کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ وەرچەرخانێک لە ململانێی شەقامەوە بۆ دامەزراوەی یاسا

3

ڕەمزی میرەكانی

پەرلەمان لە هەر قەوارەیەكی سیاسیدا، بە كۆڵەكەی سەرەكیی سیستەمی دیموكراسی و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەل دادەنرێت. لە مێژووی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، پەككەوتن و داخستنی دەرگاكانی پەرلەمان لە ڕابردوودا، زیانێكی گەورەی بە پرۆسەی سیاسی، متمانەی هاووڵاتییان و پێگەی هەرێمەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەیاندووە. بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمان تەنها هەنگاوێكی ئاسایی نییە، بەڵكوو وەرچەرخانێكە كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی دۆخی كوردستاندا هەیە.

دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان، دۆخی سیاسیی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە. یەكەمین و گرنگترین گۆڕانكاری، گواستنەوەی ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكانە لە شەقام و بارەگای حیزبەكانەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان. ئەمەش وا دەكات كە گفتوگۆكان فۆرمێكی یاسایی و دامەزراوەیی وەربگرن و لەبری بایكۆت و گرژی، زمانی گفتوگۆ ببێتە ئامرازی چارەسەركردنی كێشەكان. هەروەها، كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕەوایەتی بۆ پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، كە ئەمەش پایەیەكی گرنگە بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵی و تاكڕەوی لە بڕیارداندا. لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە، هاووڵاتییان چاوەڕوانییەكی زۆریان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە.

دوای كاراكردنەوەی، ئەركی سەرەكیی دامەزراوەكە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە داراییەكان، باشتركردنی بژێوی خەڵك و پرسی مووچەیە. پەرلەمان دەبێت ببێتە ئەو دەسەڵاتەی كە گوشار دەخاتە سەر حكوومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینە و تیواری لە داهات و خەرجییەكاندا. بوونی بۆشایی یاسایی لە سەردەمی پەككەوتنی پەرلەماندا، وای كردبوو، چەندان پڕۆژەیاسای گرنگ كە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە پەراوێز بخرێن، بۆیە دوای كاراكردنەوەی، دەبێت بە خێرایی كار لەسەر ئەو یاسایانە بكرێت. لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادا، پەرلەمانێكی یەكگرتوو و كارا دەتوانێت پێگەی دانوستانكاری كورد بەهێزتر بكات. كاتێك حكوومەتی هەرێم پاڵپشتییەكی پەرلەمانیی بەهێزی هەبێت، دەتوانێت بە متمانەیەكی زیاترەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد بكات لە عێراقدا، بەتایبەتی لە پرسەكانی وەكوو بودجە، نەوت و گاز،و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە جێناكۆكەكان).

لە كۆتاییدا، كاراكردنەوەی پەرلەمان دەستپێكی چارەسەرییەكەیە، نەك خودی چارەسەرەكە. دۆخی كوردستان دوای ئەم قۆناغە بەندە بە ویستی سیاسیی لایەنەكان بۆ بەگەنكردنی یەكتر و كاركردنی هاوبەش. پەرلەمانێكی كارا، ئازاد و چاودێر، مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشبردنییەتی بەرەو ئایندەیەكی گەشتر و سەقامگیرتر، مسۆگەر دەكات. ئەركی مێژوویی ئێستای نوێنەران ئەوەیە بیسەلمێنن، كەوا پەرلەمان ماڵی گەلە، نەك گۆڕەپانی ململانێی و بەرژەوەندییە تەسكەكانی حزب.