ئەمڕۆ هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستەی بەڕێز (دەشتی عومەر عوسمان)، باوکی قوتابیی کۆچکردوو (زیلان دەشتی) کرد کە دوێنێ بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین گیانی لەدەست دا، تێیدا وێڕای دەربڕینی خەمباریی قووڵی خۆی بۆ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەکەی و قوتابیان کرد و هیوای خواست خودای مەزن سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەڕێز کاک دەشتی عومەر عوسمان

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (زیلان دەشتی)ـی جگەرگۆشەتانم بیست کە دوێنێ لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین، بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا.

بە بیستنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە زۆر خەمبار بووم. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و خانەوادەکەتان و قوتابیانی ئازیز دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. خودای مەزن سەبر و ئارامیتان پێ ببەخشێت و ڕۆحی پاکی زیلانی کچتان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

13ی تشرینی دووەمی 2026