ڕاپۆرت- سه‌رهه‌نگ نه‌جمه‌دین
هۆڵەکانی لەشجوانی لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاویان کردووە و بوونەتە شوێنێکی گرنگ بۆ ئەوانەی گرنگی بە تەندروستی و وەرزش دەدەن، ئەم هۆڵانە بە دابینکردنی ئامێری وەرزشی نوێ، ژینگەیەکی گونجاو و ڕاهێنەرانی پسپۆڕ، یارمەتی تاکەکان دەدەن .
لە باشترکردنی هێزی جەستە، پاراستنی تەندروستی و دروستکردنی شێوازی ژیانێکی چالاک، لەبەر ئەوه‌ هۆڵەکانی لەشجوانی ئەمڕۆ تەنها شوێنی ڕاهێنان نین، بەڵکو بەشێکی گرنگن لە ژیانی ڕۆژانەی زۆرێک لە هاوڵاتیان، به‌ڵام هه‌ندێك هۆڵیش هه‌یه‌ به‌پێی پێویست نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌ت به‌بواره‌كه‌ی خۆی بكات، به‌ڵكوو بۆته‌ شوێنێكی بازرگانی له ‌بری هۆڵی وه‌رزشی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و وه‌رگرتنی زانیاری له‌باره‌ی هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی له‌شجوانی و كێشه‌ و گرفته‌كانیان و چۆنیه‌تی چارسه‌ركردنیان، لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دەدرێت گرنگی یاریی لەشجوانی لە کوردستان، خزمەتگوزارییەکانی، کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی فەرمی و ورد بخرێتە ڕوو.
هانی تەها سەرۆکی فیدراسیۆنی ناوەندی لەش ڕێکی کوردستان ، له‌باره‌ی زیادبوونی هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان گوتی: زیادبوونی ژمارەی هۆڵەکانی لەشجوانی بە واتای فراوانبوونی دەرفەتی وەرزشکردن بۆ هاووڵاتیانە، هەر هۆڵێکی نوێ کە دەکرێتەوە، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی و کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوەی گەنجان لە چالاکییە وەرزشییەکان، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ڕاهێنەرانی نێو هۆڵەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ئاراستەکردنی ئەندامان و چاودێریکردنی تەندروستییان، ئەم ڕۆڵە بە ڕۆڵی پزیشکان لە بواری پاراستنی تەندروستی بەراورد کرد.
لەبارەی ڕێکخستن و چاودێری هۆڵەکان، هانی تەها ئاشکرای کرد کە فیدراسیۆنی ناوەندی لەش ڕێکی کوردستان بەردەوام سەردانی هۆڵە وەرزشییەکان دەکات و دڵنیایی لە پابەندبوونیان بە یاسا، ڕێنمایی و ستانداردە پەسەندکراوەکان دەکات، بە وتەی ئەو، هەر پێشێلکارییەک لە بواری کارگێڕی، ڕاهێنان یان خزمەتگوزاری بە خێرایی دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی مافی ئەندامان و ئاستی خزمەتگوزاری پارێزراو بێت.
لە بابەتی بەکارهێنانی مادەی ووزە بەخش و هۆرمۆن، سەرۆکی فیدراسیۆن جه‌ختی لەسەر ئەوە کردەوە كه‌ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە مادانە ناده‌ن، چونکە مەترسییەکی گەورە بۆ تەندروستیی یاریزانان دروست دەکەن و دەتوانن کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی وەرزشییان هەبێت، بۆیە هەر هۆڵێک لەو بارەیەوە سەرپێچی بکات، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
دانا جومعە حەسەن، پاڵەوانی پێشووی یاریی لەشجوانی عێراق و کوردستان و خاوەنی سەنتەری وەرزشی له ‌شاری هه‌ولێر، پێی وایە زیادبوونی ژمارەی هۆڵ و سەنتەرە وەرزشییەکان نیشانەی گرنگیدانی کۆمەڵگا بە تەندروستیی هاوڵاتییانە، بەڵام هەمان کات هەندێک کێشەش هەن کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر پێشکەوتنی یاریی لەشجوانی هەیە، دانا جومعه‌ گوتی: لە هەر وڵاتێک هۆڵ و سەنتەری وەرزشی زیاتر هەبێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە گرنگی بە تەندروستی دەدرێت و هاووڵاتییان له‌ ژیانێکی تەندروستتر دەژین، لە شاری هەولێریش ژمارەی هۆڵە وەرزشییەکان زۆرە و به‌رده‌وام لە زیادبووندان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی ڕۆڵی ڕاهێنەران لە هۆڵە وەرزشییەکاندا، پاڵەوانی پێشووی یاریی لەشجوانی عێراق و کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ڕاهێنەری پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامە، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی ئەم یارییە، ڕاهێنەرانی هۆڵە وەرزشییەکان پێویستە خاوەنی شارەزایی و بڕوانامەی پێویست بن، چونکە ڕاهێنەر ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزان و شێوازی پەرەپێدانی تواناکانی هەیە.
ئۆشین موحسین عه‌زیز، کچە یاریزانی پێشووی بەرزکردنەوەی قورسایی یانەی هەولێر و ڕاهێنەری ئێستای لەشجوانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ئاماژەی بە گرنگترین کێشەکانی ئەم بوارە کرد و گوتی: گرانیی ئەندامێتی هۆڵە وەرزشییەکان، کەمبوونی ڕاهێنەری پسپۆڕ، لاوازی لە پاکوخاوێنی و ئاسایشی هۆڵەکان و نەبوونی بەرنامەی تایبەت بۆ ئافرەتان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی بەشداریی ئافرەتان لە وەرزشن، بە پێی ئەو، چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەتوانێت ژینگەیەکی باشتر بۆ لەشجوانی دابین بکات.
ئوشین لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە تێکەڵبوونی ئافرەت و پیاو لە هۆڵە وەرزشییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بابەتە بە خۆی هۆکاری لاوازبوونی وەرزش نییە، بەڵکوو سەرکەوتنی وەرزش پەیوەندی بە ڕێکخستنی دروست، پابەندبوون بە یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی ڕێک و ڕێزگرتوو هەیە، کە دەتوانێت یارمەتیدەری پەرەپێدانی وەرزش بۆ هەردوو ڕەگەز بێت.