سهرهتا وتار یەکڕیزی؛ قەڵای پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئاییندەی گەلەکەمانە
ئاوات محەمەد عوسمان گەڵاڵی
لە ساتەوەختێکی هەستیار و پروچنگی مێژووییدا کە ناوچەکە بە گۆڕانکاری و تەنگژەی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دۆخی سیاسیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بووەتەوە. کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، نەک تەنها هەنگاوێکی دەستوورییە، بەڵکو وەڵامێکی نیشتیمانییە بۆ پێویستییەکانی قۆناغەکە و قایمکردنی پایەکانی دیموکراسییەت لە خاکەکەماندا.
کوردستان، ئەو نیشتمانە پیرۆزەی کە بە خوێنی گەشی هەزاران شەهید و قوربانیدانی بێوێنەی نەوەکانمان ئاو دراوە، سۆمای چاو و هیوای گەورەی هەموو تاکێکی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان. ئەم قەوارە دەستوورییەی هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی مەزنی نیشتمانییە و موڵکی هەمووانە، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە لەمەودایەکدا کە هەڕەشە و گوشاری جۆراوجۆر رووی تێکردووە، ئەرکێکی پیرۆز و نیشتیمانیی هاوبەشە و هیچ پاساوێک بۆ ساردبوونەوە لەم ئەرکە قبووڵ ناکرێت.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و گشتی بخەینە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی تەسک و حزبی یان کەسییەوە. سەڕەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەکان لە ناو ماڵی کوردیدا، پێویستە دەنگی هاوبەش و هەڵوێستی یەکگرتوومان ببێتە قەڵغانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئالەنگارییەک کە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.
چونکە لە بنەڕەتدا، کوردستان نیشتمانی هەموومانە؛ پاراستنی ئەم خاکە پیرۆزە و قەوارە سیاسییەکەی، بە واتای پاراستنی شکۆ، مێژوو و داهاتووی هەموو تاكێکی کورد دێت. با هەمیشە لە یادمان بێت کە یەکڕیزی هێزمانە، ئاشتی نەخشەڕێگەی ڕاستەقینەی پێشکەوتنی هەموومانە و یەکگرتوویی پێویستییەکی حەتمی و بێیەدەگە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لە هەموو وێستگەکاندا.