هەوڵەکانی مه‌سرور بارزانی

3

كه‌نعان به‌هادین
پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 113ـی ده‌ستووری عێراق دانپێدانراوه‌، ئه‌و ده‌ستووره‌ی له‌ دوای كه‌وتنی رژێمی به‌عس، له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی عێراق به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێزی هاوشێوه‌ی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا، نووسرایه‌وه‌.
به‌ واتای ئه‌وه‌ی كه‌س ناتوانێت پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ق بكات.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی، له‌ رۆژی 9ـی نۆڤێمبه‌ردا، گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرایه‌تی سیاسی عێراق كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی یه‌كلاییكرده‌وه‌، گرنگترینیان دۆسییه‌ی یه‌كگرتوویی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختكردنه‌وه‌ و پاڵپشتی به‌غدا بۆ ئه‌و قه‌واره‌یه‌.
ئه‌مه‌ به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بوو.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ تۆم به‌ڕاك نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق گفتوگۆیانكرد، تێیدا به‌ڕاك جه‌ختی له‌ یەکڕیزی و یەکگرتووی حکوومەتێکی بەهێز و هەرێمی کوردستان كرده‌وه‌.
بۆیه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ی بانگه‌شه‌ی دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان و لكاندنی به‌شێكی به‌ عێراق وئه‌نجامدانی راپرسی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی به‌شێكی‌ خاكی كوردستان، له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هه‌ره‌سیپێهێنرا.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی كاركردنی كابینه‌كه‌ی، هه‌وڵی به‌هێزكردنی كوردستانی داوه‌ له‌رێگه‌ی په‌یداكردنی بازاڕی ناوخۆیی و هه‌نارده‌ی به‌رهه‌می جوتیارانی كورد بۆ ناووچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراندنی چه‌ندین ناوچه‌ی پیشه‌سازی و هاندانی هاووڵاتییانی كوردستان بۆ كاركردن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و ته‌نیا پشت نه‌به‌ستن به‌ كه‌رتی حكوومی.
وێڕای به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌ی گرنگی ژێرخانی ئاو و كاره‌با و زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و (عاملی خێر و سه‌قامگیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌) وایكردووه‌ تێگەیشتن بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبێت.