سهرهتا وتار بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی؛ نەخشەڕێگای یەکڕیزی و تێکشکاندنی بەستەڵەکی سیاسییە
کاروان محەمەد سینۆ
لە سایەی ئەو گۆڕانکاری و ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییە خێرایانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڤەرەکە بوونەتەوە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم پێچێکی مێژوویی و هەستیاردا دەگوزەرێت. لەگەڵ هەر قەیران و بارودۆخێکی ناهەمواردا، هەمیشە هاوکێشەی پاراستنی ئەزموونی کوردستان دەبەسترێتەوە بە ئاستی یەکگرتوویی و تەبایی ناوخۆیی.
دەقی بانگەوازە مێژوویییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەم ساتەوەختەدا (9ی تشرینی دووەمی 2026)، نیشاندەری خەمخۆری و هەستکردنی بەڕێزیانە بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، هەروەها نەخشەرێگایەکی ڕوونە بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە چەقبەستوویی سیاسی و ئاراستەکردنی کەشتیی هاوبەشمان بەرەو کەناری ئارامی. کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و سیاسی، هەمیشە پێشڕەو و قیبلەنمای هیوا و مافەکانی سەرجەم کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە. پاراستنی ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە، تەنها ئەرکی لایەنێک یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و گشتگیرە لەسەر شانی سەرجەم هێزە سیاسییەکان و جومگەکانی کۆمەڵگا.
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ڕکابەرییە نادروستەکان و ساردبوونی پەیوەندییەکان، بەستەڵەکێکی سیاسی، ئیداری و دەروونی لەنێوان لایەنەکان و پێکهاتەکاندا دروست کردووە؛ کەلێنێک کە تەنها نەیاران و دوژمنانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان سوودمەند بوون لە کێڵانی و پارچەپارچەکردنی تواناکانمان. داواکاری و جەختکردنەوەی سەرۆک بارزانی بۆ دانیشتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشداریپێکردنی کارای لایەنەکانی تر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی، تەنها چارەسەرە بۆ توانەوەی ئەو بەستەڵەکە و پڕکردنەوەی کەلێنەکان. ئەم بانگەوازەی سەرۆک مەسعود بارزانی نەخشەی ئاشتیی ناوخۆیی دەکێشێت و ڕێگە لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەگرێت کە بخوازن بەکاریبهێنن بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم. لەلایەکی دیکەوە، یەکڕیزیی سیاسی هەڵبەت نابێت تەنها لە دروشمدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی کرداری ڕەنگبداتەوە لە بەدەنگەوەچوونی داواکاری و خواستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری، فەراهەمکردنی هەلی کار، و باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان دەبێت لە سەرووی ئەولەویەتی حکوومەتی داهاتوو و هەموو لایەنەسیاسییەکانی بێت. خەڵکی کوردستان کە هەمیشە قوربانیدەری سەرەکیی پاراستنی کیانی هەرێم بوونە، شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئاسودەن. یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزە کوردستانییەکان بنەمایەکی پۆڵایینە بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی شایستە داراییەکان و مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلەکەمان لە بەرامبەر دەزگا شەرعییەکان و حکوومەتی فیدراڵیدا. کاتێک کوردستان یەکدەنگ و بەهێز بێت لە بەغدا، نەک هەر مافەکانی خۆی دەپارێزێت، بەڵکو دۆستان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشی بە گەرموگوڕییەوە بەردەوام دەبن لە پشتگیری و هەماهەنگییە ئاسایشی و ئابوورییەکانیان. کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو، کلیلی سەرەکییە بۆ دروستبوونی عێراقێکی فیدراڵیی خاوەن سەروەریی نیشتمانی ڕاستەقینە، کە سەرجەم پێکهاتە و میللەتانی عێراق تێیدا هەست بە ئارامی، دادپەروەری و ئاسودەیی بکەن.
لەکۆتاییدا، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زەنگێکی هۆشیارکردنەوە و دەرفەتێکی زێڕینە. ئێستا کاتی ئەوەیە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانەوە، دەست لەدەستی یەک بنێین و بە یەکڕیزی و تەبایی ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببینەوە، تاوەکو ئاییندەیەکی پڕ لە ئارامی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانی داهاتوومان مسۆگەر بکەین.