
سهههند كۆیی
شاری کۆیە لە مێژووی فەرهەنگی و سیاسیی کوردیدا تەنها شارۆچکەیەک نییە لە ڕووبەرێکی جوگرافیدا، بەڵکو مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی دەوڵەمەندە کە توانیویەتی لە یەک کاتدا چەندین لوتکەی ئەدەبی و فکری پێشکەش بە نەتەوەی کورد بکات. ئەم شارە بەهۆی پێگەی ئایینی و بوونی حوجرە و قوتابخانە زانستییەکان و دواتریش کاریگەرییەکانی شەپۆلی نوێگەری، بووە بە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار. سێکوچکەی کۆیە کە پێکهاتوون لە حاجی قادری کۆیی و مەلای گەورە و دڵداری شاعیر، سێ قۆناغی جیاواز و تەواوکاری یەکترن لە گۆڕینی ڕەوتی هزر و ئەدەبیاتی کوردیدا. ئەمانە تەنها شاعیر و نووسەر نەبوون، بەڵکو هەر یەکەیان بە جۆرێک ڕێبەرایەتی بزووتنەوەیەکی مەعریفییان کردووە کە لە ناسیۆنالیزمی سەرەتاییەوە دەست پێ دەکات و بە چاکسازی ئایینی و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت و لە کۆتاییدا لە سروودی نیشتمانیدا چڕ دەبێتەوە.
عەقڵانییەتی ئایینی و شۆڕشی نوێگەری
حاجی قادر وەک یەکەمین چەخماخەی وشیاریی جەماوەری لە ئەدەبی کوردییدا دەردەکەوێت. ناوبراو لە کۆیە چاوی بە دنیا هەڵهێنا و لە حوجرەکاندا خوێندی، بەڵام کاتێک ڕووی کردە ئەستەمبوڵ، کەوتە ناو ژیانێکی نوێ و جیهانبینییەکی جیاوازەوە. ئەستەمبوڵی ئەو سەردەمە لانکەی کۆبوونەوەی ئازادیخوازانی دەوڵەتی عوسمانی بوو؛ حاجی لەوێوە نەک تەنها ئاگاداری تێکۆشانی گەلان و نەتەوە ژێردەستەکانی تری ناوچەکە بوو، بەڵکو لە نزیکەوە تێکەڵ بە بنەماڵەی کوردپەروەری بەدرخانییەکان بوو و ئەرکی مامۆستایەتیی کوڕەکانیانی لە ئەستۆ گرت، کە ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئاراستەی فکری و بیروباوەڕی هەبووە. لە لایەکی ترەوە، ئاوارەبوون و دوورکەوتنەوەی لە زێدی باووباپیرانی، هەستی ناسۆری و غەریبیی تێکەڵ بەو وشیارییە نوێیە کرد و وای لێکرد هەمیشە هەست و هۆشی لای وڵات و خاکەکەی بێت. بە جۆرێک کە تێکەڵبوونی بەو کلتوورە دەوڵەمەندە و ئاشنابوونی بەو کتێب و ژینگە ڕۆشنبیرییەی کە لە ئەورووپاوە دەهاتن و دەگۆڕدران، وای کرد بیری هەستی نەتەوایەتی لە دەروونیدا گەشە بکات و کانیاوی شیعری کوردی بێتە کوڵ، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بوو کە بە توندی ڕەخنەی لەو کەسانە دەگرت کە زمانی ڕەسەنی خۆیانیان وەلا دەنا و دەستبەرداری شوناسی خۆیان دەبوون؛ لە کاتێکدا باوەڕی وابوو کلیلی ڕزگاری و بەختی کورد لە ڕووناکبیری و یەکگرتوویدایە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو پەخشان و هۆنراوانهی کە باس لە نەخشە و سنووری کوردستان دەکەن، بناغەی لیریکی نیشتمانی داڕشت و کۆیەی کردە ناوەندی هەناردەکردنی ئەم ڕوانگەیە. لە پاڵ ئەم بێداربوونەوە سەرتاسەرییەدا، محەمەد جەلیزادە: (مەلای گەورە)، وەک زانایەکی ناودار، ڕەهەندێکی تری زانستی و فەلسەفی بە وڵات و خاکهكهی بەخشی؛ ناوبراو نموونەی بیرمەندێکی داهێنەر بوو کە ئایینی وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەبینی نەک بۆ چەقبەستوویی. ئەم کەسایەتییە لە سەردەمی خۆیدا شۆڕشێکی مەزنی ئەنجامدا، کاتێک کچەکەی: (نەجیبە) خان، لە ساڵی 1924دا، کە تەمەنی حەوت ساڵ بوو، بە پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی نارده قوتابخانەیەکی کوڕان لە شاری کۆیە؛ لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا خەڵکەکە بە عەیب و نەگونجاویان دەزانی تەنانەت کوڕەکانیشیان بنێرن بۆ ئەوێ، چ جای ئەوەی کچان بنێرن، بەم هەنگاوە دیوارێکی پتەوی نەریتی کۆنی تێکشکاند و سەردەمێکی نوێی لە هۆشیارکردنەوەی ئافرەتاندا هێنایە ئاراوە. ئەم پاشخانە پێشەنگە لە مەلای گەورەدا تەنها لە سنووری فێرگەدا نەمانەوە، بەڵکو کاتێک باس لە پرسی کشتوکاڵ دەکات، هەست دەکەیت جووتیارێکی تەواو شارەزایە، بە چهشنێك باسی دەرد و ئافات و نەخۆشییەکانی کشتوکاڵ دەکات، وەکو ئهوه وایه هەموو ژیانی لە نێو ڕەز و باغ و باغات و گەنم و جۆ بەسەر بردبێت؛ یان کاتێک باسی پرسی جەنگ و کوشتن دەکات، وا هەست دەکەیت جەنەڕاڵێکە هەموو تەمەنی لەناو سوپا بردووەتە سەر. لە ڕووی ئەدەبییەوە، خاوەن تێڕوانینێکی عەقڵانی و ڕەخنەیی بوو کە تێیدا هەوڵی دەدا تێگەیشتنێکی میانڕەو و هاوسەنگ لەگەڵ ڕەوتەکانی سەردەم بگونجێنێت. نووسینەکانی ئەو پڕن لە بانگەواز بۆ زانست و دوورکەوتنەوە لە خورافات. ئەم پێشەوایە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا نەک تەنها وەک مەرجەعێکی شەریعەت، بەڵکو وەک ڕۆشنبیرێکی پێشەنگ ناسرا کە توانی دیدی خەڵک بۆ ژیان و ئازادی بگۆڕێت و بێتە پردێک لە نێوان ڕابردوویەکی ئیمانی و داهاتوویەکی مەدەنی.
