هیچ دەنگێکی کینە ناتوانێت پەیوەندیی مێژوویی و نەتەوەیی نێوان هەولێر و سلێمانی بسڕێتەوە

2

شێرکۆ حەبیب
هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی، کاتێک بابەتێک لەگەڵ بەرژەوەندیی سیاسی و حزبی ئەواندا نەگونجێت، تەنانەت ئەگەر ئەو بابەتە لە بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵک و پێشکەوتنی کوردستانیشدا بێت، یەکسەر پەنا دەبەنە بەر دروشمێکی ئامادە: (ئەمە دژی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگەیە!).
ئەم دەستەواژەیە بووەتە یەکێک لە ئاسانترین ئامرازەکانی ئەوانەی ناتوانن بە بەڵگە و لۆژیک و گفتوگۆ وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەکان بدەنەوە. کاتێک لە بەرانبەر بەڵگە و ڕاستییەکاندا بێ وەڵام دەمێننەوە، یەکسەر پەنا دەبەنە بەر خوێنی شەهیدان، وەک ئەوەی هیچ کەسێک مافی پرسیارکردن و ڕەخنەگرتنی نەبێت.
بێگومان، کەس نکۆڵی لەو ڕاستییە ناکات کە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەمانە، ئەنجامی خەباتێکی درێژ و قوربانیدانی هەزاران شەهید و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و پشتیوانیی خەڵکی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەیە. شەهیدان بە خوێنی خۆیان ئەم خاکەیان پاراست، پێشمەرگە بە گیانی خۆی بەرگریی لێ کرد و نەوەیەک بە خەبات و ئازایەتی ئەم ئەزموونییان دروست کرد.
ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە و قەرزێکی نیشتمانییە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا هەر کەسێک ڕەخنەیەکی هەبێت، داوای چاکسازی بکات، یان پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی کوردستان پێشکەش بکات، ئەوە مانای دژایەتیکردنی شەهیدان و پێشمەرگەیە؟ ئایا داواکردنی دادپەروەری، خزمەتگوزاری، شەفافییەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دژی خوێنی شەهیدانە؟
نەخێر، بە پێچەوانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ داوای چاکسازی و دادپەروەری دەکات، داوای ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان دەکات و هەوڵی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی کوردستان دەدات و پەرلەمان کارا دەکاتەوە، لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات ڕێبازی شەهیدان بەردەوام و پارێزراو بێت. چونکە ئەوان بۆ ئەوە گیانیان نەبەخشی کە کوردستان ببێتە شوێنی نادادپەروەری و بێخزمەتی و بێدەنگکردنی دەنگی هاووڵاتییان، ئەوان بۆ ئازادی، دیموکراسی، سەروەری و ژیانێکی باشتر گیانیان بەخش کرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لەو بەرپرسیارێتییانەی کە نابێت لەبیر بکرێت. ئەگەر بە ڕاستی وەفادارین بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە، دەبێت ئەو دامەزراوە دیموکراسییانە بپارێزین و بەهێزیان بکەین کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانن.
ئایا چالاککردنەوەی پەرلەمان دژ بە خوێنی شەهیدانە؟ ئایا گەڕاندنەوەی دەوری دەستووری و یاسایی پەرلەمان، وەفادار نییە بۆ خەباتی پێشمەرگە و بەردەوامیدان بەو ئامانجەی کە شەهیدان و پێشمەرگە خەباتیان بۆ کردووە؟
پەرلەمانی کوردستان موڵکی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نییە، ئەو دامەزراوەیە نوێنەرایەتیی ویستی گەلی کوردستان دەکات. ئەو هاووڵاتییانەی بە دەنگی خۆیان نوێنەرانیان هەڵبژاردووە، مافی ئەوەیان هەیە چاوەڕێی ئەوە بن کە دەنگیان لە ناو پەرلەماندا ببێتە دەنگی یاسا و بڕیار و نوێنەرەکانیان بەرانبەر بە ئەرکە دەستوورییەکانیان بەرپرسیار بن.
