سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی، حکوومەت و گەلی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو کرد، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆدا لە میرنشینی فوجەیرە.

هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: “پرسە و سەرەخۆشیی دڵسۆزانە و هاوخەمیی قووڵم ئاراستەی سەرکردایەتی، حکوومەت و گەلی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووی برا دەکەم، بۆ قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنەی هاتوچۆ کە لە میرنشینی فوجەیرە روویدا.”

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: “لە خودای مەزن و دلۆڤان دەپاڕێینەوە گیانی قوربانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکات، شیفای بەپەلە بە برینداران ببەخشێت و ئارامی و سەبووریش بە کەسوکار و بنەماڵەکانیان بدات.”

رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی شاری فوجەیرە لە دەوڵەتی ئیمارات، رووداوێکی گەورەی پێکدادانی زنجیرەیی لەنێوان 18 ئۆتۆمبێل و 5 بارهەڵگردا روویدا. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات، لە ئەنجامی ئەم کارەساتەدا 14 کەس گیانیان لەدەست دا و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.