مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ لێکەوتەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوی چەند گەڕەکێکی پایتەخت، لەگەڵ شانەی قەیرانەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای هەولێر کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی لافاوەکەی هەولێر: لێکۆڵینەوە دەکەین و پێویستە ئامادەکاری بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بکرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە باڵەخانەی پارێزگاری هەولێر سەرەخۆشیی لە قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر کرد و ستایشی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگە فریاگوزارییەکانی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری سەرەکی چی بوون؛ ئەگەر کەمتەرخەمی لەلایەن کەسێکەوە هەبووبێت، ئەو کاتە ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر. ئەگەر هۆکارەکانیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەش بووبن، دەبێت دەستنیشانیان بکەین و بزانین چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە.
دەقی تەواوی قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. بەڕێزان زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. لە ڕاستیدا جێگەی داخە کە ئەو ڕۆژە ئەو ڕووداوە نەخوازراوە وای کرد، دوو کەس بەداخەوە گیانیان لەدەست دا. من دووبارە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان دەکەم، هیوادارم جێگەی کۆچکردووان بەهەشتی بەرین بێت، خوا سەبووریش بە بنەماڵەکانیان بدات و دوا ناخۆشییان بێت ئینشائەڵڵا.
دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو لایەنە بەشدارانە بکەم کە ئەو ڕۆژە بەڕاستی هیممەتیان کرد و بەشدار بوون لەوەی کە فریای خەڵک بکەون و یارمەتیی خەڵک بدەن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
سوپاسی دەزگە کارگێڕییەکان دەکەم لە پارێزگا و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار بوون، دەزگە ئەمنییەکان. خۆم بینیم کە پێشمەرگە بە جلی سەربازییەوە بە هانای خەڵکەوە دەچوو یارمەتیی دەدان. ئەمە نیشانەی ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە پێشمەرگە لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ خەڵکی شارەکان و بەتایبەتی شاری هەولێر هەیەتی.
سوپاسی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو خێرخوازانە دەکەم کە یارمەتیی خەڵکیان داوە و بەردەوامن لە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.
ئێمە هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری سەرەکی چی بوون؛ ئەگەر کەمتەرخەمی لەلایەن کەسێکەوە هەبووبێت، ئەو کاتە ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر. ئەگەر هۆکارەکانیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەش بووبن، دەبێت دەستنیشانیان بکەین و بزانین چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە.
بارینی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی زۆر کورتدا زۆر زۆر ئەستەمە بتوانیت پێشبینی بکەیت و ڕێگریشی لێ بکەیت. شارە گەورەکانی دنیا تووشی ئەم حاڵەتە بوون و بەداخەوە لە زۆر شوێن زیانی زۆر زۆر گەورەتریش بەر شارە گەورەکان کەوتووە لە وڵاتانی پێشکەوتووش، کەواتە ئەمە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەو کارەساتە سروشتییانەی کە بەسەر ناوچەیەکدا دێن لە کاتێکی دیاریکراودا و کەسیش ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات.
بەڵام چۆن خۆپارێزی بکەین؟ بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە خەڵک ڕێنماییەکان بە هەند وەربگرن و خۆیان نەچن ببن بە لایەنێک بەبێ گوێگرتن بە ڕێنماییەکان و بیانەوێت لە دەرەوەی ڕێنماییەکان بەبێ ئەوەی پسپۆڕییان هەبێت یان شارەزاییان هەبێت هەوڵ بدەن کارێک بکەن کە خوا نەخواستە زیان بە خۆشیان دەگەیەنێت و بە خەڵکی دەوروبەریشیان دەگەیەنێت.
لە لایەکی ترەوە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی ئەو ئیمکانیاتانەی کە بەداخەوە بە هۆکاری دیار لەم ساڵانەدا دیارە نەمانتوانیوە وەکوو پێویست بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی ئەم کار و خزمەتگوزارییانە بۆ شارەکانمان بکەین، ئەویش خۆشتان دەزانن هۆکار یەکجار زۆر بووە؛ هۆکاری دواخستنی بودجە، نەدانی بودجە، مووچە، بە هەموو شێوەیەک فشارێکی ئابووریی یەکجار زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە. حکومەتی ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە باشترین شێوە سوود لەو ئیمکانیاتانە وەربگرێت کە لەبەر دەستە، بەڵام لە ئاستی تمووحی ئێمە نەبووە، بەداخەوە بەشی هەموو کارەکانیشیان نەکردووە، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی چۆن ئێمە بتوانین ئەم کار و خزمەتگوزارییانە ئەنجام بدەین بەو ئیمکانیاتە کەمەی کە لەبەر دەستە.
سەرەڕای ئەوەش کاری زۆر باش کراوە. من دڵنیام ئەو کارانەی کە پێشتر کران و بەتایبەتی ئەو ڕێکارانەی گیرانە بەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەندێک شوێنی شار، کارەساتەکە دەکرا زۆر زۆر گەورەتر بێت و زیانی گەورەتریش بەر خەڵک بکەوێت ئەگەر ئەو ڕێکارانە نەگیرابانە بەر. لە زۆر شوێن پێشبینی ئەوە دەکرا ڕێڕەوی ئاو پاک کراوەتەوە، شوێنەکان ئامادە کراون، بەڵام ئەم جارە دیارە لە شوێنێکی تایبەت لە شاری هەولێر ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باران باریوە کە پێشتریش، ئەوەی من بیستوومە، بەو ڕێژەیە باران نەباریوە لەو شوێنە.
ئێستا دیسان دەبێت پێداچوونەوە بکرێت بەوەی کە لە هەموو بەشێکی شار، چ لە هەولێر یان تەنانەت شارەکانی تریش دیراسەتێکی جددی بکرێت، ئێمە چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و ئەگەر خوا نەخواستە جارێکی تر شتێکی هاوشێوە ڕووی دا چۆن ئامادەکاری بکەین؟ چی لەسەر ئێمە وەکوو حکومەت پێویستە، چی لەسەر هاووڵاتی پێویستە، لەسەر دەزگە فەرمییەکان پێویستە، هەر یەکە کاری خۆی لە ئاستی پێویست ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هەموو یارمەتیی یەکتر بدەین و زیانەکان کەم بکەینەوە و، تەمەنناش دەکەین ئینشائەڵڵا زیان بە هیچ کەسێکی تر نەکەوێت. ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین لەوەی بزانین هۆکارەکان چین و چ ڕێکارێکیش پێویستە بگیرێتە بەر، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێکارانەش دەگرینە بەر ئینشائەڵڵا.