چالاککردنەوەی پەرلەمان تەنیا داواکاریی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی نیشتمانی و دیموکراسییە. پەرلەمان دەبێت یاسا دابنێت، چاودێریی حکوومەت بکات، کێشەکانی هاووڵاتییان بگەیەنێتە ناو دامەزراوەکانی بڕیاردان و دەنگی خەڵک بگەیەنێتەوە ئەو شوێنەی کە بۆی دەنگیان داوە.
نابێت بە ناوی پاراستنی خوێنی شەهیدانەوە، دامەزراوەیەکی دیموکراسی لاواز بکرێت یان ئەرکە دەستوورییەکان پشتگوێ بخرێن. وەفاداری بۆ شەهیدان ئەوە نییە کە بە ناویانەوە دامەزراوەکان لە کارکردن بوەستێنین، بەڵکوو ئەوەیە ئەو دەستکەوتانە بپارێزین کە ئەوان بە خوێنی خۆیان بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە هەندێک کەس کاتێک بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن، یەکسەر باسی شەهیدان دەکەن. ئەمە لە خۆشەویستی و وەفاداری بۆ شەهیدان نییه‌، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی سۆزی هاووڵاتییان و بێدەنگکردنی ڕەخنەکان. بە ناوی شەهیدانەوە بەرژەوەندیی کەسی و حزبی دەپارێزرێت، لە کاتێکدا خوێنی شەهیدان دەبێت هێمایەکی پیرۆزی یەکگرتوویی نەتەوەیی بێت، نەک ئامرازێک بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
خوێنی شەهیدان پیرۆزە، زۆر پیرۆزە. بۆیە نابێت لە هەر ململانێیەکی بچووکی حزبیدا بەکاربهێنرێت. نابێت هەر کاتێک کەسێک لەگەڵ ڕای زۆرینە نەبوو، تۆمەتبار بکرێت بەوەی دژی شەهیدانە. ئەم لۆژیکە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی ناگونجێت. دیموکراسی واتە قبووڵکردنی جیاوازیی ڕا، قبووڵکردنی ڕەخنە و داننان بە مافی ئەوانی تر بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆیان.
شەهیدان بۆ ئەوە نەبوونە قوربانی کە کەس بە ناویانەوە موزایەدە بکات و دەمی خەڵک دابخات. ئەوان بۆ ئەوە گیانیان بەخت کرد کە خەڵک بە ئازادی بژی، بە ئازادی قسە بکات، ڕەخنە بگرێت، مافی خۆی داوا بکات و بەشداری لە بڕیاردانی چارەنووسی نیشتمانەکەیدا بکات.
ئایا ئەوانەی ئەمڕۆ بە ناوی شەهیدانەوە قسە دەکەن، لە خۆیان دەپرسن چەند جار سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کردووە؟ دەستی چەند منداڵی شەهیدیان گرتووە؟ سەردانی چەند ماڵی شەهید و دایکی شەهید و باوکی شەهیدیان کردووە؟ چەند کێشەیەکی خانەوادەی شەهیدیان چارەسەر کردووە؟
ئەم پرسیارانە گرنگن، چونکە وەفاداری بۆ شەهیدان بە قسە و دروشم نییە، وەفاداری بە کردار دەسەلمێنرێت.
وەفاداری ئەوەیە بچیتە لای خانەوادەی شەهید، گوێ لە ئازار و کێشەکانیان بگریت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەیت. وەفاداری ئەوەیە دایکی شەهید ناچار نەبێت بەدوای مافەکانی کوڕەکەیدا بگەڕێت و منداڵی شەهید هەست بکات کە باوکی لەبیر نەکراوە و نیشتمانەکەی هەمیشە لە پشتییەتی.
