سهرهتا وتار پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نەخشەڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان
عارف ڕوشدی
لەژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکان و پێشھاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان، وەک ئەرکێکی مێژوویی و سەرکردایەتی لەپێناوی ھێورکردنەوەی دۆخەکە و ھێنانەکایەی کەشێکی لەبار و لەسەرخۆ بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی پەیامێکی پڕ لە ھەستی بەرپرسیارێتی و نیشتمانپەروەریی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی هەردوو لایەنی سەرەكی لە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان). ئامانجی سەرەکیی ئەم پەیامە ئەوەیە کە بارودۆخی ھەستیاری ناوچەکە و دۆخە گشتییەکە پێش ھەر شتێکی دیکە لەبەرچاو بگیرێت، بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان بخرێتە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکەوە و لە زووترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی بەرھەمدار بۆ یەکخستنەوەی تێڕوانینەکان و پێکەوەکارکردنی بەرپرسانە ئەنجام بدرێت.
ئەم پەیامە حەکیمانەیەی سەرۆك بارزانی لە کاتێکدایە، کە پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و مەترسیی نەمان و کەوتنی چەتری یاسایی ھەرێمی کوردستان چارەسەر کرا، کە ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی و گرنگی ھەبوو. بۆیە پێویستە لایەنەکان لەپێناو تەواوکردنی ھەنگاوەکانی تری پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەیارکردنی تواناکانی ھاوبەشی بەرگریکاری لە سەروەریی ھەرێمەکەمان بەرانبەر ھەر ئاڵنگارییەک، بەردەوام بن. ھەروەھا پێویستە لە ڕێگەی دانوستانێکی ھێمنانە و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەکان و جێی ناکۆکی بدۆزرێتەوە.
لە کەس شاراوە نییە کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە ھەموو قۆناغە سەختەکاندا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیدا ماندوونەناسانە درێغیی نەکردووە. بە ھزرێکی میانڕەوی کوردستانییانە، ھەمیشە خوازیاری وەلانانی پرسە لاوەکییەکانە و لە خەمی بەهەند وەگرتنی پرسە چارەنووسسازەکاندایە. بۆ ئەو مەبەستەش، بەردەوام ھانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی داوە، کە خۆیان بەدوور بگرن لە خواست و بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبییەکان و کار بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن؛ کە ئەوانیش لە پاراستنی قەوارە و پێگە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە و سەرفرازانە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەبینرێنەوە.
لە ئێستادا، یەکڕیزی و گوتاری یەکگرتووی نیشتمانی تەنیا بژاردە نییە، بەڵکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و خوێنی شەھیدان. گەلی کوردستان چاوەڕوانیی ئەوە لە سەرکردایەتیی سیاسی دەکات کە لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوبەشیی ڕاستەقینە هەڵبدەنەوە و ڕووبەڕووی تەحەددییە ئابووری و سیاسییەکان ببنەوە.
ئێمە لێرەوە هیوادارین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە گیانێکی بەرپرسانە و دڵسۆزانە، لە ئاستی بەرزی پەیامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانیدا هەڵوێستی ئەرێنی و پراکتیکی بنوێنن. هیوادارین ئەم هەنگاوە بووژانەوەیەک بۆ پڕۆسەی سیاسی بێت و ببێتە هۆی کۆتاییهاتن بە گرژییەکان، تاوەکوو لە ڕێگەی هاوئاهەنگیی تەواوەوە خەڵکی کوردستان شاد و کامەران بکەین و داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتووی نیشتمانمان مسۆگەر بکەین.