ئاگاییی یاسایی لە شیعری بەرگریدا
یونس ڕەئووف، کە لە کایەی فەرهەنگیدا بە نازناویك: (دڵدار) ناسراوە، جەمسەرێکی تری ئەم سێکوچکە نەمرییەیە کە توانی ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە بە ڕەوتی نووسینی هاوچەرخ ببەخشێت. ئەم تێکۆشەرە ڕاستگۆیە تەنها وەک شاعیرێکی نیشتمانپەروەر دەرنەکەوت، بەڵکو وەک یاساناسێک و چالاکوانێکی مەیدانی، هۆنراوەکانی کردە کەرەستەیەک بۆ داڕشتنەوەی کەسایەتیی تاکی کورد. لە دیدی ئەودا، وشە ئەرکێکی مێژوویی لە ئەستۆیە، کە بریتییە لە گۆڕینی ژێردەستەیی بۆ سەربەخۆیی و گەشەپێدانی هۆشیاری لەسەر بنەمای بەهای نەتەوەیی. شاکاری: (ئەی ڕەقیب)، کە لهناو تاریکی زینداندا لەدایک بوو، تەنها تێکستێکی لیریکی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لەسەر چەمکی «بوون» و «نەمان». ئەم بەهرەمەندە لەم سروودەدا ململانێی نێوان ستەمکار و ئازادیخواز بەرەو ئاستێکی گەردوونی دەبات و تێیدا جەخت لەسەر ئەسڵ و ڕەسەنایەتی گەلێک دەکاتەوە کە ڕۆژگار ناتوانێت فەرامۆشی بکات. ئەم بەرهەمە بوو بە سەرچاوەی ئیلهامێک کە توانی نەوەیەک بە بەها ڕەسەنەکان گۆش بکات و ئاسۆیەکی نوێی شارستانییان بۆ بڕەخسێنێت. ئەم ڕەوانبێژە لێهاتووە، بە زمانێکی پاراو و دوور لە تەمومژ، توانی چەمکە باڵاکانی وەک ئازادی و دیموکراسی لە بنیاتێکی هونەریی شیعریدا بۆ کۆمەڵگە دابڕێژێت؛ بەوەش سەلماندی کە شاعیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە دەبێتە دەنگی ویژدانی زیندووی گەلەکەی. کۆچی دوایی پێشوەختی ئەم زاتە، هەرچەندە خەسارەتێکی گەورە بوو، بەڵام ڕوانگە نەتەوەییەکەی وەک سروودێکی هەمیشەیی لە ناو دڵ و دەروونی خەڵکدا چەسپا و زێدەکەی وەک ناوەندی پەروەردەکردنی ڕۆحی بەرگری لە مێژوودا هێشتەوە. ئەم سێ هەوێنە بێهاوتایەی کۆیە، هەر یەکەیان لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بنچینەکانی ناسنامەی کوردییان ڕاگرت. حاجی قادر بە گڕی نەتەوایەتی و مەلای گەورە بە شۆڕشی ژیرمەندی و دڵدار بە پڕشنگی هاواری ئازادی، پێکەوە بنەمای قۆناغێکی نوێی هۆشیارییان داڕشت. تا ناوچەکە بێتە پێشەنگی گۆڕانکارییە فکرییەکانی کوردستان. سێکوچکەی ئەدەبیی ئەم شارە ئەم هاوکێشەیەیان سەلماند کە ئەگەر ئاراستەی ئەدەب لە قووڵاییی ژانی گەل و ڕاستییە زانستییەکانەوە سەرچاوە بگرێت، دەبێتە هێزێکی مێژوویی ئەوتۆ کە هیچ سوپایەکی داگیرکار توانای تێکشکاندنی نییە. ههر بۆیه، مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بەبێ ناوی ئەم سێ کەڵەپیاوە، جەستەیەکی بێڕۆح و فۆرمێکی بێمانایە؛ چونکە ئەمان بوون مۆمی شیعریان لە خزمەت جوانیی دڵبەردا کوژاندەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی خاکەکەیان دایانگیرساندەوە.