ئەمڕۆ چوارشەممە 2026\11\11، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە بانگەوازەكەی سەرۆک بارزانی، دوا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند: “داوا لە هاوکارانمان، لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەكەین کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.”
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کرد.
سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوە دا کە لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە كردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری راسپارد کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی مووچە و شایستە دارایییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، راپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان. هەروەها باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەمبوونەوەی کارەبا لە رێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی رەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.
پاشان وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهنێراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئەنجوومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار كرد کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و مەبەستی زيانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت.