گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە 1,000 مێگاواتەوە بۆ 1,500 مێگاوات بەرزکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە، ئەم بڕە کارەبایە بە هاوبەشانی ماڵان دەدرێت و ماوەی پێدانی کارەبا لە 4 کاتژمێرەوە بۆ 6 کاتژمێر زیادکرا.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، بەهۆی هێرشی تیرۆریستیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، پرۆسەی گواستنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەکەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە.
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، لێژنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و دواتر بڕیار لەسەر کات و چۆنییەتیی دەستبەکاربوونی دەدرێت.
لە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای دانەگاز، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان تاوەکو هەڵسەنگاندنی زیانەکان راگیراوە.
بەهۆی ئەم رووداوەوە، ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێنج بۆ شەش کاتژمێری پێدانی کارەبای نیشتمانی.