بانگەوازەکەی سەرۆك بارزانی و تاقیکردنەوەیەكی مێژوویی

3

هاوژین شکور

لە ساتەوەختێکی هەستیار و لە ناو جەرگەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا، بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تایبەتی، هەنگاوێکە ڕێک لە کاتی خۆیدا و وەڵامدانەوەیەکی بەرپرسیارانەیە بۆ پێداویستییە مێژوویی و نەتەوەیییەکانی ئەم قۆناغە كە دەخوازێت هەمووان بەدەمییەوە بچن و وردتر تاوتوێی ئەم بارودۆخە بكەن، كە دواجار هەموومان تیایدا هاوبەشین. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی چارەنووسسازدایە، ناوچەکە بە ناو ڕەشەبای گۆڕانکارییە کۆن و نوێیەکاندا تێدەپەڕێت و دوژمنان و ناحەزانی دۆزی کوردیش چاویان بڕیوەتە کەلێن و کەلەبەرە ناوخۆییەکانمان، تا لە ڕێگەیەوە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی ئەم نەتەوەیە کەرت بکەن و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان پووچەڵ بکەنەوە.

لە بارودۆخێکی وەها هەستیار و پڕ لە مەترسیدا، پشتگوێخستنی دەستپێشخەریی ئاشتی و یەکڕیزی، تەنیا خزمەت بە ئەجێندای ئەو لایەنانە دەکات، کە خەون بە سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەبینن. دەستپێشخەری و ڕێککەوتن، بە هیچ جۆرێک نیشانەی سازش یان پاشەکشە نییە، بەڵکوو لوتکەی بەرپرسیارێتیی سیاسی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کردەیی بەرژەوەندیی خەڵک، پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و ڕزگارکردنی هاووڵاتییانی لە قەیرانە قووڵەکان دەوێت، ڕێگەی ڕاست و دروست ئەوەیە بەدەم ئەم بانگەوازەوە بچن و بێنە سەر مێزی گفتوگۆیەکی جدی، هاوبەش و بڕیاربەخش.

بیرمان نەچێت، مێژووی هاوچەرخی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە «دووئیداری» و دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی، هیچی لێ سەوز نەبووە، جگە لە لاوازکردنی پێگەی سیاسی و دیبلۆماسیی کورد، داتەپینی سەقامگیریی ئابووری، شڵەژاندنی بازاڕ و لەتبوون و پارچەپارچەی خاکەکەی. دووئیدارەیی واتا دابەشبوونی ماڵێک، کە هێشتا سەقفەکەی بەدەستی بەهێزی خۆمانەوە ڕاوەستاوە، تێکدانی ئەم سەقفە هەمووان پێکەوە دەخاتە ژێر داروپەردووی لێکترازانەوە و كەسیش دەربازی نابێت. لەم ساتەوەختەی قەیرانە قووڵەكاندا، کاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندیی حزبی، کەسی و بەرژەوەندییە تەسکە ناوچەیییەکان بەلایەکدا بنرێن و بەرژەوەندیی باڵای خاک و نیشتمان بکرێتە تاکە پارسەنگی بڕیارەکان.

جەماوەری کوردستان شەکەتی ململانێی بەردەوامی دەسەڵات و پشکپشکێنەن، خوازیاری ناخۆشی و شەڕ و لێكترازان و ناسەقامگیریی نین، ئەوان خوازیاری ئارامی، گەشەپێدان، خزمەتگوزاریی شایستە و پاشەڕۆژێکی ڕوونن بۆ منداڵەکانیان، ئەم ئەركەیش چەند لە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هێندەیش لە ئەستۆی حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكەیە. جگە لەوەش، لێکگەیشتنی نیشتمانی تەنیا پێویستییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پەیامێکی بەهێزە بۆ لەناوبردن و پووچەڵكردنەوەی پیلانی نەیارە لەیاسادەرچووەكانی عێراق و ئەو گرووپ و تاقمانەی لە وڵاتانی دەوروبەریش پاڵپشتی دەكرێن.

بۆیە سەقامگیریی ناوخۆ، سەنگ و قورسایی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا بەرز دەکاتەوە. بەدەنگەوەهاتنی کردەیی ئەم بانگەوازە، بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێیە لە سەقامگیری، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکانی قەوارەی هەرێم، تاوەکو بەربەست لە بەرانبەر هەموو ئەو مەترسییانە دابنرێت، کە گەرەکیانە زیان بە سەروەریی، ئاسایش و پێگە و مافی ڕەوای نەتەوەكەمان بگەیەنن. بۆیە لە هەموو حاڵەتێكدا دەستپێشخەریی و ئاشتەوایی نیشانەی خەمخۆری و جدییەتە بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان. بە تایبەتیش بانگەوازەكەی سەرۆك بارزانی، نەخشەڕێگایەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ پڕكردنەوەی درزەكان و بەهێزكردنی ستوونەكانی بەیەكەوەبوون و مانەوە لەژێر چەتری دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.