واز لە هەرێمی كوردستان بێنن

3

محەمەد زەنگەنە
چەند رۆژێكە، بەهۆی پرسی كۆبوونەوەی پەرلەمان و كاردانەوەی لایەنە هاودژەكانی ئەو پرۆسە دیموكراسییە گرنگە، میدیای عەرەبی و توركیا و ئێران، بەچەندین شێوە باس لەو دۆخە دەكەن و كەسانێك دێننە سەر شاشە، كە خەڵكی هەرێمی كوردستان نین و بە هەوەسی خۆیان رق و كینەیان دەڕێژنە سەر هەرێمی كوردستان، وەكو ئەوەیە لە وڵات و شارەكانی خۆیان، ئەوپەڕی ئاوەدانی هەبێت و لە دۆخێك دا بن كە ئەوپەڕی پێشكەوتن بێت و هەرێمی كوردستان پێویستیی بە شارەزایی و ئامۆژگاریی ئەوان هەبێت.
من لێرە باسی ئەو دۆخە سیاسییە و هۆكار و سەبەب كارانی ناكەم، بەڵام گرنگە بۆ هەموو لایەك رون بێت، لەكاتی هەبوونی گرفت و قەیران و كێشەی سیاسی، كێ دۆستە و كێ دوژمنی شاراوە و دۆستی بەرەو رووە.
دۆخی سیاسیی ئێران زۆر چاك دیارە لە چ ئاستێك دایە، كەسانێك لە شار و پارێزگاكانی ئەو وڵاتە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ دۆزینەوەی هەر دەرفەتێكی كار و ژیانێكی سەقامگیر و دوور لە شەڕ، هاوكات دیارە دۆخی توركیا ئەمڕۆ بە هەبوونی ناكۆكیی سیاسیی نێوان پارتەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن گەیشتۆتە چ ئاستێك و باری ئێستای پەكەكە (كە دەیانەوێ ئامۆژگاری هەرێمی كوردستان بكەن)، لە چ دۆخێك دایە.
لە باسی وڵاتانی عەرەبیش، دیارە چ هەڕەشەیەكی سیاسی و ئابووری و چ جۆرە دابەشبوونێكی سیاسی لە دۆخی نێوخۆییان دا هەیە و هەڕەشە لەسەر كیان و مانەوە و ئایندەی وڵاتەكانیان هەیە.
هەرێمی كوردستان بەخوێنی شەهیدانی ئەزموونێكی سەركەوتووی بونیاد ناوە، ئەو ئەزموونە لەزۆر لە وڵاتانی دەورووبەر نییە و بە داننانی میدیای خودی ئەو وڵاتانە، رۆژانە چەندین تاوانی گەورە و هەڕەشەی گەورەش لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییان دووبارە دەبنەوە و لەهەر كاتێك دا ئەو وڵاتانە بەرەو لێكترازان و دابەش بوون هەنگاو دەنێن و لەو دۆخە باشتر وزیاتر، هیچ ئەنجامی دیكە ناخوێندرێتەوە.
بۆیە باشتر وایە، ئەوانەی دەیانەوێ رق و كینەیان لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان وەكو پاڵەوانێتییەكی میدیایی نیشان بدەن، باشتر بیر لە ئایندەی خۆیان بكەنەوە و كار بۆ پاراستنی وڵاتانیان بكەنەوە لەو دۆخە ناهەموارەی كە لەهەر كاتێك دا بۆی هەیە بەرۆكی ناوچەكە بگرێتەوە و بیخاتە ژێر مەترسی و ئەگەری مان و نەمان.
تكایە.. واز لە هەرێمی كوردستان بهێنن و خۆتان خەریكی بونیادنانەوەی خۆتان و ئایندەی نەتەوەیی و نیشتمانیتان بكەنەوە و خۆتان لەگەڵ دۆخی وڵاتەكانتان بگونجێنن، هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئاشتەوایی و سەقامگیری بووە، باشترە لە دەستی نەدەن.