوەی خانووەكان نابێت؛ پێویستە كار، خزمەتگوزاری، هەلی خوێندن و نیشتەجێبوونی گونجاویشیان بۆ دابین بكرێت. هەروەها، ناسینەوەی قوربانیانی داعش، گەڕاندنەوەی كەسانی ونبوو و دادگەریش بۆ خێزانەكان بەشێكی گرنگی هەر چارەسەرێكی بەردەوامە.
لە كۆتاییدا، شنگال نابێت ببێتە مەیدانی ملمـلانێی سیاسی و سەربازیی لایەنە جیاوازەكان. حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بە گفتوگۆ و هاوكاریی ڕاستەقینە ڕێگە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال خۆش بكەن و دانیشتووانی ناوچەكەش لە دیاریكردنی داهاتووی خۆیاندا بەشدار بن.
شنگال تەنها چاوەڕێی بنیاتنانەوەی بیناكانی نییە؛ چاوەڕێی گەڕاندنەوەی متمانە، ئاسایش و هیوایە. ئەو خەڵكەی جارێك بەهۆی داعشەوە هەموو شتێكی لەدەست دا، نابێت جارێكی دیكە ببێتە قوربانیی ناكۆكییە سیاسییەكان. شنگال پێویستی بە كردار هەیە، نەك بەڵێنی نوێ؛ پێویستی بە ئاشتی و ئاسایش هەیە، نەك بەردەوامبوونی ململانێیەكان.