ئەوانەی ئەمڕۆ بە ناوی شەهیدانەوە قسە دەکەن، با لە خۆیان بپرسن: ئاخۆ ئەوەی دەیکەین لە بەرژەوەندیی خانەوادەی شەهیدانە یان لە بەرژەوەندیی کورسی و دەسەڵاتی خۆیانە؟ ئایا ئەو ماف و خزمەتگوزارییانەی بۆ خانەوادەی شەهیدان تەرخان کراون، بە دروستی دەگەنە دەستیان؟ ئایا ئەو بەڵێنانەی پێیان دراون، جێبەجێ کراون؟
با ڕاستگۆ بین، ئەگەر بەڕاستی وەفادارین بۆ شەهیدان، دەبێت بە کردار بیسەلمێنین، نەک بە موزایەدەکردن لەسەر خوێنیان.
با خوێنی شەهیدان لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخەینەوە. با شەهیدان وەک هێمایەکی پیرۆزی نیشتمانی بمێننەوە، وەک خاڵێکی یەکگرتوویی هەموو گەل، نەک ئامرازێک بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر و بێدەنگکردنی دەنگی جیاواز.
کەس مافی ئەوەی نییە خۆی بکاتە خاوەنی خوێنی شەهیدان. شەهیدان هی هیچ حزب و لایەنێک نین، ئەگەر سەر بە هەر حزبێکیش بن، شەهیدان هی هەموو گەلن، هی هەموو کوردستانن. هی ئەو دایکانەن کە کوڕەکانیان لەدەست داوە، هی ئەو منداڵانەن کە باوکیان نەناسیوە، هی ئەو هاوسەرانەن کە بە تەنیایی ماونەتەوە.
ئێمە ئەرکی ئەوەمان هەیە ئەو ئەمانەتە بپارێزین و ئەو ڕێبازە بەردەوام بێت، کە شەهیدان بۆی گیانیان بەخت کردووە: کوردستانێکی ئازاد، دیموکرات، دادپەروەر، خاوەن دامەزراوەی بەهێز، خاوەن خزمەتگوزاری و دوور لە گەندەڵی و نادادپەروەری.
شەهیدان بە خوێنی خۆیان کوردستانیان بۆ ئێمە بەجێهێشت، پێشمەرگە بە قوربانیدانی خۆی پاراستی، خەڵکیش بە دەنگی خۆی دامەزراوەکانی دروست کرد. ئەرکی ئێمە ئەوەیە بە کردار، بە دیموکراسی و بە پاراستنی دامەزراوەکانی، ئەو کوردستانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزین.
لەو بارەیەشدا، ناتوانین ڕۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرانبەر شەهیدان و خانەوادەکانیان پشتگوێ بخەین. سەرۆک بارزانی هەمیشە لە قسە و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیدا و بەکردار جەختی لە پیرۆزیی خوێنی شەهیدان و پێویستیی ڕێزگرتن و وەفاداری بۆ خانەوادەکانیان کردووەتەوە. ئەمەش دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی کوردستان لە بەرانبەر ئەو خانەوادانەی کە گیانی خۆشەویستەکانیان لە پێناو ئازادی و سەروەریی نیشتماندا بەخت کردووە.
ڕێزگرتن لە هەڵوێستە و بەردەوامیکردنی ئەو ڕێبازە، ئەوە دەخوازێت کە هیچ خانەوادەیەکی شەهید هەست بە تەنیایی و پشتگوێخستن نەکات، مافەکانیان بە تەواوی بپارێزرێت و منداڵەکانیان دڵنیا بن کە نیشتمان ئەو قوربانیدانەی لەبیر نەکردووە. چونکە ئەو کوردستانەی کە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە، دەبێت هەمیشە پشتیوان و پارێزەری خانەوادەکانیان بێت.
با بە کردار وەفادار بین، نەک بە دروشم و موزایەدە. با بە خزمەتکردنی گەل، پاراستنی خانەوادەی شەهیدان، ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، وەفاداریی خۆمان بسەلمێنین.
خوێنی شەهیدان بۆ موزایەدە نییە، ئەو خوێنە ئەمانەتێکی نیشتمانییە، کە پاراستن و بەردەوامیکردنی ڕێبازەکەی، ئەرکی هەموومانە.